گه‌ریلاكانى په‌كه‌كه‌ سوپاى توركیا شپرزه‌ ده‌كه‌ن بەریتانیا: کوردێک بە تاوانی ئەندام بوونی لە داعش دادگایی كرا نۆتینگهام : یه‌که‌مین کۆنگره‌ی جڤاکی دیموکراتیکی کوردان به‌رێوه‌ چوو. دەزگای ڕاگەیاندنی پێنوسەکان: پرسەنامەیەک ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان و بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا دەکات جەمیل بایک: لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەی هەولێردا لەگەڵ پارتی ئاگربەستمان هەبوو سۆران سەقزی لەسەر قەرزداری خۆی كوشتووە نوێنەری ناوەندی گشتیی زەردەشتیانی کوردستان بۆچی لەبەغدادە؟ زیاتر لە 350 میوانی بیانی لە 66 وڵات لە فیستیڤاڵی جیهانی فەجر بەشداریی دەکەن فەڕەنسا: شەرە چەقۆی کۆچبەرانی کورد و ئەفغانی دەبێتە سەردێڕی هەواڵە جیهانیەکان بەریتانیا: سیامەند موعینی لە سیمینارێکی جەماوەریدا بەهرۆز جەعفەر: وا بڕوات هاتنی پەکەکە بۆ باشور ئەبێتە زەرورەت پارتی لە ھەولێر ڕێگری لە کۆڕێک دەکات لەسەر شەنگال هەواڵەکانی بابەتی بێکاری و گرانی و هێرش بۆ سەر لاوان لەبەریتانیا شەڕکەرانی ئەفغانی لە سووریا مافی هاووڵاتیبوونی ئێرانیان پێدەدرێت لە ڕێککەوتنی باڵەکانی یەکێتیدا بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی بەغداد دانراوە بەریتانیا: لەمانگی ٤ی ئەمساڵەوە کۆمەڵێک یاسای گرنگ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە

هه‌واڵی تایبه‌ت

دوکتور هێرش قادری نووسەری پەرتووکی عەقڵی سیاسی ئێران و ناسنامە خوازیی کورد

05/01/2016 14:37:01 پێنوسەکان

وتوێژێکی پڕناوەرۆک لەگەڵ دوکتور هێرش قادری نووسەری پەرتووکی عەقڵی سیاسی ئێران و ناسنامە خوازیی کورد

پێشەکی:

دوکتور هێرش (زەکەریا) قادری، ئاکادمیسیەنی گەنجی کورد، پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ ڕەوت و هزری پان ئێرانیزم و پان فارسیزم و دوای ئەوەی کە بە هۆی هەڵگرتنی ئاڵای هزرێکی نوێ لە شوناسی کوردی، تووشی کێشە و ئاڵۆزییەکی زۆر و درێژخایەن بوو، لە ئەنجامدا بەیارمەتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتژیکیی حدکا، کتێبەکەی (“عەقڵی سیاسی ئێران و ناسنامە خوازیی کورد”)ی چاپ و بڵاو کردەوە، کتێبێک کە ڕوونکەرەوەی بەشێکی زۆر لێڵ لە مێژووی کوردە کە بە دەست داگیرکەرانی شێوێندراوە. ئەو کتێبە بۆ یەکەم جار بە گوتەی نووسەر، چوونە ناو داڵانێکی تاریکە کە گەلێک ڕەهەندی شێوێندراو و لاڕێ کراوی ڕوون کردۆتەوە، کەواتە ئەو پەرتووکە، شوناسی کوردە و گرنگیەکی یەکجار زۆری هەیە و دەکرێ بکرێ بە دەستپێکێکی نوێ بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاری مێژوویی نوێ.

بەو هۆیەوە ڕۆژی کورد وەک ناوەندێکی هەواڵدەریی و شیکاریی سەرەبەخۆی کوردی، لەگەڵ بەڕیز دوکتور هێرش قادری، وتووێژێکی پێکهێناوە کە دەکرێ وەک وتووێژێکی مێژوویی و جێگای بایەخی تایبەت چاوی لێبکرێت. لە خوارەوە دەقی وتووێژەکە دەخرێتە ڕوو.

