ئۆپۆزسیۆن بۆ چارەسەر كردنى سەرجەم كێشەكان لە ئاستى كوردستان و عێراقدا خاوەنى پرۆژەى چاكسازى و بنەڕەتیە.

پێنوسه‌کان..

فراكسیۆنەكانى ئۆپۆزسیۆن یاداشتێكى هەشت خاڵى ئاڕاستەى سەرۆكایەتى پەرلەمان دەكەن

بۆبەرێز/ سەرۆكایەتى پەرلەمانى كوردستان

یاداشتێك لەلایەن هەرسآ فراكسیۆنى ئۆپۆزسیۆنەوە

سڵاورێز...

هەل و مەرجى ناوچەكەو عێراق و هەرێمەكەمان لەبەردەم گۆڕانكارى نوێدایە، لە كاتێكدا سیستەمى سیاسیى لە هەرێمدا تووشى قەیران و ئاستەنگى قوڵ بووە و پەرلەمان وەكو دەزگایەكى سەرەكى سیاسیى دابڕاو نیە لەم قەیران و گرفتانەى هەرێمەكەمان كە دووچارى بووە.

ئۆپۆزسیۆن بۆ چارەسەر كردنى سەرجەم كێشەكان لە ئاستى كوردستان و عێراقدا خاوەنى پرۆژەى چاكسازى و بنەڕەتیە.

فراكسیۆنەكانیشمان لە پەرلەمان لە دوو ساڵى رابردوودا لە هەوڵى بە دامەزراوەكردن و كاراكردنى ئەم دەزگایە بوون، بەڵام بەهۆى باڵا دەستى هەژموونى حزبى و سیاسیى نەبۆتە مەرجەعى یەكلاكردنەوە و چارەسەركردنى پرسە گرنگەكان. بۆ چارەسەر كردنى كێشەكان و كاراكردنى پەرلەمان و بە دامەزراوەكردنى هەرێمەكە، ئێمە لە فراكسیۆنەكانى ئۆپۆزسیۆن رامان وایە پەرلەمان دەتوانىَ رۆلى كاراى خۆى ببینىَ بە بەشدارى كردنى هەموو پێكهاتەكان لە ناوەندى بریارى سیاسیى و یاساییدا.  بە تایبەتى پەرلەمان كە باڵاترین دامەزراوەى یاسا ڕێژى و چاودێریە لە هەرێم و نوێنەرى هەلبژێردراوى خەڵكى كوردستانە. دەبوایە لە ئاڵوگۆرو دانانى كارنامەى سەرۆكایەتى پەرلەمان پرس و ڕای بە سەرجەم پێكهاتەكانى ناو پەرلەمان بكردایە كە نەیكردوە.

بۆیە لەم ئالوگۆڕەدا ناكرآ فەرامۆشى  پرۆژە و كارنامەى ئۆپۆزسیۆن بكرێت.بۆیە داواكارین ئەم خاڵانە بخرێنە كارنامەى وەرزى نوێى پەرلەمان:

1-     پاراستنى هەیبەت و پێگەى پەرلەمان و پەرلەمانتاران، بەكاراكردنى ڕۆڵى چاودێرى پەرلەمان بەسەر وەزارەت و دەزگا حكومیەكانەوە و كار ئاسانى بۆ بەدواداچون و پرسینەوە.

2-     كۆتایى هێنان بە دەستێوەردانى حزبى لە كاروبارى پەرلەمان و ئەولەویەتى كارى لیژنەكان و ئامادەكردنى پرۆژە یاساكان.

3-     پەیڕەویى ناوخۆ یەكێكە لە بەربەستە سەرەكیەكانى كاراكردنى پەرلەمان، بۆیە پێویستە پەیڕەوە نوێیەكە بەسازانو بەشدارى هەموو لایەك بە زووترین كات هەمواربكرێتەوە.

4-     بەپآى گرنگى پرۆژە یاساكان، هەموو ئەو پرۆژە یاساییانەى كە پەیوەستن بە ژیانى گشتى و سیاسى هەرێمى كوردستانەوە. دوا نەخرێت و بەپآى بەرنامە بخرێتە كارنامەى دانیشتنەكانى داهاتوەوە لەگەڵ ئەو پرۆژانەى تر لەلایەن لیژنەكانەوە راپۆرتیان تەواو بوە،ئەو پرۆژانەشى تا ئێستا راپۆرتى لیژنەكانى تەواو نەبووە، تەواوبكرێن و بخرێنە بەرنامەى كارەوە.

5-     پابەندبوونى پەرلەمان و بە پابەندكردنى حكومەت بەجآبەجآ كردنى بریارى ژمارە (2) ساڵى 2011 و بریارە (17) خاڵەیەكەى پەرلەمان كە تایبەتن بە خواستى خۆپیشاندەرانى (17) شوبات و بریارەكانى تایبەت بە رووداوەكانى ناوچەى بادینان. لە 7/12/2011

6-     بەشدارى لە دانانى كارنامەو سازان لە هەموو ئەو یاسایانەى رەهەندى نیشتیمانیان هەیە وەك.

أ‌-       رەشنووسى دەستوورى هەرێم (كە پەرلەمان بریارى هەیە بۆ گێرانەوەى)

ب‌-     یاساى ئەنجومەنى ئاسایش.

ج- یاساى دەزگاى ئاسایش.

د‌-       یاساى رێكخستنى خۆپیشاندان.

ه‌-       هەمواركردنى یاساى ئەنجومەنى پارێزگاكان.

7-     ئەو پرۆژە یاسایانەى رەهەندى نیشتیمانیان هەیە كە تائێستا بریاریان لەسەر نەدراوە لە نزیكترین كاتدا بخرێنە بەرنامەى كارەوە وەك:

أ‌-       بەیاسایى كردنى پاكێجەكانى ئۆپۆزسیۆن.

ب‌-     كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەلبژاردن

ج‌-      یاساى بودجەى حزبەكان.

8-     داوا دەكەین ئەم یاداشتە بخرێتە بەرنامەى كار بۆ گفتوگۆ و پەسەندكردنى وەك بریارێك لە پەرلەمانى كوردستاندا.

فراكسیۆنى گۆڕان                        فراكسیۆنى یەكگرتوو                            فراكسیۆنى كۆمەڵ

14/2/2012