لە یادى خۆپیشاندانەكانى (17)ى شوباتدا

بەیانى (17)ى شوباتى 2012 ساڵێك بەسەر خۆپێشاندانى شار و شارۆچكەكانى پارێزگاى سلێمانى تێدەپەرێت، ئەو خۆپیشاندانانەى كە خەڵكى ئەو ناوچەیە بە رێگەیەكى ئاشتى و مەدەنیانە داوا و داخوازیەكانى خۆیان بۆ نەهێشتنى گەندەڵى و ناعەدالەتى و لە پێناو چاكسازیەكى ریشەیى خستە روو ، بەڵام مخابن دەسەڵات بە زیادەرۆییەكى زۆرەوە چەكى دژ بە خۆپیشاندەران بەكارهێنا كە لە چەند رۆژێكى سەرەتایى خۆپێشاندانەكاندا دەیان شەهید و بریندارى لێكەوتەوە ، خۆپێشاندانەكە دەرفەتێك بوو كە دەسەڵات بە سیاسەت و شێوازى حوكومرانى خۆیدا بچێتەوە و لە چوارچێوەى چاكسازیەكى ریشەیدا كە ئیستحقاقى قۆناغەكەیە داوا و داخوازیەكانى خۆپێشاندەران جێبەجىَ بكات ، بەڵام دەسەڵات وێراى بەكارهێنانى هێز بۆ بڵاوە پێكردنى خۆپێشاندانەكان ، ئەو گفت و بەڵێنانەشى جێبەجىَ نەكرد كە بە خۆپێشاندەرانى دابوو ، تەنانەت سەربارى بریارى دادگا و بریارەكانى سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەت و بریارەكانى پەرلەمانیش لە دەستگیركردنى تاوانباران ، تاكە داواكراوێك نەهێندرایە بەردەم دادگا ، ئێمە لە ساڵیادا خۆپێشاندانەكانى (17)ى شوباتدا وێراى بەرز نرخاندنى خوێنى گەشى شەهیدانى خۆپێشاندانەكان سڵاویش دەنێرین بۆ خانەوادەى سەربەرزى ئەو شەهیدانە و خۆراگرى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان و بەشداربوانى خۆپیشاندانەكان بە تایبەتى.

حزبى ئایندەى كوردستان وەك هەمیشە خۆپیشاندانى مەدەنیانە بە مافێكى دیموكراسى و یاسایى خەڵك دەزانێت و پشتیوانى لێدەكات ، لەم بۆنەیەشدا داوا لە دەسەڵات دەكات كە لە ئەگەرى هەر خۆپیشاندانێكى ئاشتیانەى خەڵكدا بە شێوەیەكى مەدەنى و دوور لە توند و تیژى مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بكات .

16/2/2012                                                                    مەكتەبى سیاسى

سلێمانى                                                                حزبى ئایندەى كوردستان