پێنج شەممە, 26 کانونی دووەم 2012 18:17

محهمهد کهریمی..
بە بۆنەی سالوەگەری شۆرشی گەلانی ئیران و ....... بەرپابوونی حکومەتی ئیسلامی لە ئێراندا .
جوڵانەوەی ئیسلامی لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا درێژەی هەبوو بەڵام تاوەکو بەرپاکردنی راپەرین لە ئێراندا و لە حەفتاکاندا هیچکام لەو جوڵانەوانە نەیانتوانیبو ببنە رەوەندێکی سیاسی جێی متمانە و هەروەها کارگێرێکی سەرەکی و کاری لە ساحەی سیاسی هەر کام لەو وڵاتانەی کە جم و جوڵی ئیسلامییان تێکەوتبوو .
جیهادی ئیسلای فەلەستین (( حەماس )) یەکیک لەو وینە زەق و زیندووانەیە کە لە ١٩٦٧ و دوا بە دوای شەری بە ناوبانگی ٦ رۆژە لە نێوان عارەب و ئیسرائیل لە دایک بوو ئەویش لە واقیعدا بەرهەمی ( حەرەکەی برایەتی ) عەرەبە کە لە میسر سازدرا و تاوەکو ئەوکاتیش ئاسەواریکی ئەوتۆ لە کۆماری ئیسلامی ئیران لە ئارادا نەبوو .
راپەرین ، جوڵانەوەیەکە بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و بەرپاکردنی عەداڵەت و یەکسانی و لە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی بەڵام ، جوڵانەوەی ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسلامی نەک بەرهەمی راپەرینی گەلانی ئێران نەبوو بەڵکو چەکێکی زۆر بە هێز و کاری بوو کە بۆ سەرکوتکردنی راپەرینی گەلانی ئیران هاتە کایەوە ، ئەو راپەرینەی کە کۆشکی خواپیداوەکانی سەر گۆی زەوی لەراندەوە .
ئەوانەی کە پێویستیان بە پشتێون بەندی سەوز و پتەو بوو لە کەش و هەوای شەڕی شومی جیهانی ساردی سەردەمدا، پول و پارەیان هەڵڕشت ، گەڵالە و پڕۆژەی رەنگاورەنگیان داڕشت ، بە پەلە و بە بێ هەڵە کۆبوونەوەی جۆراوجۆریان رێکخست لە بۆ :
ئیسلامیکردنی شۆرش و نەیانهێشت ڕاپەرینی گەلانی ئێران سەرکەوێت و ...... سەریش نەکەوت !!!
راپەرینی ١٩٧٨ یان ١٣٥٧ ی گەلانی ئیران وێنەی تەواو نوێن و ئاوێنەی دەرونیی دەیان میلیۆن خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەم وڵاتە بوو بەڵام ، شۆرشی ئیسلامی و حکومەتی ئیسلامی مایە و سەرمایەی سەرانی سور و زەردی جیهان و بەرهەمی شەری ساردی جیهانی ئەوکاتی وئەم کاتانەیە .
خومەینی لە دوای ١٥ ساڵ تەبعید لە عیراق سەرئەنجام لە پاریسی پیتەختی ئازادی جیهان واتە فەرەنسە بەرەو ئێران هەڵفڕی و لە تاران نیشتەوە ، نە وەک لە نەجەف و کەربەلا و لە قومەوە !
گەر خومەینی سەرکەوت و هەمدیسانەوەیش دانەکەوت بە هۆی ئەو خەڵکە خەرفاوەی پێشەنگی نەبوو بەڵکو ، لە رێگەی مارکسیستە هەڵخەڵەتاوەکانی تودە و چریک فیداییەوە سەرکەوت ، ئەوانەی کە عەکس و رەسمی ئاغای خومەینییان لە ناو چەقی مانگدا دیتبووەوە و بەر لە هاتنەوەی ئیمام بۆ ئێران ، بە قامکی شەستییان پیشانی خەڵکیان دەدا و ................!
هێشتەکەیش یاسای بنەرەتی دەستور یان قانونی ئەساسی کۆماری ئیسلامی ئێران جەوهەر و مرەککەبی سوری، سور پەرەستەکانی لێوەوە دەتکێت ، ئەو ئێسک و پێست سورانەی کە بوونە پاڵپشتی دیوەزمەکانی مەرگ و وێرانی بە خەیاڵ پڵاوی پشت لە عەرددانی شەیتانی گەورەی ئەمریکایی !!!
