بانگەواز بۆ یەكێتی ئەورووپا و ئەمریكا بۆ وەرگرتنی بەپەلەی ئەژمارێك لە نەخۆش و بریندارانی دانیشتووی ئەشرەف

كۆبوونەوەی نێودەوڵەتی لە پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆكسێل:

وریاییدانی مریەم رەجەوی بۆ یەكێتی ئەورووپا، ئەمریكا، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەمەڕ هەوڵی بێ‌پایانی رژێمی ئاخوندی بۆ شكست پێهێنانی رێگەچارەی ئاشتیخوازانەی قەیرانی ئەشرەف

•یەكێتی ئەورووپا، ئەمریكا و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێ بەدەستێوەردانی كارا و بەپەلە رێگر  بن لە بەرانبەر بەزیندانكردنی كەمپی لیبێرتی

•بانگەواز بۆ یەكێتی ئەورووپا و ئەمریكا بۆ وەرگرتنی بەپەلەی ئەژمارێك لە نەخۆش و بریندارانی دانیشتووی ئەشرەف

رۆژی سێشەممە، 18ی رێبەرندان، لە كۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتی لە پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆكسێل، بەئامادەبوونی كەسایەتییە ناسراوەكانی ئەمریكی و ئەورووپی و نوێنەرانی پایەبەرزی پەرلەمانی ئەورووپا لە گرووپگەلە جۆراوجۆرە سیاسییەكان، ئاشكرا بوو دەوڵەتی عێراق بەپێی خواستی رژێمی ئێران، لە هەوڵدایە كەمپی لیبێرتی، شوێنێكی نوێ لە دەورووبەری بەغدا وەكو زیندانێكی لێ بكات كە دانیشتووانی ئەشرەف رەزامەندییان لەسەر گواستنەوە بۆ ئەوێ دەربڕیوە.

سەرۆكایەتیی ئەم كۆبوونەوە وەئەستۆی جیم هیگینز، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئەورووپا بوو. مریەم رەجەوی، سەركۆماریی هەڵبژێردراوی موقاومەتی ئێران، ئالیخۆ ڤیدال كوادراس، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەورووپا، ستروان ستیڤێنسۆن، سەرۆكی شاندی پێوەندی لەگەڵ عێراق لە پەرلەمانی ئەورووپا، هوارد دین، سەرۆكی پێشووی حیزبی دیموكراتی ئەمریكا، جان برۆتۆن، سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئایرڵەند و باڵیۆزی پێشووی یەكێتی ئەورووپا لە ئەمریكا، پاتریك كەنەدی، ئەندامی كۆنگرەی ئەمریكا (1995-2011) و سێناتۆر رۆبێرت توریسێللی (1997-2003) لە وتاردەرانی ئەم كۆبوونەوە نێودەوڵەتییە بوون.

خاتوو مریەم رەجەوی، وتاردەری سەرەكی ئەم كۆبوونەوەیە گوتی: "یەكێتی ئەورووپا، ئەمریكا و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێ بە دەستێوەردانی كارا و بەپەلە نەهێڵن كەمپی لیبێرتی ببێتە زیندان".

خانمی رەجەوی پێداگری كرد "هەروەك دەیان جار رامگەیاندووە ئێمە پێبەندین بە گواستنەوە بۆ كەمپی لیبێرتی و تەنها خوازیاری لانیكەمی متمانەین لە كەمپە نوێكە واتە پاراستنی كەرامەت و مرۆڤایەتی دانیشتووان، هاتووچۆكردنی ئازاد، هەبوونی شوێنێكی تەناهی و بێ توندوتیژی، رێزگرتن لە ستانداردە نێودەوڵەتییە مرۆییەكان و مافەكانی مرۆڤ، مافی خاوەندارێتیی بەسەر سامان و ئۆتۆمبێلەكانیان و نەبوونی پۆلیس  لە نێو كەمپەكە و ئەوانە لانیكەمی مافی پێداویستیی دانیشتووانە".

گوتیشی: "من وریایی دەدەم بە یەكێتی ئەورووپا، ئەمریكا و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە رژێمی ئاخوندی بەهەموو توانایەوە لە هەوڵدایە رێگەچارەی ئاشتیخوازانە بۆ قەیرانی ئەشرەف كە كۆمەڵگەی جیهانی بۆ وەدیهاتنی هەوڵێكی زۆری داوە بەهەر نرخێك بووە، شكستی پێ بهێنێت". "هەموو ئەم گوشارانە رژێمێكی لە پشتە كە پێویستیی بە نەهێشتنی ئۆپۆزسیۆنەكەیەتی. ئاخوندەكان وەكو ئەوەی لە دۆسیەی ناوەكی كردیان، لە بابەت دانیشتووانی ئەشرەفیشەوە فێڵ دەكەن و كات دەكوژن بۆ ئەوەی بگەنە قەتڵوعامێكی گەورەتر".

خانمی رەجەوی لە بەشێكی تری وتەكانیدا بەرەو یەكێتی ئەورووپا و ئەمریكا بانگەوازی دا بۆ وەرگرتنی دانیشتووانی ئەشرەف بەتایبەت ئەژمارێك لە نەخۆشان و برینداران و وتی هەرجۆرە وەدواخستن لەم پێوەندییەدا پاساوی نییە و قبووڵیش ناكرێت. ئەو گوتی: "بانگەوازی یەكێتی ئەورووپا و ئەمریكا دەكەم بێوەستان ئەژمارێك لە نەخۆشان و بریندارانی دانیشتووانی ئەشرەف وەربگرن".

لەم كۆنفڕانسەدا هەروەها ئاشكرا كرا رژێمی ئێران و حكومەتی عێراق "پلانێكی هاوبەش"یان هەیە بۆ لەناوبردنی هێزی سەرەكیی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە رێی داسەپاندنی هەلومەرجی لیبێرتی. بەپێی ئەم پلانە دانیشتووان ناچار دەبن یان لە ژێرناوی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە جیاتی كەمپێكی پەنابەری، "خوازیارانە" بڕۆن بۆ زیندان یان رووبەڕووی هەڕەشەی قەتڵوعامێكی تر ببنەوە.

وتاردەرانی ئەم كونفڕانسە نێودەوڵەتییە پێداگرییان كرد حكومەتی عێراق بەڕێنوێنی كردنی ئاخوندەكان، رێكەوتننامەی ئیمزاكراو لە رۆژی 25ی دیسەمبری نێوان رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی عێراق بەردەوام پێشێل دەكات و بەدانانی دیوارگەلێكی بەرز لە دەوروبەری كەمپی لیبێرتی، بەدانانی وێستگەی پۆلیسی عێراق لە نێو كەمپ و بێ ئەوەی مافی چوونەدەرەوە لە كەمپ بدرێتە دانیشتووان، كردوویانەتە شوێنێ كە پتر لە زیندانێك دەچێت.

ئەوان داوایان كرد لە كاترین ئەشتۆن، هیلاری كلینتۆن و بانكی مۆن كە پشتیوانییان كردبوو لە رێكەوتننامەی 25ی دیسەمبەر، بێ وەستان عێراق ناچار بكەن پێبەند بێت بە نێوەڕۆكی رێكەوتننامەكە.

سكرتاریەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران

18ی رێبەندانی 1390 (7ی فێبرایەری 2012)