دووشەممە, 13 شوبات 2012 23:41

پێنوسهکان
لهڕاگهیهنراوێکدا، دهزگای وارڤین، بۆ پرسهکانی ژن، که کۆپییهکیان بۆ پێنوسهکان ناردووه، ڕایدهگهیهنن، ئێمە وەك دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، بەشداریمان لەو دانیشتنە كراوەیە كرد كە رۆژی یەكشەممە 12/ شوبات- فێبریوەر/2012 لە میوانخانەی چوارچرا لەلایەن رێكخراوی تواناسازی ژنان بۆ لێكنزیككردنەوەی رێكخراوەكانی ژنان و مامۆستایانی ئایینی سازیكردبوو. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجمانە ئەو سووكایەتی و ناوزڕاندن و ئیهانانە بوو كە یەكێك لە مەلاكانی شاری هەولێر بەناوی (مەلا مەزهەر) بە بەرپرسی دەزگای وارڤین (لەنجە عەبدوڵا)ـی كرد و بەوپەری سووكایەتی و بەدەنگێكی پیاوسالارانەوە تۆمەتی ئاراستەی تەواوی رێكخراوەكانی ژنان كردووەو هەموو ژنانی ئازادیخوازی كوردی بە سەرچاوەی بەدڕەوشتكردنی كۆمەڵی كوردەواری لەقەڵەمداوە.
ئهمهی خووارهوه دهقی ڕاگهیهنراوهکهیه:
بۆ رایگشتی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان
ژنانی ئازادیخواز و پیاوانی یەكسانیخوازی كۆمەڵگەی كوردستان
لە سایەی ئەو ئازادیەی كە ژنانی كورد بەدرێژای 60 ساڵی رابردووی خەباتی رزگاریخوازی كورد بۆ هێنانەدی رەنجی بێوچانیان داوە و لەهەموو وێستگەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و خەباتی چەكداری كورددا رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە.
وەك دەزانن ئێستا ژنان خۆیان بە خاوەنی راستەقینەی ئەم ئەزمونە دەزانن كە لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە و بۆ هیچ كەس و لایەن و توێژێكی باڵادەستی كۆمەڵگەی باوكسالارانە نییە هەوڵی سنوورداركردن و پەراوێزخستنی ئازادی ژنان و رۆڵیان لە كۆمەڵگەدا بدات. ئەوە شتێكی حاشاهەڵنەگرە كە رێكخراوەكانی ژنانیش لەدوای راپەڕینەوە خەباتێكی دیكەی مەدەنیانەو سەردەمیانەیان دەستپێكردووە بۆ كۆتایهێنان بەو ستەمەی لەسەر ژنانی كورد لەئارادایەو زادەی عەقلیەتی كۆنخوازانەو دواكەوتووانەو پیاوسالارانەی كۆمەڵگەی خۆرهەڵاتییە.
ئەوەی جێگەی نیگەرانی و مایەی رووبەڕووبوونەوەیە ئەوەیە بەشێك لە مامۆستایانی ئایینی و ئەوانەی لەناو كۆمەڵگەدا پێیاندەگوترێت (مەلا) وەك نەریتێكی پیاوسالاری جارێك لەرێگەی دەقەكانی ئایینەوەو جارێكیش لەرێگەی بەكارهێنانی خراپی كەلتووری باوی كۆمەڵایەتییەوە كار بۆ لێدان و پاكتاوكردنی رێكخراوەكانی ژنان دەكەن و لەو رێگەیەشدا سڵیان لەوە نەكردووەتەوە كە مینبەرەكانی مزگەوت و ئازادی چاپەمەنی بۆ سووكایەتی و تانەو تەشەری بێمانا و تۆمەتی بێبنەما بخەنە پاڵ كەسایەتییەكانی ژن و رێكخراوەكانی ژنانی ئازادیخواز.
ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و دادپەروەر و یەكسانیخوازی ئەم وڵاتە وەك هەمووتان ئەزانن ئێمەی ژنان پێش هەموو توێژێك بانگەوازی ئاشتی و تەبایی و دۆستایەتیمان بۆ تەواوی توێژەكانی كۆمەڵگە لەنێویشیاندا مەلایانی ئایینی درێژكردەوە، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ رێزمان بۆ ئەو مامۆستایانەی بەتێگەیشتنێكی كراوەوە گوێیان لەبانگەوازی ژنانی ئازادیخواز گرتووە، هەندێك لە مەلایانی ئایینی دەیانەوێت جارێكی دیكە بەسوود وەرگرتن لە كەشوهەوای سیاسی هەرێمی كوردستان و لاوازبوونی رۆڵی حكوومەت و دادگاكان هەژموونی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتووری كۆنەخوازانەی خۆیان بەسەر تەواوی لایەنەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی و ئایینی هەرێمی كوردستاندا بسەپێنێت.
ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی كورد
ئێمە وەك دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن لە سۆنگەی هەستكردنمان بەئاسایشی كۆمەڵایەتی و بەرەوپێشبردنی رەوڕەوەی ژیانی مەدەنی لە هەرێمی كوردستاندا بە بەرپرسیارێتییەوە بەشداریمان لەو دانیشتنە كراوەیە كرد كە رۆژی یەكشەممە 12/ شوبات- فێبریوەر/2012 لە میوانخانەی چوارچرا لەلایەن رێكخراوی تواناسازی ژنان بۆ لێكنزیككردنەوەی رێكخراوەكانی ژنان و مامۆستایانی ئایینی سازیكردبوو. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجمانە ئەو سووكایەتی و ناوزڕاندن و ئیهانانە بوو كە یەكێك لە مەلاكانی شاری هەولێر بەناوی (مەلا مەزهەر) بە بەرپرسی دەزگای وارڤین (لەنجە عەبدوڵا)ـی كرد و بەوپەری سووكایەتی و بەدەنگێكی پیاوسالارانەوە تۆمەتی ئاراستەی تەواوی رێكخراوەكانی ژنان كردووەو هەموو ژنانی ئازادیخوازی كوردی بە سەرچاوەی بەدڕەوشتكردنی كۆمەڵی كوردەواری لەقەڵەمداوە.
ئێمە وەك دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن وێڕای ئیدانەكردنی هەر جۆرە هەڵسووكەوتێكی نائاكارییانە و دوور لە بەهای مرۆڤبوون و هەر جۆرە توندوتیژییەكی مەعنەوی و جەستەیی و سێكسی، رایدەگەیەنین كە ئیدی كاتی ئەوە هاتووە كۆمەڵگەی ئازادیخوازی كوردەواری بەدەنگی بەرز وەڵامی ئەو سووكایەتییانە بداتەوە كە هەندێك كەسی بەناو مەلا بە ژنانی كوردی دەكەن و داواكارین:
یەكەم: دەسەڵاتی سیاسی كوردی سنوورێك بۆ زیادەرۆیكردنی مامۆستا و مەلایانی ئایینی دابنێت و چیدیكە رێگەی خۆهەڵقورتاندنی مەلا لە كاروباری كۆمەڵایەتی، سیاسی، دادگایی، فەرهەنگی، رێكخراوەیی نەدات.
دووهەم: بە یاسا پەرلەمانی كوردستان سنووری كاری مەلای ئایینی دەستنیشان بكات و چوارچێوەی كاری مەلا پەیوەست بكرێتەوە بە پیشەكەی خۆیەوە كە مزگەوت و مینبەرەو مەلای ئایینی لەبری چاندنی دژایەتی و رق و كینەو جیاكاری رەگەزی هەوڵی ئەوە بدات پەرە بە گیانی تەبایی و پێكەوەژیان و گێڕانەوەی رێز بۆ تاكەكانی كۆمەڵگە.
سێهەم: پێویستە سەرۆكی هەرێم و سەركردایەتی سیاسی كورد و تەواوی دامەزراوە سیاسی و یاساییەكانی هەرێم چیدیكە لەسەر پەتی بەرژەوەندیخوازانە بە زیانی ژنان كایەی سیاسی نەكەن و هەڵوێستی پشتیوانی راستەوخۆی خۆیان بۆ ئازادی دەنگ و رەنگ و بوونی ژن لە كۆمەڵگەدا دەربڕن.
چوارەم: پێویستە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی رێگری لەو مەلایانە بكات، كە لەسەر مینبەری مزگەوتەكانەوە هەڕەشە لە رۆشنبیران و ژنانی ئازادیخوازی كورد دەكەن و هەموو رۆژانێكی هەینی گوێی خەڵكی كوردستان بە بانگی دژایەتی و رك و قینە دەئاخنن و دەیانەوێت كۆمەڵگە بكەن بە گژی رێكخراوەكانی ژناندا.
پێنجەم: ئێمە لە دەزگای وارڤین رێككاری یاسایی بەرامبەر بە هەر جۆرە سووكایەتییەك كە بە ژن دەكرێت لەبەر ژنێتی دەگرینەبەر و دۆسیەی سووكایەتی (مەلا مەزهەر) دەبەینە دادگا و ئەو تابۆیە دەشكێنین كە مەلای ئایینی دەقی پێوەگرتووە و پێیوایە ئەو لەسەرووی یاسا و دادگاوەیە.
چاوەڕوانی پشتیوانی و هەڵمەتی دڵسۆزانەی تەواوی ژنان ئازادیخواز و پیاوانی یەكسانخوازی كۆمەڵگەی كوردستانین لەناوەوە و دەرەوەی وڵات بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی لەم داواكاریە رەوایانەی ژنان و بڕوامان وایە تاوەكو دووبارە ئەرك و رۆڵی مەلای ئاینی دەستنیشان نەكرێتەوە ئەستەمە ژنان بتوانن بە ئامانجە رەواكانیان كە بریتین لە گێڕانەوەی بەهای مرۆڤبوون بۆ ژنانی كورد و یەكسانی رەگەزی و ئازادی و كۆتاییهاتن بە ستەمی عەقڵیەتی پیاو سالاری بهێنرێنە دی.