یەک شەممە, 19 شوبات 2012 21:24

بەهرۆز جەعفەر..
لەژیانمدا،تاقە شتێك لێی ئەترسم،تێكچونى بارودۆخى كوردستانە،لێكترازان و سڕینەوەى براكانە،ئەگەر ئەم دەردە دزەى كردبێتە ناوشەقامێكى تیماركەرو نوخبەشەوە ئازارەكەى ئەولاترە.ڕێگە نادەم هیچ سیفەتێك بەخۆم بدەم،جگە لە خوێنەوارێك كە بەدەستى زەمانەوە زۆر هەورازو بەردەڵانم دى.ڕەنگە ئەمە یەكەمین جاریش بێت لەنوسینێكدا ڕاناوى (م) بەو جۆرە بەكاربێت.خۆشم بكەم بە پاڵەوانى ناو باسێك.چونكە بێزارم لەتێك بەردان و خۆهەڵنان و،قینیشم لەخۆدەرخستن و خۆ بەفریادڕەس زانینە.
لەژمارە (92) ى ڕۆژنامەى "چەتر" و لاپەڕە (1) دا،لەبەرامبەر لێدوانێكى ئێمەدا كەهیچ پەیوەندى بە خودى "ناسك" و "فارووق" ى هاودەمیەوە نییە.بۆجارى سەدەمین بەتوندى هێرش ئەكاتە سەر ئێمە.دواجار بڕیارمدا وەڵامبدەمەوە،چونكەر سنورى ڕق و خۆبەگەورەزانینیان تێپەڕاند،"ناسك"دوو دێڕ قسەى كردووە،هەردووكیان دژى یەكترن و خۆى بەدرۆئەخاتەوە،یەكەم دێڕ ئەڵێت: ئەو لەئەنجومەنى كاتیدا، یەكێك بوو لەوانەى كەهانى خەڵكى ئەدا پەلامارى دامودەزگا حكومیەكان بدەن.دووەمیش: ئەڵێت: ئەو پیاوى دەسەڵات بوو...ئىَ باشە كەپیاوى دەسەڵاتبووم چۆن هانى خەڵكماندا كە دامودەزگا حكومیەكان بدەن و بسوتێنن.چۆن توندو تیژیمان برەوپێدا..!؟.یان ئەیەوێت هەموو ئەو پۆخڵەوات و هەڵسو كەوتە ناجۆرانەى كران،بەیەكجار لەكۆڵى خۆیانى بكاتەوە و بیخەنە ملى ئێمە.
لەگشت شۆڕشە پڕماناكاندا،ڕۆشنبیران و نوسەران شەقام ئاڕاستە ئەكەن،بەڵام لەكوردستان شۆڕشیان كرد بەمەهزەلەو ڕۆشنبیرەكانیش هان وەدەست شەقامەوە و ئاڕاستە ئەكرێن.لە ڕێسا كۆمەڵایەتى و فەلسەفیەكاندا واباوە،ڕۆشنبیرەكان تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندنەكان بێرنە قسە و ئاڕاستەیان بكەن،كەچى لاى ئێمە بەپێچەوانەوە.ڕۆژێك ئەم دوو بەڕێزە توێژەرى فەلسەفین،ڕۆژێكى تر قوتاركەرى مرۆڤایەتین،ڕۆژێكى تریش بەرنامەمان پێشكەش ئەكەن،ڕۆژێكیش سەلەفین و بەهاوبەشى بانگى جیهادئەدەن.بەشەویش (نێرگەلەو شەرابى سوور).بابزانین كێ پیاوى دەسەڵاتە.ئێمە یان ئێوە..كىَ قوربانیەو كێش فاوڵى قانونى ئەكات..!.كاتێك "فارووق ڕەفیق" سەدان ملێۆن دینارى لەم حكومەتەى وەرئەگرت و پیاوى دەسەڵات و دیوەخانەكانى ماڵى بارزانى بوو،كێ دەستى بەوىَ ئەگەیشت..؟ لەكاتێكدا مینحەى ڕێكخراوو حزبەكان بڕا ئەوەى ئێوە زیادئەكرا،وەختىَ لێتان بڕا ئەوەتان پێكرا كە بینیمان.ئەگەرئێوە گەندەڵ نین،ئەى بۆچى وەسڵى سەرفەكانتان بۆ ڕاى گشتى بلاونەكردەوە،ئەى بۆچى ڕەتتان نەكردەوە كە شووققەو ڤیەللاتان بۆ نەگیراوە،خانوتان نەكڕیوە،كام وڵات دوورە ئێوە سەفەرتان بۆ نەكردووە.ئاخر هەروا ئاسان نییە ئێوەیەك بێن و بەیەك فیكە قوربانیەك بكەن بەجەللاد و جاش و جاسوس و خۆفرۆش لەناوخەڵكدا.ئەمەى دەستتان داوەتىَ لەئەنجامى بونى بۆشاییەكە لەژیانتانا.