ڕۆژی کورد: سەرەتا ئەگەر بکرێ بە کورتی خۆتان بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد بناسێنن.

هێرش قادری

قادری: پێم خۆش نییە زۆر باسی خۆم بکەم. بەڵام بە کورتی، دوکتورای زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی “علوم تحقیقات تاران”، کارناسی باڵا (ماستەر)م لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران وەرگرتووە. مامۆستای زانکۆ بووم لە زانکۆی ئازادی کرماشان کە بە گوتەی خۆیان بە هۆێ باسەکانی سەر پۆلەکان کە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەم سەبارەت بە مێژوو و شوناسی  ئێران هەبوو و باسی مێژووی کوردم دەکرد و هەروەها بڵاو بوونەوەی چەند وتارێکم، سەرەڕای ڕەزامەندی بەش و خۆیندکاران لە ئاستی زانستی و وانەوتنەوەی من، دەر کرام. دوایی بە هۆی وتارێک سەبارەت بە ئیسلام “پەیوەندی ئیسلام و عەسەبییەت و ناسیۆنالیسمی کورد”  لە لایەن دادگای شۆڕش ـەوە  دۆسیەیەکم بۆ ساز بوو و لە لایەن هەندێ دام و دەزگا و بنکەوە کەوتمە مەترسیوە.

ڕۆژی کورد: کەم کوردی نووسەر و چالاک هەیە، بەسەرهاتی نووسینی تێزی دوکتورای ئێوە کە ٣ ساڵێکی خایاندووە نەزانێ، کۆی گشتی ئەوەیە کە ڕقێکی پنگ خواردوو لە ناو سەرجەم تاکی پان ئێران و پان فارسیستدا بەرانبەر بە تاکی کورد هەیە و لە هەر وشەیەکیش سڵ دەکات، ئێوە ئەو ڕقە بۆ چی دەگێڕنەوە؟ سەرچاوەکەی چیە؟

قادری: بڕوا ناکەم لە هەمبەر تاکی کورد و بە هۆی کورد بوونی ڕووتیەەوە توون د وتیژی و ڕەقی هەبێت. تاکی کورد وەک خۆی بە تەنیا کێشەیەکی ئەوتۆی نییە. ئەم رەقایەتی نوواندنە و ئەم گرژییە دەگەڕێتەوە بۆ بیرو هەزری کوردی. تاکی کورد تا بڵێت “ما ایرانیان اصیل هستیم” (ئێمە ئێرانیی ڕەسەنین)، زورێش لای فارسەکان خۆشەویستە. بە پێچەوانە، من وەک خۆم تا بەر لە ئاشکرا کردنی تێزەکەم (نامەی دەرچوون) زۆریش لەلای هەر ئەو مامۆستایانە کە دوایی بە خوێنی من تینوو ببوون، خۆشەویست بووم و نێوایشمان یەکجار خۆش بوو. تەنانەت  بەر لە تێزەکەم وەکو هەمووی کوردانی تر زۆر لە گەڵ مامۆستاکان وتووێژ و مشتوومڕمان کردووە بەڵام نێوانمان هەر زۆر باش بووە. زۆرێک لە کوردەکان بە ڕاشکاوی باسی سەربەخۆیی کورد و زۆرداریی فارس دەکەن بەڵام ستەمێکی ئەوتۆیان لێنەکراوە. هەر لەو زانکۆیە سەبارەت بە حیزبە کوردیەیکان نامەی دەرچوون نووسراوە، بەڵام کێشەیەکی تایبەت ڕووی نەداوە. ناڵێم مشتوومڕ نەبووە یان بە هیچ چەشنێک هیچ دژایەتییەک نەکراوە، کە زۆر ئاساییە. بەڵام تاکی کورد کێشەیەکی ئەوتوێ نەبووە. هەروەک گوتم، من وەکوو تاک سەرەڕای ئەوەی کە کێشەیەکم نەبوو یان مامۆستا فارسەکان کێشەیان تەک مندا نەبوو، زۆریش نێوانمان خۆش بوو. ئەو ڕق و بێزاری و زووڵمە لە من بە هۆی تێزەکەم بوو، بە هۆێ فکرو هزری کوردی بوو، نەک وەک تاکی کورد. ئاخر ئەوان باش تێگەیشتبوون کە بۆ یەکەم جار، فکری کوردی خەریک بوو سەری هەڵ ئەدا و لە چوارچێوەی ڕوانگەی ئەوان دەرچووبوو.

