کۆنفرانسی شەشەمی"یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان" دوو هێزی رزگاریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستانی پێکەوە گرێدا.

بۆ ڕای گشتی

هاونیشتمانانی خۆڕاگر

لاوانی ناسيوناليست

كۆڕو كۆمەڵە سیاسییەكانی كوردستان

بە سەرنجدان بە هەلومەرجی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەییمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و هەستكردن بە پێویستییەكانی ئەم قۆناغە لە خەبات، پاش یەك حەوتوو كۆبوونەوەو راوێژی چڕ لە نێوان ئەندامانی سەركردایەتی "یەكیەتی شۆڕشگێڕانی كوردستان" و "پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان" بەو ئاكامە گەیشتین كە لەسەر بنەمای ئەم خاڵانەی خوارەوە یەك بگرین و یەكیەتیی نەتەوەییمان بەرفراوانتر بكەین.

1-   "یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان" و "پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان" پێكهێنەری "هاوپەیمانی ستراتێژیی رۆژهەڵاتی كوردستان" بوون و لەگەڵ شێوازی خەبات و ئاكاری سیاسیی یەكتر ئاشنا بوون.

2-   "یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان" هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ئاڵاهەڵگری یەكڕیزی و پێكەوەبوون، لەسەر بنەمای خزمەتی باشتر بە قۆناغی خەباتی رزگاری نەتەوەیی بووە و هیچ لەمپەڕێكیشی لەسەر رێگای یەكبوون و یەكڕیزیدا دانەناوە و "پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان"یش هەر بەو گوتارەوە رووی كردووەتە گۆڕەپانی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی.

3-   لە ماوەی یەك حەوتوو راوێژ و كۆبوونەوەی هەردوو لایەندا لەسەر پەیامی "رزگاری و سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی كۆك بووین و كاركردن بۆ گەشەپێدانی ئەو سیاسەتانەی كە دادپەروەری لە كۆمەڵگای داهاتووماندا دەچەسپێنێ‌ وەكو ئامانجێكی بەرز پێداگری لەسەر كرایەوە.

4-   هەر دوو لایەنی خەباتكار، بە مەبەستی كاركردن بۆ رەخساندنی بارودۆخێكی گونجاو بۆ خەباتی رزگاریخوازانە، لەسەر ئەوە كۆك بووین، كە هیچ هێڵێكی سوور لەسەر رێگای پێكهێنانی گۆڕانكاریدا نەبێت و لە پەیڕەو پڕۆگرامی هەردوو لایەن بۆ دروستكردنی بەرنامەیەكی هاوبەش و سەردەمیانەتر كەڵك وەربگیردرێ‌ و هەر لەم رێكەوتەوە "هەیئەتی گۆڕانكارییەكانی پەیڕەو و پڕۆگرام" پێك دێت، كە كار لەسەر یەكخستنی پێشنیار و خاڵەكانی بەرنامەكان دەكەن و هەر لە لۆگۆی حیزبییەوە تاكو سیاسەتەكانی یەكێتییەكەمان دەخرێنە بەردەست بۆ تاوتوێكردن و گۆڕانكاریی باشتریان بەسەردا دێت و كۆنفرانس لە دوای كۆنفرانسیش گۆڕانكارییەكان دەخرێنە بەر دیدی رای گشتی.

5-   هەر لە ریگای ئەم بەیاننامەوە رایدەگەیەنین كە بە كۆی دەنگی ئەندامانی سەركردایەتی، هاوڕێ: "سمكۆ یەزدانپەنا" وەك سكرتێری گشتی و هاوڕێ: "عەلی زیرەك" وەك جێگری سكرتێری گشتی "یەكیەتیی شۆڕشگێڕانی كوردستان" دیاریكران.

هاونیشتمانانی خەباتخواز و نەتەوەیی

كۆڕوكۆمەڵە سیاسی و هۆشیارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان

لاوانی ناسیونالیست

یەكێتییەكەمان لەسەر بنەمای خزمەتی باشتر بۆ بڕینی زووتری قۆناغی رزگاریی نەتەوەییمان، باوەشی بۆ هەر حیزب و لایەنێكی سیاسی كە لەسەر ئەو بنەمایانەی سەرەوە بۆ یەكبوون و یەكگرتن خەبات دەكات، بە گەرمی ئاوەڵایە و لەو پێناوەشدا و بۆ یەكخستنی شۆڕشگێڕانی نەتەوەكەمان لە یەكێتییەكی بەرفراواندا هیچ هێڵێكی سووری دانەناوە.

سڵاو لە ئیرادەی یەكبوون و یەكگرتن

بژی كورد

پایەدار بێت كوردستان

كۆمیتەی ناوەندی

"یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان"

١/٢/٢٠١٢