من یه‌کێتیم خوێنم سه‌وزه‌: داوا له‌ یه‌كێتییه‌كان ده‌كه‌ین ئه‌م ڕونكردنه‌وه‌یه‌ شێر بكه‌ن

پێنوسه‌کان

ماڵپه‌ڕی پێنوسه‌کان، ئه‌رکی گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ش هه‌ر ئه‌و ئه‌رکه‌یه‌ گرتومانه‌ته‌ ئه‌ستۆ:

یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، له‌میدیاکان و په‌یجه‌کانی فه‌یسبوکی خۆیه‌وه‌، ئه‌م ڕونکردنه‌وه‌یه‌ی خواره‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌هه‌واڵێکی پێنوسه‌کان، بڵاوکردۆته‌وه‌:

روونكردنەوەیەكی پێویست بۆ رای گشتیی و بۆ سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە فەیسبووك



بەداخەوە جارێكیتر هەندێك سایت و ماڵپەر لەكات و ساتی نەگونجاوو هەستیاردا وەك ئەوەی هەنگوینیان لەداردا دۆزیبێتەوە هەڵساون بە دروستكردنی هەواڵێكی بێ بنەماو چەواشەكاریی بەناوی ژمارەیەك لە پەیجەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەفەیسبووك، هەڵبەتە دانان و دروستكردنی ئەمجۆرە هەواڵ و بابەتانە جگە لەوەی ئامانج لێی وروژاندن و هاندانی خەڵكی لەدوایە بۆ مە بەستێكی دیاریكراو هاوكات هەستكردنی هەندێك لایەنە بە بەگەورەیی قەبارەی لایەنگرانی یەكێتیی لە فەیسبووك كە بوونەتە چقڵێك بەچاوی ئەوانەوە كە چاویان بەلایەنگران و بەو قەبارە گەورەیەی یەكێتی هەڵنایەت كە هەیەتی بۆیە بەناوی ئەو گروپانەوە لەهەندێك سایت خەڵكی چەواشە دەكرێت گوایە ئەم گروپانەی یەكێـیی لە فەیسبووك هەشداری دەدەنە یەكێتی لەكاتی دووبارەبوونەوەی خۆپشانداندا كە هێز بەكارنەهێنێت بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندان، بەداخەوە ... ئەمجۆرە لە درۆكردن و چەواشەكارییە ناچێتە گیرفانی هیچ كەسێكەوە چونكە هەموو لایەك بەتایبەت ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی ئەو راستییە باش دەزانن كە یەكێتیی خوڵقێنەری چ ئازادییەكە لە سنووری ناوچەكانی خۆیداو هەر یەكێتی-ش بوو رێگەیدا زیاتر لە 2 مانگ لەشاری سلێمانیدا خەڵكی بە ئازادی خۆپیشاندان بكەن و تا كار گەیشتە ئەوەی خۆپیشاندەران تەجاوزی زیاد لە پێویستی ئەو ئازادیەشیان كرد كە لە هیچ وڵاتێكی دیموكراتی دونیادا رێگە بەو جۆر لە خۆپیشانداندا نادرێت..
هەڤاڵانی یەكێتیی .. ئەوەی لەهەندێك سایتدا بەناوی گەنجانی یەكێتیی لە فەیسبووك بڵاودەكرێتەوە بۆ شكاندن و هەیمەنەی ئەو یەكێتیانەیە كە ئێستا سەراپا فەیسبووكیان تەنیووەو ئەو راگەیاندنانە دەیانەوێت یاری بە شعوورمان بكەن، هەموو خەڵكی كوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتیی ئەو راستییە باش دەزانن كە خۆپیشاندان لەهەموو جێگەیەكی دونیادا بە مۆڵەتەو بەپێی سنوورو یاساو رێسای خۆیەتی ئەو هێزەی لەكوردستانیشدا هەیە هێزی یەكێتیی نییە بەڵكو ئەوە هێزی حكومەتە بەرگری لە خۆپیشاندان دەكات و رێگانادات تەجاوزی ئەو ئازادییە بكرێت كە بەخوێنی سەدان شەهید هاتۆتە ئاراوەو پێویستە لەسەر هەموو لایەكیشمان بەرگری لەم ئەزموونەمان بكەین، نابێت ئەوەشمان بیربچێت كە ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی لەپێشی پێشەوەی هەموو خۆپیشاندانێك دان بۆ داواكاریی و مافی رەوای خەڵكی، بەڵام ئەوەی لە كوردستاندا ئۆپۆزسیۆن جاڕی بۆ دەدات ئەوە خۆپیشاندان و داواكاری خەڵكی نییە بەڵكو ئەوە هەوڵێكی ناشەرعییە دەیەوێت بەو رێگەیە یاری بەداوای خەڵكی بكات بۆ گەیشتن بە مەرامە گڵاوەكانی خۆی كە بەدەست هیێنانی پارەو سامانە بۆ گیرفانی خۆیان.
بۆیە داواكارین لە ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی بە هەواڵ و شەواشەكاری لەمجۆرە بڕواناكەن نەخۆن چونكە سیاسەتی یەكێتیی وەك رۆژی روون ئاشكرایە بۆ ماف و ئازادییەكانی خەڵكی كوردستان.