ڕۆژی کورد: بەرهەمی هەوڵ و ماندوویی و تێزی دوکتوراکەتان بوو بەکتێبێک لە ژێر ناوی (عقل سیاسی ایرانیها و هویت خواهی کردها)، ئەگەر بکرێ بۆ خوێنەرانمان، کتێبەکەتان بناسێنن؟

قادری: پێش هەموو شتێک پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم کتێبە هەموو تێزی دوکتورای من لەخۆ ناگرێت. ئەوان پاش سێ ساڵ دژایەتی و هەڕەشەی دەرکردنی من، سەرەڕای هەوڵەکانی دوکتور زیباکەلام بۆ بەرگری لە من و تێزەکەم، نەیانهێشت تێزەکەم کە دواتر بە هەندێ گوڕانکاری، هەنووکە بووە بە کتێب، بنووسرێتەوە (دانیشتنی تاووتوێ کردنی تێزی دوکتوراکەم). لە سەدا حەفتایان لێ قرتاند . من لە کۆی تێزێکی ٧٠٠ لاپەڕەیی تەنیا لە ١٦٠ لاپەڕەی بەرگریم کرد ئەویدیان هەموو لابرد. کتێبێ کە چەند ساڵ کاری لە سەر کراوە و ٧٠٠ لاپەڕەیە، بە پرسیارێ ئاوا گشتی، ناناسرێت. ناساندنەکەی منیش گشتییە. ئەوەی کە پێش هەموو شتێ دەمویست هەست و باوەڕی کوردبوون و باوەڕ بەوەی کە نەتەوەی جیاوازن، بکەم بە مەعریفە (ناسێنە) و چەمک و زانست. بە باوەڕ و هەست، هەموویان دەڵێن کوردین و نەتەوەی جیاوازین، بەڵام مەعریفە و زانستێک لە پشت ئەم هەستە بوونی نەبوو. ئەم کتێبە تا ڕادەیەک توانی هەستی کوردایەتی بباتە بواری زانستی و واتاییەوە.

لەم کتێبەدا سەلمێندراوە کە بە پێچەوانەی ڕوانگەی زاڵ، کورد ئیرانی یان ئاریایی  نین و هەر لە سەرەتاوە خەڵکی ئەم ناوچەیە بوون و ئەو وڵاتە کە ئەمڕو بە ئێران ناسراوە، خاک و کلتووری کوردان بووە کە پارسە کۆچبەرەکان یان باشتر وایه بنووسین هێرشکەر و داگیرکەرەکان، لە دەشتە فراوان (ستێپ ـەکان)ی باشووری سۆڤیەتەوە وەکوو مەغۆل و تورکەکان هاتوون و داگیریان کردووە و وەک زەوی خوا بەڵێنی پێدراو(ئەرزی مەوعوود) خۆیان لەسەر سەپاندووە. هەر شوێنێکیان داگیر کردووە ناویان ناوە ئێران. کاتێک مادیان بەزاند و وڵاتەکەیان ناو نا ئێران، ماد بوو بە کورد، “کورد” بە واتای بەردە یان کۆیلەیە، چونکە دوای داگیرکرانی خاکی مادەکان بە دەست پارسەکان و زاڵبوونی “پارس بە سەر ماد”دا، بە کوشتنی پاشا و نیزامیەکانی کورد، هەمووی خەڵکی مادیان کرد بە کۆیلە. لەو سەردەمەدا بوو کە وردە وردە، وشەی کورد جێگای وشەی مادی گرتەوە، کە ئەم گۆڕینی وشەی ماد بە کورد واتایەکی زۆر قووڵی هەبوو.

