هەینی, 17 شوبات 2012 21:04

نوسینی: ئەرسەلان مەحمود
لەهەر شوێن و، ژینگەیەكی كۆمەڵایەتی دا، ئاینگەرایی خرایە دەرەوەی پیادەكردنی مافی تاك و، گۆڕدرا بەكاری سیاسی، ئەوا لەو شوێن و، ژینگەیەدا، ئازادی بەهەموو ڕەهەندەكانیەوە، لەچوارچێوە دراوەو، بووە بەئامرازێك بۆ چەوسانەوەی خەڵكانی ترو، ناچاریان دەكات ببنە مرۆگەلی گوێرایەڵ و، سوننەتی.
دوا ئامانجی حزبە ئیسلامگەراكان، ڕەتكردنەوەی ڕەهابوونە لەبیركردنەوەو، لەوتندا، بێگومان ئەو ئامانجەیش بەبێ لەناوبردنی جیاوازییەكان و، لەناوبردنی ئەو مرۆڤانەی ڕوانگەی جیاوازیان هەیە بۆ ژیانكردن، بەدەست نایەت.
لێرەوەیە، پەلاماردان و، فشار خستنە سەر نوسەر، رۆژنامەوان، رۆشنبیر، هونەرمەندو، هزرمەندانی بوارە جیاكانی تر، لەدەسەڵات و، دیدی ئیسلامگەراكاندا، دەبێتە كاری لەپێشینەو، حەڵاڵ، زۆرینەی قوربانییەكانی جەزائیر، لەو توێزە زیندوانەن، لەمیسریش تەنانەت بەر لەروخانی رژێمەكەی موبارەك، هەمان كاردانەوەیان نواند، لەویش روبەروی رۆشنبیران بوونەوەو، ناچار بەدوركەوتنەوە، یا بێدەنگبوون و، تەسلیم بوونیان كردن.
ئەم ڕیتمەی بەسیاسەتكردنی ئاین، خەسڵەتی ڕاستەقینەی هەموو ئیسلامگەرە ئوسوڵییەكان و، خاوەن بیرو ڕا شمولیەكانە، بۆیە لەهەر كوێ هەبن و، دەستیان بڕوا، بەبێ دودڵی و، بەبێ سڵەمینەوە، بەر بەهەڵكشان و، فراژۆبوونی ژیان دەگرن، بەپێچەوانەیشەوە ئەوەی پەرە بەئازادی عەقیدەگەراو، ڕێگەدان بەدامەزراندنی دامەزراوە جیاكان و، فراوانبوونی مەودای جیاوازییەكان دەدات، ئەوا مرۆڤبوون و، كرانەوەی كۆمەڵگەیە بەڕوی دنیادا، چونكی ژیانێكی بەمانا تر، لەبوونی جیاوازی دایە، نەك لەسنوردار كردن.
ئەگەر لەو گشتیبوونەوە بڕۆینە ناو قسەكردن لەسەر تایبەتیبوون، دەرئەنجام هەر هەمان ئەنجامە، دوا ئامانجی ئیسلامگەراكانی كوردستانیش، دژایەتیكردنی هەڵكشانی شارستانیەت و، بەرگرتنە بەفراوانبوونی ئازادییەكان، وەها كارێك نەك هەر نەیانشاردوەتەوە، بەڵكو لەسوتاندنی بارەگاكانی ( ی.ن.ك ) و، شەهید كردنی ( محمد سوڵتان ) و، پۆلێك كادری هاوڕێیەوە لە 1994 وە، دەستیان پێكرد بۆ كارەساتی خێڵی حمەو، یەكی شوبات و، دواتریش قوڵكردنەوەی قەیرانی سیاسی و، كۆمەڵایەتی ئەم دواییانەی هەرێمی كوردستان و، هەمووشمان گوێبیستی جاڕدانی زیندوكردنەوەی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی بووین لەسەر زمانی رێبەری حزبە ئیسلامگەراكانی كوردستان.