"پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان" ئیدانەی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر بەندكراوانی كورد:"عەلی و حەبیب ئەفشاری" دەكات.

"پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان" ئیدانەی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر بەندكراوانی كورد:"عەلی و حەبیب ئەفشاری" دەكات.

كۆماری ئیسلامیی ئێران وەكو گەورەترین سەركوتگەی هەزارەی تازە، بە گوێرەی رێژەی حەشیمەتەكەی و پێوانەی خاكەكەی، بە دەیان رێژەی پێوانەیی لە سەركوتی هاوڵاتییان و ئازادیخوازاندا لە ماوەی تەمەنی دەسەڵاتداریی خۆیدا تۆمار كردووە.

هەر لە بەرەی ئێعدامی جیهانیدا یەكێك لە پلە یەكەمەكانی جیهانە و ساڵانە بە تایبەتی لە نەتەوەی كورد و ناوچەكانی دوور لە دەست پێڕاگەیشتنی ئاژانسەكانی هەواڵنێریی مافەكانی مرۆڤ و رێكخراوە جیهانییەكان، بە نهێنی و ئاشكراو بە بیانووی جۆربەجۆرەوە، خەڵك لە سێدارە دەدات.

هەواڵنێری "هرانا"  ئەمڕۆ باسی لەوە كردووە كە دوو برای مهابادی بە ناوەكانی "عەلی و حەبیب ئەفشاری" لە لایەن دادگای ئەو شارەوە سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە.

ئەم دوو برایە لەسەر تۆمەتباربوونیان بە دژایەتیی خودا و پیرۆزییەكانی و هاوكاریكردن و ئەندامبوون لە حیزبێكی دژی كۆماری ئیسلامیدا بە مەرگ سزا دراون. داداگایش20 رۆژی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و پێداچوونەوە بە دۆسیەی تاوانباركراواندا داناوە.

لەم پێوەندییەدا داوا لە هەموو رێكخراوە سیاسی و مەدەنییە پێشكەوتنخواز و مافپارێزە كوردی و جیهانییەكان دەكەین كە ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببِڕن، بۆ ئەوەی كۆماری ئیسلامی نەتوانێ‌ ساڵی تازەی زایینیش وەك ساڵی پێشوو، بكاتەوە بە ساڵێكی خوێناویی دیكە بۆ گیراوانی كورد و بەندكراوانی سیاسی و مەدەنی لە كوردستان و ئێراندا.

پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان

16/1/2012