باوەڕمه‌ندی(Religious ) بە ئایینی زه‌رده‌شتی لەسەر ئەم 10 خاڵەی خوارەوەیە :

لێکۆڵینه‌وه‌ و نوسین: ئارێز ئه‌نده‌ریاری ..

توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئایین و باوه‌ڕییه‌کانی ( زه‌رده‌شتییه‌ت) به‌شی دوهه‌م

1. باوەڕ بە بوون و یەکتایی ئاهوورا مەزدا

2. ڕاسپێردراوی و پێغەمبەری ئەشوو زەردەشت


3. پەیڕەوی کردن لە ئەشا، ( ئەشا مانایەکی بەرینی هەیە کە هەندێک جار وەک ناوەرۆکی گشتی دینی زەردەشتیەتە. ئەشا بە مانای ڕاستی و درووستی؛ بەواتایەکیتر یاسایەکی نەمر و هەتاهەتاییە کە ئاهوورامەزدا دایناوە کە بە پێی ئەوە هەچ کردەوەیەک، دژکردەوەی بەدوواوە دێت، یان هەر کردەوەیەکی چاک یان خراپ پاداشت یان کەفارەی بەدوواوە دێت. بەو شێوە ڕێک وپێکیەی لە سرووشتدا هەیە ده‌ڵێن" ئەشا") واتە ڕاستی و پاکی تەنیا ڕێگای ڕزگار بوونی مرۆڤەکانە

4.
ڕێڕەوی کردن لە هزر و ژیری و نێرین لە ژیاندا

5.
خۆپاراستن و زاڵ بوون بەسەر دەروون و تێکۆشان لە دژی خراپە

6.
لەسەر خۆیی و مێهەربانی و ئەوینی پاک بۆ سەرجەم ئافرێنراوەکان

7.
گەیشتن به‌ لووتکەی مادی و مەعنەوەی لە ئەنجامی هەوڵ و تێکۆشان لەم جیهانەدا

8.
نەمری ڕەوان و مانەوەی هەست لە دووای مەرگ

9.
پاداشی کارە چاکەکان و کەفاراتی کردارە خراپەکان، بەهەشت و دۆزەخ

10.
ژیانەوە

ئەمانە بنەما و کۆڵکەی ئایینی زه‌رده‌شتیه‌ته‌ و هەر تاکێکی مەزدەیەسنی پێویستە بۆ تێگەیشتنی قووڵ؛ لە دینەوە بگاتە پێناسەی تەواو لە ئاهوورا مەزدا.

پەیڕەوی کردن لە 3 ئامۆژگاری نەمر" هزری ڕووناک، وتەی باش، کرداری چاک" کە لەلایەن پێغەمبەری کورد بنیادنراوە، سەرچاوەی ژیانی هەموو بەهدینەکانە.


چۆنیەتی بوونە زەردەشتی !

هەمووان ئازادن کە خۆیان زەردەشتی، بەهدین ومەزدەیەسنی بزانن و ناو لێبنن.

زەردەشتی بوون، پێش هەموو شتێک، وشیاریە لە باوەڕێکی قووڵ و دەروونی بۆ باشترین ڕاستی و درووستی؛ زەردەشتیەک لەو باوەڕەدایە کە ڕاستی باشترین چاکه‌ و خوڵقێنەرە بەڵام درۆ، وێرانگەری گیان و جیهانە. بەختەوەری ئەو لەگەڵ بەختەوەری تاکەکانیتر تەواو دەبێت. بۆ ئەو جیهان یەکە، واتە هەر چییەک هەیە تێکەڵاوی یەکترە و چارەنووسی یەکێک لە چارەنوسی ئەوانیتردا کاریگەری دەبێت.

ئاو ، با ، ئاگر و خاک و هەر چییەک لەوانە درووست بووە، بە ئاهوورایی دەزانێت و لە چەپەڵی و لەناوچوونی ئەوانە و چەپەل بوونی خوی، دووری دەکات. ڕوەک و بوونەوەران بە چەرخەی بوون دەزانێت و ئازاریان نادات چونکوو ئاسەوارەکەی ئازاردانی خۆی و جیهانە.

زەردەشتی ستایشی ژیری دەکات، ژیریەک کە لە قووڵایی بوونیەوە دەستپێدەکات و پێی باشە. لەو ڕووەوە پێشی دەڵێن" مەزدەیەسنی" واتە ستایشکەری زانست و ژیری. ژیرییەک کە لە کۆمەڵگەی ئەودا بە شێەیەکی کۆ، بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەندیشە باشەکانیتر، ژیانی ئەو بەرەو باشە دەبات و رێکخی دەخات، ڕێکخستنێک کە بەختەوەری خۆی و هەمووانی بەدوواوە دێت.

