چوار شەممە, 22 شوبات 2012 01:36

ئارام عبدالڵە (شاعیرى باران )
لەو ڕۆژەى لە تۆ دوورم دەرگاى دڵم لەسەر تۆو
دەرگاى تەمەنم لەسەر مەرگ كردۆتە سەر پشت
نازانم ئێستا لەسەر بەرماڵى كام جەللاددا
نوێژى تەنیایی دەكەى
لە ناو مەیخانەى كام ئەهریمەنداى ؟
تاوانبارم مەكە
بەوەى كە خۆرم فێر كرد پاشماوەى ڕوناكییەكانى تۆ كۆ بكاتەوە
بەوەى كە مانگم فێر كرد شەوان لەسەر سەرینەكەت بنوێ
دەى بەهەشتى گەڕانەوەتم پێ ببەخشە
زیاتر لە بەشى خۆم سوتام لە دۆزەخى چاوەڕوانیت
بگەڕێوە ئەى شیرینتر لە ئەو سێوەى ئادەم بەهەشتى پێ فرۆشت
لە دوورى تۆ هەناسەم لە سێدارە دەدەن
خۆرم لێ دەشارنەوەو مانگم لێ دەفڕێنن
ژورەكەیان پڕكردم لە بۆنى مەرگ
ئەى خاوەنى وەرزى دڵڕەقى
بگەڕێوەو دیسانەوە فێرم بكە
چۆن لەسەر شەقامەكانى بەختەوەرى گۆرانى بۆ ژیان بڵێم
دیسان شانم بكە بە شارى پەپولە
فریشتەكان فێر بكە تاڵانم بكەن لە مردن
واتەمەنم هەڕاج بوو لەبەردەم ڕۆژگارەكانى دوریت
ئاگرى فیراق سوتاندمى
بگەڕێوە بەسەر دەمارەكانمدا گوناهەكانت هەڵواسە
بگەڕێوەو ئەستێرەكان ئاشت بكەوە
كەى ئەم زریانى فرمێسكەم تۆزى دوریت ڕادەماڵێ
وا تەنیایش لێم بێزار بوو
تەنها تۆى كە دەزانى بە كام تیرە شوشەى ئازارم دەشكێنى
من بە كلیلى دوعاكانم دەرگاى بەهەشت لەسەر تۆ دەكەمەوە
دە تۆش بە دۆزەخى خەندەیەكت بمسوتێنە
بە یادى كانى چاوانت هەزاران جار دەریا شەڕانگێزییەكانم ماچ كردوە
هەموو شەوێ لە كەناسەكانى عەشقت دەپاڕێمەوە
تا خەونە تاڵەكانى تۆ ببەخشن بە من
ڕەشەبایەك نەما دەستى ماچ نەكەم
تا یادەوەرییەكانى زوڵفی تۆم بۆ بگێڕێتەوە
لەئەم زەماوەندى عەشقا تەنها من شیوەن دەگێڕم
سینەم پڕیەتى لە پێكەنینى دڵ شكاو
شارى گریانم ئاوەدان كردۆتەوە
تابوتەكانى پایز پڕ بوون لە گەڵا ڕێزانى تەمەنى من
كە مانگى ڕوخسارت ون بوو ئەستێرەكانى بەختى منیش كوژانەوە
باڵندە نەغمە خۆشەكان ناتوانن بگەنە لوتكەى خەمى من
بگەڕێوە ئەى بارانى ڕۆحى تینوم
ئەى بارانى وەرزى بێ بارانى دڵم
لە ناو زیندانى نائومێدى دەرم بێنەو لە ناو زیندانى خەیاڵێكتا دیلم بكە
بۆ مژدەیەكى هاتنەوەت لەبەردەم
فاڵچیە ڕوو ڕوشەكاندا سەرى خۆم سپی كرد
بگەڕێوە لەبەر چاوى ئەلبومەكەى ڕابردومان ئابڕوم نەما
ئێستا لە دوورى تۆ خەونى موعتادەكان بە ئازارى دورى تەفسیر دەكەم
من ناتوانم ئەم هەموو مردنە لە دڵم دوور بخەمەوە
گەردونێ چاوەڕوانى چۆن لە ناو چاوەكانمدا جێگەى دەبێتەوە
شەوێ وەرەو پێم بڵێ سڵاو
سڵاو ئەى ئەو كەسەى دۆزەخ بۆ تاوانى بێدارییەكانت كەمە
سڵاو ئەى سەماكەرى ناو شانۆى چارە نوسە ڕەشەكان
ئەى ئەو كەسەى كە لە ناو پێكەنینەكانتا خوێن دیارە
ئەى خۆشەویسترین هاوڕێی پاسەوانەكانى نا ئومێدى
ئەى پەڵە هەورى ئەو ئاسمانەى گوناهى لێوە دەبارێ
ئەى تیرى دەستى ئەو ڕاوچیانەى كە ڕاوى ژیان دەكەن
ئەى ئەو كەسەى كە بارانیش لێت توڕەیە
ئەى بەرزترین درەختى دارستانە نەخۆشەكان
با منیش پێت بڵێم سڵاو
سڵاو ئەى هاوڕێى فریشتە
ئەى شەرمەزار كەرى خۆر
ئەى ئەو كەسەى سەر زارت پڕە لە شیعرى پێگەیوو
ئەوەى كە پەلكە زێڕینە سواڵی جوانیت لێ دەكا
ئەو كەسەى لە جنسی پەریو بەفریت
ئەوەى كە هیچ ئاوێنەیەك ناتوانێ جوانیت نیشاندا
شەوێ وەرە گوێ لە تكاكانم بگرە
با پیت بڵێم بگەڕێوەو ئەم چیرۆكە حەزینەى من
بە خەندەیەك تەواو بكە
ڕۆژم لە ناو مەچەكى شەودا بێنە دەر
بەر لە جوت بونى هەورو چاوم بگەڕێوە
بەر لەوەى شەرابى مەرگ مەستم بكا
بەر لەوەى بە گۆرانیە سەرابیەكان فریوم بدەن
بە دەنگە ئەفسوناوییەكەت پڕم بكە لە گەشبینى
بەر لەوەى لەبەر ناڵەى جەرگما بە بێ دەنگییەكەوە بمرم
بگەڕێًوە با چاوانم لێوان لێو بێ لە وێنەى تۆ
بگەڕێوەو بە نیگایەكت بم كوژە
بم كوژە
بم كوژە
بم كوژە