مادە خاوەن دەسەڵاتەکان ئەوجار ببوون بە کۆیلەی پارسەکان. پارسەکان هەروەک ئاشووریەکان کاریان بە جەماوەریخەڵکی ماد نەبوو چونکە هاندەری ئەوان بوو بۆ داگیرکردن، لەبری جەماوەر، تینووی ماڵ و خەزێنەی ماد و کشتوکاڵیان ببوون، هەر بۆیەش بوو کە جگە لە هێزی نیزامی و چەکداری، کاریان بە خەڵکی ئاسایی و مەدەنی نەبوو، چونکە بۆ کۆیلایەتی و کارپێکردن، پێویستیان پێیان بوو، ڕێک وەک ئەمڕو . پاش داگیرکردنی خاک و نیشتمانی ماد و ناوزەد کردنی بە ئێران، دەسەڵاتی سیاسی یان ئیمپراتوورییان پێکهینا کە وەکوو ئامرازێک بۆ بەرگری لە بەرژەوەندیی قەومی دەسەڵاتداری پارس و سەرکوت کردنی شۆڕشی قەومی بەزیوی ماد بوو، دینی زەردەشت و ئۆستوورەکان بوون بە ئامرازی هیژمونێکی سوڵتەی (زاڵ بوون) پارس بۆ ڕەوایی دان بە شەڕ و سوڵتەیان. هێزی چەکداری کورش و داریووش شکەستیان بە مادەکان هێنا و زەردەشت و مۆغەکانی پارسی، و تۆمەت بار کردنیان بە ئاژیدەهاک و ئەهریمەن و.. ، ڕەواییان دەدا بە لەناو بردنیان. هەر ئەمڕۆش شیعە ئەو ڕۆڵەی وەئەستۆ گرتووە، بە هۆی ئەوەی کە قەومی داگیرکەری پارس لە مادەکان وەکوو کۆیلە کەڵکی وەرگرت و ماڵ و سامان و سامانی خەزێنە کراوی مادەکانی تاڵان کرد، بوون بە قەوم/چین یان قەوم/چینی سەرتر و مادەکان نە تەنیا قەومی ژێردەستە و بەزیو بوون بەڵکوو بە هۆی تاڵان کرانیان بوون بە چینی خوارەوەی کۆمەڵگا و کۆیلە، هەر بۆیە شۆڕشەکانی پاش ماد وەکوو شوڕشی گێئۆماتە و مەزدەک، سەرەڕای ڕەهەندی نەتەوایەتی، ڕەهەندی چینایەتیشیان بە خۆوە گرتووە، کە وانەیەک بێت بۆ حیزبە چەپەکانی کوردستان کە چینی باڵادەست ، قەومی پارس و تورکە و هەمووی قەومی کورد کۆیلە و چینی خواروویە.

کورد مەحکوومە بە کۆمۆنیزم، چۆن بە گشتی کۆیلەیە بەڵام کۆمۆنیزم ڕەوتە و ئامانج هەر نەتەوە یان قەومی کوردە کە چینی خواروو و ژێرەوەی کۆمەڵگاشە، هەروا قەومی زاڵی پارس، پاوانی نووسینی بە دەستەوەویە و بەو ئاسایشەی کە هەیبوو، فکر و دینی بەرهەم ئەهێنا، بەڵام مادەکان کە بوون بە کۆیلە، ئیتر کات و نە دەرفەت و ڕۆخسەتی بەرهەمهێنانی فکر و هزریان نەبوو، بە هۆی ئەوەیە کە شۆڕشی ماد لە “گێئۆماتا”وە هەتاکوو مەزدەک و خوڕەمدینان، سەرەڕای ئەوەیکە شۆڕشی قەومی تیدا هەبوو، ببوو بەشۆڕشی چینایەتی و شۆڕشی دژی تەواوەتی عەقڵانییەت و شارستانیەت. چونکە ئەوەی کە شارستانییەتی پێ پێناسە دەکرا، وەکوو دین، ئوستوورە و تەکووزی/ڕێک و پێکی، هەر هەمووی ئامراز و کەرەستە یان ڕەواییدەری سوڵتەی قەومە زاڵ و داگیرکەرەکان بوون.