سەرجەم پەیجەكانی یەكێتییی لە فەیسبووك

په‌یجی من یه‌كێتیم و خوێنم سه‌وزه‌
http://www.facebook.com/puk.sawz

په‌یجی من یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانم
http://www.facebook.com/mn.Mn Yakitym

په‌یجی pukm1
http://www.facebook.com/pukm1.fm

په‌یجی گه‌نجان و لاوانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
http://www.facebook.com/ganjani.yaketi

په‌یجی لایه‌نگرانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
http://www.facebook.com/Yakitym

په‌یجی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ فه‌یسبووك

http://www.facebook.com/puk1975

 

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌، ده‌قی هه‌واڵه‌که‌ی پێنوسه‌کانه‌: که‌له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێك په‌یجی ته‌زویره‌وه‌ هاتبوو و له‌ڕاگه‌یاندراوه‌که‌ی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستاندا، به‌ ته‌زویر ناوی هێناون:

گروپه‌کانی فه‌یسبوکی یه‌کێتی، سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشاندانه‌کان، نامه‌یه‌کی ڕه‌ق ئاراسته‌ی سه‌رکردایه‌تییه‌که‌یان ده‌که‌ن

بەڕێز/سکرتێری گشتی (ی.ن.ک)

بەڕێزان/جێگرانی سکرتێری گشتی ی.ن.ک

بەڕێزان/پەرلەمانتارانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

بەڕێزان/ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی ( ی.ن.ک )

بەڕێزان/ کادیران وتێکۆشەرانی ریزەکانی ( ی.ن.ک )

بابەت/نامەیەکی کراوە دەربارەی

(( خۆپیشاندان و ئامادەباشی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە ....هتد ))

پێشەکی:

سلاویکی هاوڕێیانەتان بۆ دەنێرین و دەستی ماندوبونتان دەگوشین.

لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی و دلسۆزیمان بۆ یەکێتیەکەمان ئەم نامەیەتان ئاراستە دەکەین هیوادارین زیاتر ببێتە هۆکاری کرانەوەی یەکێتییەکەمان بەڕوی ئازادی و دیموکراسی .

ناوەڕۆک:

بەرێزان بۆ چەند جاریک دەبێت هاوڵاتیانی کوردستان دەنگی نارەزاییان بەرز دەکەنەوە بە داخەوە زۆربەی جارەکان خۆپیشاندانی هاوڵاتیان بە هێزی کۆتایی پێدەهینرێت بەر لەوەی داواکارییەکانیان دەربرن ، کە ئەمە لەگەل پرەنسیبی دیموکراتی( ی.ن.ک) ناگونجێت کە لە سەرەتای دروست بوونیەوە  هەڵگری ئەم پەیامە بووە .

