چوار شەممە, 06 تەمموز 2011 09:19

ئاماده‌کردنی: سارا موکری
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه، سێ گروپی جیاواز، له‌کوردستان، به‌رده‌وامن له بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاینی زه‌رده‌شتی و تاکو ئێستا سه‌دان گه‌نجی کوڕ و کچیان کردووه به زه‌رده‌شتی.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ناو یه‌کێ له گروپه‌کانه‌وه و له‌ژێر ناوی ( ئه‌نجومه‌نی باڵای زه‌رده‌شتیانی ماد) له هه‌ولێر، به پێنوسه‌کانی ڕاگه‌یاند" ئێمه ماوی زیاتر له 4 ساڵه کار ده‌که‌ین و به‌رده‌وام بانگهێشتی و گه‌نجان ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ببنه زه‌رده‌شتی. هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ساڵانه سه‌دان که‌س ده‌بنه زه‌رده‌شتی و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئاینی باوك و باپیرانیان".
هه‌مان سه‌رچاوه ڕایگه‌یاند" ئه‌و ژماره‌ی زۆره‌ی خه‌ڵك، که ئێستا زه‌رده‌شتین، ته‌نها به‌بانگهێشتن نه‌هاتوون، به‌ڵکو زۆرێکیان خۆیان گه‌یشتوونه‌ته باوه‌ڕی ته‌واو و په‌یوه‌ندییان کردووه". هه‌روه‌ها وتی" گرنگ ئه‌وه‌یه که کاره‌کان چۆن ده‌که‌ین و به‌بێ به‌ریه‌ککه‌وتن و که‌لتووری په‌لاماردان و سوکایه‌تیکردن، فراوان بین".
هه‌ر ئه‌وه سه‌رچاوه‌یه وتیشی" گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه، زه‌رده‌شتیه‌کان، هه‌وڵی به‌یه‌که‌وه ژیان بده‌ین و ئاینه‌که‌شمان فراوان بکه‌ین، چونکه زه‌رده‌شتی، ئاینی نه‌ته‌وه‌یه. بۆیه لێره‌وه پێویسته که بنه‌ما و پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان به ئاینه‌که‌مان فراوان بکه‌ین و خزمه‌ت به دۆزی کورد و کوردبوون بکه‌ین".
سه‌رچاوه‌یه‌کی تریش له‌دهۆك، له‌ناو گروپێکی تره‌وه له‌ژێر ناوی (زه‌رده‌شتیانی کورد)، به پێنوسه‌کانی ڕاگه‌یاند" ئێمه، وه‌کو زه‌رده‌شتیانی کورد، ژماره‌مان له‌ناوچه‌کانی دهۆك و موسڵ و ده‌وروبه‌ری، ڕۆژانه زیاد ده‌کات و له‌که‌رکوکیش کۆمه‌ڵێك زه‌رده‌شتی سه‌ر به‌ئێمه هه‌یه و کار ده‌که‌ن".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی گروپی زه‌رده‌شتیانی کورد، وتی" زه‌رده‌شتایه‌تی، ته‌نها ئاین نییه، به‌ڵکو فه‌لسه‌فه‌یه و خه‌ڵك به‌هه‌ردوو باره‌که‌یدا، چ ئاین و چ فه‌لسه‌فه ده‌توانیط وه‌ری بگرێت، به‌گوێره‌ی تێگه‌یشتنی خۆی".
له‌لایه‌کی تره‌وه و له‌ناو گروپێکی تردا، که‌سێکی تر، به‌ناوی (کوردانی زه‌رده‌شتی)،له‌سلێمانی، به‌پێنوسه‌کانی ڕاگه‌یاند" زه‌رده‌شتی بوون، تۆوی هاوکاری و خۆشه‌ویستی خاك و نیشتیمان له‌ناخی کورده‌کاندا ده‌ڕسکێنێت. بێجگه له‌وه‌ش، هه‌رچی که‌سێك نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی خۆش ویست و بۆ کورد هه‌وڵیدا، ئه‌وا به‌بێ سێ و دوو، زه‌رده‌شتێتی ده‌دۆزێته‌وه، بۆیه بۆ ئێمه ئاسانه که سه‌ڵانه ده‌یان که‌س ده‌بنه زه‌رده‌شتی و جارێکی تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئاینه ڕاسته‌قینه‌که‌یان".
هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌یه وتیشی" ئێمه له‌ئه‌وروپاوه نه‌خشه‌مان بۆ داڕشت و ئێستاش له ده‌ربه‌ندیخان و سلێمانییه‌وه کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ین و سه‌دان که‌سی زه‌رده‌شتی به‌یه‌که‌وه کار ده‌که‌ین، به‌ڵام به‌هێمنی و له‌سه‌رخۆ".
سه‌رچاوه‌یه‌کی لێکۆڵه‌ر، له‌ناو زانکۆی سلێمانییه‌وه، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاینی زه‌رده‌شتی له‌ناو کورده‌کاندا و به‌تایبه‌تی له‌هه‌رێمی کوردستان، بۆ بوونی هه‌ژمووونی نه‌ته‌وه‌یی و زوڵم و زۆری ڕابه‌ره ئایانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی عه‌ره‌ب گه‌ڕانده‌وه که تێیدا، به‌لێشاو، خه‌ڵکی کوردیان کوشت و له‌ناو برد و نیشتیمانه‌که‌شیان داگیر و پارچه‌پارچه کرد".