هەروەک گوتم لەم دەرفەتە کورتەدا، ناکرێت ئەو کتێبە و هەمووی شی بکەینەوە. بەڵام بە کورتی کورد سەرەڕای ئەوەی کە ئێرانی نیە بەڵکوو عەقلی سیاسی ئێران، بە هەمووی ئەو کۆمەڵە لقە وەکوو دین، ئۆستوورە، دەوڵەت، خاک و زمان، لە هەمبەر شوناس و کلتووری ماد/کورددا پێکهاتووە. بە دوو مانا یانی خۆیان نیموە وەحشی بوون، شتێکی ئەوتۆیان نەبوو، هەروەها ناوی خاک و وڵاتی مادیان داگیر کرد و کردیان بە مڵکی خۆیان بە ناوی ئێران، بە گشتی کلتوور و شوناسی مادیان داگیر کرد و ڕەنگ و بۆنی پارسی/زەردەشتییان پێدا. بۆ نموونە میترای دژی هەتاو کە بە واتای گرێبەستی کۆمەڵایەتییە، گۆڕییان بە هەتاوپەرەستی و توتمەکانی (هێما) ماد کە مار و شیر بوون گۆڕییان بە هەڵۆ و گا کە توتمی خودی پارسەکان بوو. بە داخەوە ئەمڕۆ دەبینین وێنەی هەتاو لە ئاڵای کوردستاندا بوونی هەیە…دینی زەردەشت لە بەرانبەر میترای مادی کە لە دەقەکانی زەردەشت دا، میترا دەبێت بە ئەهریمەن و ئەو ئەهریمەنە لە ئیسلامدا دەبێ بە شەیتان.

لە ئەفسانەکاندا دەبێت بە ئەژیدیهاک/زەحاک و تورانی و دێو. زمانی فارسی یەک شەوە دوای بەزاندنی شۆڕشی مادی گێئۆماتە و فرە وەرتیش، لە کەتیبەی بێستوون، بۆ وەبیرهێنانەوە و لەیادنەکردنی بیرەوەری سەرکەوتنی پارس لە بەرانبەر ماد، بەرهەم هێنرا. هەروەک گوتم فەلسەفەی دەوڵەت یان ئیمپراتوری ئیرانی لە هەخامەنشییەکانەوە هەتاکوو ساسانیەکان و پەهلەوی و… تاد، پاراستن و بەرگری کردن لە بەرژەوەندی قەومی زاڵ و داگیرکەری پارس لە بەرانبەر شۆڕشی مادەکان بوو و خاکیش، خاکی ماد/کورد بوو کە ناودێر کرا بە ئێران و هەموو بوارەکانیتری. لە ڕاستیدا پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە کورد ئێرانییە، پرسیاری سەرەکی بە هۆی ئەوە کە گوتم خاک و کولتور و …تاد ئێمەیان داگیر کردوە، ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین ئەو شتەی وا بە ناوی ئێران یان پارس ناسراوە ، بە بەشێک لە ماد/کورد پەسەندی بکەین یان نا؟ ئایا پارس/ئێران بەشێکە لە کورد/ماد یان نابێ ببێت؟