بۆدواجارە،پێتان ئەلێم لەسەرخۆبن،من "بەهرۆز جەعفەر"م.بەهێزو تەكاندەرم،وەكو سروشت.بابایەكى گەرمیانیم و تەنها (25) بەهار تەمەنمە،چاوم هەڵهێناوە،سیاسەت و بەرخودان پیشەمان بووە،لەگەڵ ژیانى كۆمەڵایەتى وعەشایەریدا دووجار زیاتر لەسەقافەو سەحافە تێكەڵترم،لەگەڵ ئەمەشدا چەندین پرۆژەى زانستى و مەیدانیم نەك بۆپەرلەمان و حكومەت هەبووە،بەڵكو لەئاستى دەرەوەشدا بەپرۆژەوە ڕوومان كردە نەتەوەیەكگرتووەكان.بەپێش چاوى ئێوەو هەموو دونیاوە تەحەداى گشت قیادەى یەكێتى ئەكەم كە تاقە دینارێك (مووچەم) هەبووبێت،لەوماوەیەى نزیك بووم،نەسەیارەو نەزەوى و نەخانوویەكم وەرگرتبێت.شانازیش بەهەموو هاوڕێكانم لە گشت حزب و لایەنەكانى كوردستانەوە ئەكەم نەك هەر یەكێتى،چونكە بەدەر نین لەكەسى شارەزاو خەمخۆرتر لەئێوە.گشت نوسینەكانیشمان گەواهى ئەو ڕاستیەن.نەك (17) ى شوبات،بەڵكو پرسیارى دوو ساڵى پێش ئەوەش لەبەڕێز (جەلالى سام ئاغا) بكەن.بچن لە هاوڕێیانى ئەنجومەنى كاتى سەراى ئازادى بپرسن،لە هەرسێ سەرنوسەرەكەى میدیاى ئەهلى بپرسن.تا قسەیەك دەرهەق بەئێمە بڵێن.واش تێ ئەگەم زەمەن لەماوەى ئەم ساڵە دا هەقیقەتى ووتەكانى ئێمەى هەموو دەرخست،چ ئەوانەى بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن ووتبووم،چ ئەوانەشى لەسەر ئیدارەى خۆپیشاندان ووتومە.بەو پێیەى زۆرێك لەوانەى لەگەڵم ناكۆك بوون و هێرشیان ئەكرد،روویان تێكردوینەتەوەو تیًَگەشتوون كە ئێمە زوو تێگەیشتین بۆیە وامانكرد.
لێرەوە خەتەرى ئەم دۆخەى ئێستا لەوەدایە،وەكو ئومێدى چاكسازى بەدەسەڵات نەماوە،ئۆپۆزسیۆنیش تەندروست نییە،ئەمەش حاڵى ڕۆشنبیرو فەیلەسوفەكانمانە.ئەگەر زوو خەڵكمان حاڵى نەكردباو شاشەى تیڤیەكانى دەسەڵاتمان بەناچارى هەڵنەبژاردبایە،بەدڵنیاییەوە سەدان كەسى تریان بەشەهیدكردن ئەدا..سەیرە.كێ دەستى بەخۆپیشاندان كرد...!.كێش بۆ خۆدەرخستن و خۆبادان و كەسابەت هاتە پێشەوە.كاتێك هەقیقەتەكانم باس كرد لەتیڤیەكانى دەسەڵاتەوە،،گورج "فارووق ڕەفیق" لە سەراى ئازادى ووتى" لەمەولا كەس سەیرى تەلەفزیۆنەكانى دەسەڵات نەكا" باش ئەیانزانى وەك كۆتەرە ڕاستییەكان ئەخەمە سەرئاو.لەگەڵ ئەوەى بەسروشت گەنجێكى ناڕازیم،بەڵام سەربەهیچ لایەنێكى ئۆپۆزسیۆن نیم،بڕیارمداوە خۆم "خۆمبم".گرنگ ئەوەیە مرۆڤ پرۆژەیەكى بۆژیان یەكێكیش بۆ دەوربەر پێبێت،ئازاو جەربەزە بێت.بەپێی واقیعەكان و تیۆرە زانستییەكان بتوێژێتەوەو كراسەكانى بدورێت،نەبا بۆ بەرى ئەم و ئەو.ئێمە لەڕێگەى هەمیشە ڕەخنەگرتن و تەسلیم نەبوون بە دەوروبەرەوە ئەگەینە ئەنجامێكى گونجاو،نەك بەهۆى جیاوازى ڕەفتارو گوفتارى ڕۆژمان لەگەڵ شەوماندا.
ئەوان بەمەوە،نەوەستان،هەموو كوردیان واحاڵى كرد: كە ئێمە بەكرێگیراوو پیاوى دەسەڵاتین،،ئەگەر لەسەر ئەم تاقە قسەیە زوو داواى لێبوردن نەكەن دڵنیابن مەحكەمە چاوەرَِێتانە.دواتریش نەیكەن بەهاژوهوژى ڕاگەیاندن..ئێوە بەردەوام وا قسەئەكەن كە هەولێرتان لەچنگى هۆلاكۆ دەرهێناوەو،لاى كەمى سەدا نەوەدو نۆى جەماوەر لەگەڵتانە،بەڵام ئەوەى نیتانە خەمى خاك و تاكە..لەدواى دامركاندنەوە بەزەبرى هێز،كێبوو یەكڕاست لەمیدیاى ئەهلى و سایتەكانەوە بانگى دەستپێكردنەوەى خۆپیشاندانى دا،.كىَ لەگەڵ نزیكبونەوەى یادى "17"ى شوباتدا یەكەم بەیاننامەى بۆ سەرهەڵدانەوەى ناڕەزایەتیەكان دەركرد بەهاوبەشى لەگەڵ سایتى "ڕەهێل پۆست".سەیرە ئێمە قوربانین و بەزۆر بەجەللادمان ئەناسێنن.كێ تەقەى لێكراو بەندكراو كۆمپیوتەرى فڕێنراو كێش گارەگار دەكات..؟؟.بۆیە دووپاتى ئەكەمەوە ئەگەر داواى لێبوردن نەكەن و بڵاویشى نەكەنەوە،لەسەر ئەم ووتە بێ بەڵگانەتان ئەتاندەم بەدادگاو،لەئاستى شەقام و میدیاشدا گشت هەقیقەتەكانى ترئێژم.