دووشەممە, 13 شوبات 2012 02:09

ئاسۆ جەبار..
لەدوتوێى 528 لاپەڕەدا ئەم كتێبە بە كۆمەڵێك بەڵگەو راپۆرتى جیهانىو نێوخۆى حاشاهەڵنەگرەوە جەخت لەسەر ئەو راستیانە دەكاتەوە كە كوشتنى خۆپیشاندەرانو رۆژنامەنوسانو سەرجەم ئەو كردە وەحشیگەرو نائەخلاقیانەى كە لەماوەى ئەم چەند ساڵەى دواییدا دەرهەق بە هاوڵاتیانو رۆژنامەنوسان لەلایەن دەسەڵاتى موتڵەقى پارتىو یەكێتیەوە ئەنجامدراون پانۆراماى سەركوتكردنو داپڵۆسینو كوشتنى ئازادىو ئازادى رادەربڕینو ئازادى نوسین لەكوردستاندا پەڵەیەكى رەشە بەناوچاوانى دەسەڵاتو حكومەتو حیزبەوە.
-كوشتنى رۆژنامەنوسانو داخستنى دۆسیەكەىو شاردنەوەى تاوانباران.
-كوشتنى خۆپیشاندەرانو داڵدەدانى بكوژەكان لەلایەن سەركردەكانى حیزبەوە.
-رفاندنو داپڵۆسینو بەندكردنو هەرشەكردن لەنوسەرانو رۆژنامەنوسان.
لەڕاستیدا پیاوكوژەكان زۆر لەوە زەلیلترن كە دەیانبینیین، ئەو زلحیزبو زلسەركردەو زلپیاوكوژانەى پلانو ئەندازەسازى كوشتنو تۆقاندنى خەڵكو رۆژنامەنوسانو چالاكوانو خۆپیشاندەرەكان دادەڕێژن، بێگومان تەنها خاوەنى تاكە یەك كلتورو دنیابینیین ئەویش مەرگدۆستییەو خاوەنى تاكەیەك نائەخلاقیاتى قێزەوەنن ئەویش وەحشیگەرییە تاسەرئێسك، خاوەنى تاكەیەك شەڕواڵن ئەویش شەڕواڵى پیاوكوشتن، خاوەنى تاكەیەك دەمن ئەویش دەمى پڕ لەجوێنو بوختانو درۆى گەورەیە، بەڵام خاوەنى كۆمەڵێك غەریزەى نائینسانین كە بریتین لەغەریزەى زەبروزەنگو داپڵۆسینى خەڵك، غەریزەى تاڵانكردنى سەروەتو سامانى نیشتیمانى، غەریزەى ئینسانكوشتنو شاردنەوەى بكوژەكان، غەریزەى چەواشەكردنو درۆى گەورە، غەریزەى كوشتنى رۆژنامەنوسو داخستنى دۆسیەكەى، غەریزەى دروستكردنى پیاوكوژو سیخوڕو هێزى دژە خەڵكو دەزگاى هەواڵگیریىو دەزگاى پاراستنى بكوژەكان.
- دەرەنجام شكستى دیكتاتۆرەكان پێمان دەڵێن: زەبروزەنگ وەك كردەیەكى نائەخلاقىو ناشارستانىو نائینسانى دوایەمین هەناسەى دیكتاتۆرەكانە، دوایەمین چەكو دوایەمین كردەگەلێكى قێزەوەنن بۆ درێژكردنەوەى تەمەنى پڕ لە بىَ ئابروویى سیاسىو ئابورىو یاسایىو ئەخلاقى دیكتاتۆرو ستەمكارو ئینسانكوژەكان.
"زۆرێك لەرۆژنامەنوسانو نوسەران هەڕەشەى كوشتنیان لێكراوە یان رووبەڕووى دادگاییكردن بوونەتەوە لەدواى ئەوەى وتاریان نوسیوە لەبارەى گەندەڵىو یان رەخنەیان لەسیاسەتەكانى حكومەتى هەرێمى كوردىو هەردوو حیزبە سەرەكییەكەى ناوچەكە گرتووە. رۆژنامەنوسێكیش كوژراوە."(Amnesty International Report.2009.p180)
رۆژى 17ى شوبات خۆپیشاندانێك لەسەراى ئازادى لەسلێمانى ئەنجامدرا، لەبەردەم لقى 4 ى پارتى دیموكراتى كوردستان پاسەوانەكانى لقەكە فیشەكبارانى خۆپیشاندەرانیان كردوو بەوهۆیەوە گەنجێك بەناوى (رێژوان عەلى) كوژراو زیاتر لە 50 كەسى تریش بریندار بوون، كە برینى زوربەیان سەختبوو، دواتر لەرۆژانى دواتردا لەسلێمانى و كەلار و چەمچەماڵ و هەڵەبجە، تەقەكردنى هێزە چەكدارەكان و پاسەوانەكانى لقى 19ى پارتى بەردەوام بوو لەخۆپیشاندەران و 9 كەسى تر كوژران بەناوەكانى (شێرزاد تەها، سوركیۆ زاهیر، گەرمیان ئەحمەد، عەلى رەسوڵ، هەردى فاروق، ئومێد جەلال، سەركار حەمە سەعید، رەشید ئەحمەد لالۆ.)
-لەساڵى 2011 دا زیاد لە 359 پێشێلكاریى دژى رۆژنامەنوسان لەهەرێمى كوردستاندا ئەنجامدراوە. (سەنتەرى میترۆ-راپۆرتى 2011)
ئێوارەى 29ى ئاب لەكۆڵانێكى تەنیشت ژوورى بازرگانى سلێمانى، لەكاتى كردنەوەى دەرگاى ئۆتۆمبیلەكەیدا كەسێكى بەرگ رەش بە كلكە دەمانچە دەكەوێتە لێدانى سەرى ئاسۆس هەردى و بە سەختى برینداریدەكات. بەپێى راپۆرتى پزیشكى سەرى ئاسۆس هەردى بە 32 تەقەڵ دوراوەتەوەو لەحەوت شوێنەو شكاوەو درێژى برینەكەى 19ى سانتیمە. (لەراپۆرتە جیهانییەكانى ئەمنیستى ئینتەرناشناڵو پەیامنێرانى بێسنورو رێكخراوى CPJ و سەنتەرى میترۆوە وەرگیراوە.)