لەگەل ئەمەشدا هەر لەگەل دەنگۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و بلاوکردنەوەی چەند بابەتیک لە تۆرە کۆمەلایەتییەکان سەبارەت بە خۆپیشاندان کوچەو کۆڵانەکان پر دەکرین لە هێز بە جۆرێک کاتیک سەردانی ئەو شوێنانە دەکەین خۆمان بە نامۆ دەزانین لە خەباتی چەند ساڵەی حیزبەکەمان لە پیناوی ئازادی و دیموکراسی ، ئیمە باش دەزانین کە زۆربەی سەرکردەکانی یەکێتی نیگەرانن لەم دۆخە و بەهۆی ڕێکەوتننامەی ستراتیژی لەگەل پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم دۆخە دروست بووە تەنها زیانی لە یەکێتی داوە.

داواکاری:

بەرێزان ئیمە داواکارین کۆتایی بە هەیمەنەی هێز بهێنرێت بەدیلی کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندان بەکار هێنانی هێز نییە بەلکو بە چونە ناو جەماوەرو جێبەجیکردنی داواکارییەکانیان دەبێت ، داوا دەکەین سەرکردەکانی یەکێتیەکەمان  و لە پێش هەموویانەوە پەرلەمانتارەکانمان لەگەل هاوڵاتیان  لە خۆپیشاندان بەشدار بن لە بری ناردنی فەرماندەو پێشمەرگە ماندو نەناسەکان  بۆ قەدەغە کردنی خۆپیشاندان داواکارین سەرکردە گەنج و خاوەن بروانامەکانمان بنێردرێن بۆ ناو خۆپیشاندەران  و گوێ گرتن لە داواکارییەکانیان .

ئێستاش کە دەنگۆی خۆپیشاندان لە تۆرە کۆمەلایەتییەکان و ڕاگەندنەکان هەیە بە پێویستی دەزانین ئەم داوایەتان ئاراستە بکەین و لەبری بەکارهێنانی هێزی چەکدار پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان بەکاربهێنرین .

بەڕێزام ئێمە سوربوونی خۆمان لەسەر ئەم داوایە دووپات دەکەینەوە و لە ئەگەری بەرپەرچ دانەوەی نامەکەمان و ڕازیکردنمان بە چەند کۆبونەوەیەک وەک جارانی پێشوو قایل نابین ، لەگەل بەکارهینانی هێز ئەمجارە دەست بەجێ هەڵوێستی ترمان دەبێت سەدان کادیریش هاو هەڵوێست ڕێزەکانی یەکێتی جێ دەهێڵین لە پەیجی تایبەتی کە بۆ ماوەی ٢ ساڵە خزمەتی (ی.ن.ک) پێدەکەین پەیاممان ڕادەگەیەنین و چەندین کادیری تریش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاو هەڵوێستی.

بانگەواز:

هەر لەم نامەیەدا داوا لە سەرکردەوە تا کادیریکی یەکێتیەکەمان دەکەین  پشتگیری نامەکە  بکەن و ببنە جیی ئەوەی سەرکردەکانمان هەڵوێستەیەک بکەن لە ئاست داواکارییەکانمان .

پشتگیری:

ئەم نامەیە تا ئێستا لەلەیەن دەیان کادیری (ی.ن.ک) پێشوازی لیکراوە و چەند ئەندام پەرلەمانیک و ئەم پەیجانەی خوارەوە کە رۆژانە بەشێوەیەکی چالاک خزمەتی بەرنامەی حکومەتی هەریم و (ی.ن.ک) دەکەن.

١-گەورەترین پەیجی (ی.ن.ک) لە فەیس بووک پەیجی "یەکێتی نیشتیمانی کوردستان"

www.facebook.com/Puk75

٢- پەیجی گەنجانی یەکێتی

www.facebook.com/yekety

٣- مەشخەلانی شۆرشی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

www.facebook.com/mashxalanishorsh

٣- پەیجی من یەکێتیم

www.facebook.com/mnpuk

٤- پەیجی من یەکێتیم خوێنم سەوزە

www.facebook.com/yaketim

٥- سەروەرانی یەکێتی

www.facebook.com/syakety

لەگەڵ ڕێزدا.

١٠/٢/٢٠١٢

شایانی باسه‌ هه‌واڵه‌که‌ به‌ ئیمه‌یڵ ئه‌درێسێکی خوازراوه‌وه‌ هاتبوو و پاش به‌یاننامه‌که‌ی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ کرد، لێ وه‌ڵامی نه‌بوو