ئەگەر ئێوەش وا بیر دەکەنەوە باوەڕ، وتە و کردەوەکانتان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە، ئێوەش زەردەشتی و مەزدەیەسنییەک یان ستایشگەریکی زانست و زانیاری و ژیرین.

ئەمە پێناسەیەکی ڕاستین و هەڵبژاردنێکە لەسەر بنەمایەکی ڕاست، لە ئەنجامدا کردارێکی تاکییە.

زۆرینه‌ی کوردان، که‌ وا دایکان و باوکانیان له‌ کات و شوێنێکدا و به‌ هۆی ڕووداوی جیاوازه‌وه‌ ( جار نا به‌ هۆی زۆره‌وه‌ ) له‌‌ ئایینی زگماکی خۆیان دوورکه‌وتنه‌ته‌وه‌ و شوێن ئایینێکی تر که‌وتوون، له‌م چاخه‌دا چاوانیان به‌ ڕووی ڕاستیه‌کان‌، ڕووناکی نه‌ریت و ئایینی مێژووی خۆیان کراوه‌ته‌وه‌ و ده‌خوازن بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ ڕاستی خۆیان.

زۆربه‌ی کوردان له‌وانه‌یه زۆر ڕێگایان له‌به‌رده‌مدا بێ‌ هه‌تاکوو گیان و ده‌روون خۆیان له‌ پیسایی هزاران ساڵ پاک که‌نه‌وه‌ به‌ڵام هه‌روه‌ها که‌ گوترا ئه‌مه‌ ڕه‌وت و پێواژۆیه‌که‌ و جوان وایه‌ رێگا ببینرێته‌وه‌ و ڕوناکی خۆی بنوێنێت. ڕێبوار بۆ خۆی ڕێگا ببینێته‌وه‌ و به‌ره‌و ئامانج وئامانجگه‌ ببێته‌وه‌.

هه‌موو خۆشه‌ویستانی هاوزێد و هاو باوه‌ڕیش ئازادن که‌ خۆیان زه‌رده‌شتی- به‌هدین- مه‌زده‌یه‌سنی بزانن ئه‌و ناوانه‌ له‌ خۆیان بنێنن و بۆ که‌سیش نییه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ئازادی جه‌وهه‌ری مرۆڤ لێیان بپرسێته‌وه‌.

له‌لایه‌کی که‌شه‌وه‌ به‌ ئازادیه‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی ‌ ئه‌م ئازادیه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕاستی و چاکه‌دا بمێنێته‌وه‌، شیاوه‌ که‌ هه‌ر که‌سێک وه‌ڵامده‌ری هزر و گوته‌ی هه‌ڵبژێردراوی خۆی بێت.

ئازادی به‌ واتای بێ به‌ند ومه‌رج و گێره‌شێوێنی نییه‌، که‌ ئه‌گه‌ر وا بێت دنیا تێک ده‌دا. به‌دینه‌کی ئازاد، مرۆڤێکی تێگه‌یشتوو و پێگه‌یشتووه‌ که‌ وه‌ڵامده‌ری هه‌ڵسوکه‌وتی خۆیه‌ و ئه‌رکی کاره‌کانیشی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت و زه‌مین و زه‌مه‌ن و خه‌ڵکی به‌ به‌رپرس نازانێت. مه‌زدیه‌سنا باوه‌ڕی بیرمه‌ندان و پێگه‌یشتووانی نه‌ریتیه‌.

ئیتر به‌سه‌ هه‌رچی خۆمان ، هزر و ژیانی داهاتوومانه‌ بده‌ینه‌ ده‌ست خه‌ڵکی دیکه‌وه‌، ئه‌ویش دژمنه‌کانمان و کڕنۆش بۆ ئایینه‌ بیانی و نا خۆیه‌کان بردن. باوهڕیه‌ک که‌وا مرۆڤ به‌ بیری ناوێت و ته‌نیا کۆیله‌ و مه‌ڕی ده‌وێت که‌وا سه‌ر له‌ ژێر بێت و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ویستیان سه‌ریشی ببڕن ده‌نگ نه‌کات.

زه‌رده‌شتیه‌ک سه‌ربڵێند و سه‌ر به‌رزه‌ به‌وه‌ی له‌ که‌شکۆڵی دابونه‌ریت و ئایینی و مێژووی ئاکاری خۆیدا هه‌یه‌ و مرۆڤێکی ئازاده‌ که‌ سه‌ر له‌ ئاستانی نه‌زان و دز و هۆڤان دانانه‌وێنێت.که‌ وا بوو سه‌ر بڵێند بین و خۆمان به‌ کورد و زه‌رده‌شتی - به‌هدین - مه‌زدیه‌سنی بزانین و به‌ نێو بکه‌ین.