راستییەکان لە زەینی کۆمەڵی تازە پێگەیشتووی تەمەنی پتر لە ٣٠ ساڵی رابردوودا نییە و زۆرینەی خەلکیش هێشتەکە لە ناوەرۆکی راستییەکانی تەمەنی بابردوویان بێ خەبەر و نائاگاهن گەرچی ئەم زانینانەیش پیداویستییەکی زۆر گرنگ و ویستێکی گەلییە و نێازێکی میژووییە بەڵام ، هەر دەڵیی راستییەکان قڕڕیان تێکەوتووە ئەگینا زۆربەیان قوڕڕ و قەپیان کردوە وەکو بڵێت : راستبێژەکان تووشی نەخۆشی فەرامۆشی و ناساغی مێشکیان بووگن یان تەپ و تۆزی ترس و دڵە راوکێ و دوردونگیان لی نیشتوە کە توانای راستبێژیان لە دەست داگە !
بە قەولی مامۆستای نەمر کەریم حیسامی حیکایەت و داستان و ئەفسانە و بەیت و بالۆرەی جۆراوجۆر زۆرن کە بە گشتی لە جیاتی ئەوەی کە شتیکمان سەبارەت بە راستییەکان بۆ روو بکەن زیاتر بە دەوری خۆهەڵکێشان و تێهەڵکێشاندا دەسوڕێن و دەخولێنەوە ، زۆربەی هەرە زۆری بە پێچەوانەوە مێژووی راستییەکانمان لێ دەشێوینن و چارشێو بە سەر کەین و بەینەکاندا دەدەن بە بێ ئەوەی جێ و رێ و شوێنێکی راست و دروستمان بدەنە دەست !!!
مرۆڤ لە رۆچنایی ئەمرۆەوە دەروانیتە رابردوو بۆ ئەوەی رێگە چارەی گونجاوی کاتی و هەروەها داهاتووی خۆی بە باشی بدۆزیتەوە بەڵام ، زۆربەی رۆشنبیران و حیزبەکانی کوردی بە پێچەوانەوە هەر بای کۆن بە با دەکەن . رابردوو دووپاتە دەکەنەوە . تەمەنی بابردوو دەبوژێنەوە .
مەرجی سەرەکی رەفتار و کردار و جوڵانەوەیە و هەلس و کەوتیش سەنگی محەکە نەک هەر تەنیا شیعار دان و دروشم گۆرین .
زروفی نالەباری ناوچەی نەوتاویی رۆژهەڵات و هەرچەشنە روودانێک لە نیوان ئیران و ئەمریکا و عێراقی لە چنگ ئێراندا هەر بە قەولی سەفیری ئەمەریکا لە بەغا و راوەدوونانی جیگری سەرۆککۆمار بۆ کوردستان و نارەزایەتی گشتی و بەردەوامی گەندەڵی لە کوردستان ...... هیچیان لە قازانجی کورد نیین بەڵام ، ئایە کورد بیری لە دوارۆژ کردوتەوە ؟
گشت روداو و بەسەرهات و کارەساتەکانی رابردوو پێمان دەڵین : هەر کەس و لایەنەی لە بیری خۆی دایە و ئەوی تریش دۆی ترش !!!
کوردەکانی ئێران بە تەمای حیزبەکان بوون بەڵام ئەوانیش رەنج بە خەسار دەرچوون .
حیزبەکان بە هیوان ئەمریکا بێت و لێیدات و خەڵکیش ئەرتەش و پاسدار لە کوردستان وەدەر نێن و ئیدارەکانیان بۆ برازێنەوە و ئەوسا بە تەیارە و هیلکۆپتەر بێنە شوێن حیزبەکان و بێانبەنەوە سواری دەسەڵاتیان بکەن ، دروست بە وێنەی راپەرینی خەلکی باشوری کوردستان لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ دا ...... ئێستەکە و ٢٠١٢ یە و دەسەڵاتداران لە سەر شانی خەلک دانابەزن بە سەر میلیارد بە میلیارد......باز دەدەن و بازەڵێن بە پارە دەکەن !!! هەرکەسیش بڵێ لەل ملی بادەدەن ن ن ن ن ن ن !!!
بۆیە کورد دەبێت رێگەی تازە ببینیتەوە و دڵسۆزانی راستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە و چارەی ئێجگاری بگرێتە بەر کە دەوڵەتی کوردییە .
رێ بەندانی ١٣٩٠ ___ ٢٠١٢ ئۆسڵۆ .