   یەک شی ێتریش هەیە زۆر گرنگە کە هیوادارم خوێنەران سەرنجی بدەنێ.  چونکە مژاری ئەم کتێبە زۆر گرنگتر لەوەسە کە ئێران یان فارس چی بە سەر کورد هێناوە یان کورد ئێرانیە یان نا؟. پاش باسی پێکدادانی پارس و زەردەشت لە گەڵ ماد/میترا، من باسی سیستەم، ئایین، کلتور، سیاسەت و… تاد،  مادم کردووە. میترایەکم دۆزیوەتەوە کە تێگەیشتن لێی، زۆر گرنگتر لەوەسە کە پارس چی بە سەر هاوردووین. دەبێ بەرینتر لە پێکدادانێک چاو لەم کتێبە بکرێت. ئەم کتێبە تەنیا باسی ئەوە نییە کە بۆ نموونە کورد هەر ئەو زەحاک یان ئەهریمەنی پارسەکانە یان نا، لەوە گرنگتر، شرۆڤەی مانای ئەو چەمک و ئوستوورانەیە و هۆکاری دژایەتی ئێران و عەرەبە و گشتیی مێژوو باس کراوە. دەبێ بێێک ورد چاوی لێبکریەت بۆ نموونە، من ئەڵێم خاک و وڵاتی مادیان داگیر کرد و ناوی خۆیان واتا ئێرانیان بەسەردا سەپاند. یانی ناوی ئەو خاکە گوڕا بەڵام هەر ئەو خاکی مادە بوو و گوتوومە شانامە، مێژووی ئەنیران، یانی مێjووی کوردەکانە، بەڵام ڕەنگ و  بۆنی ئێرانی/زەردەشتیان پێوە هەڵسووە. ئەمە ئولگو و رێچکەی هەمووی کوڵتووری ئێرانە کە لە ماد و میترا هەڵیانگرتووە، بەڵام بە ناوی خویان تۆماریان کردووە. من شروڤەم کردووە کە خەشە، وشەیەکی مادی بووە بە واتای هەم زەوی و هەم هێز، بە واتای ئەوە کە زەوی، سەرچاوەی هێز یان ڕەوایی هێز لە سیستمی مادەکان دا بووە، یانی ڕەوایی هێز و دەسەڵات، زەوی و گرێبەستی کۆمەڵایەتیەک بوو کە لە ناو پارسەکان، لە وشەی خەشەیان وەرگرت بەڵام مانەکی گۆڕا. رەوایی بوو بە ئاسمانی و فرە ئیزەدی. یانی زەوی یان خەڵک کە لە لای مادەکان سەرچاوەی هێز و ڕەوایی پێدەری دەسەڵات بوون، لە ناو پارسەکان بوون بە ئوبژە یان پانتا و ئامرازی دەسەڵاتی پاشاکان. پەیوەندیەکە بە تەواوی گوڕا. نموونەیەکی تر وشەی “پەردیس” ـە کە لە ناو مادەکان بە واتای زەویەک کە جیێ خوشی وشایی و هەڵپەرکێ و سەرخۆش ىوونە، لە کولتوری ئێران و ئیسلام دا، دەبێت بە فردەوس، دەڕوات بو بەهەشت و ئاسمان و مانای دەگوڕیت.  نازناوی میترا بە مانای باغە کە دەبێت بە “بەغ” یان خودا . بیستون یان بەغستون جیێ باغ و گوڵ و شایی بوو ئەبێت بە جیێ پاڕانەوەی خودایان. حەوت خان، میترایی یە، بەڵام سەفەر و ڕۆیشتنە بۆ ژێر زەوی و جەستەیە ئەوەیە لە ئەشکەوتێکی تاریکدا بۆنە و ڕێ و ڕەسم دەگرن و هەڵپەرکێ دەکەن و شەڕاب/هئومە، دەخونەوە، بەڵام دوایی حەوت خان ـی میترایی مانای شایی و خۆشی لە دەست دەدات و لە کلتوری ئێرانی/زەردەشتی و دوایی لە یونان و مەسیح و گشت مێژوودا دەبیت بە عیرفان و مەعنەویەت و هەڵپەرکێ دەبێت بە زکر و سەما و ڕوحانیەت. هەروەها فرەوەشی و هەزاران وشەی تر. دەمهەوێ بڵێم نە تەنیا ئێران بەڵکوو مێژوو بە گشتی هەم داگیرکراو و درێژەی کڵتوری ماد/میتراییە و هەم لە ناوبەرو و نابودکردنەوەیە. کەواتە میژوو و تێگەیشتنی سیاسیی ئێران و خوداناسی و ئەفلاتوون و ئیسلام، لەت و دابڕاوەیەکە لە درێژەی شوناسی کوردی/میترایی.

کتێبەکە لە سێ بەش و هەشت لق پێکهاتووە و پێشەکی و ئەنجامێکیشی هەیە. لە بەشی یەکەمدا کە چوارچێوەی تیۆریی پێکدێنێ، هەوڵدراوە ڕێچکەیەکی تیۆریکی ڕێک و پێک بۆ بردنە ژێر ڕەخنەی تێگەیشتنی سیاسیی ئێران و شیکاریی ناسنامەخوازیی کوردەکان بخەمە ڕوو. ئەو بەشە ڕەوتی تێپەڕ بوونی فەلسەفە لە بیردۆزە تۆکمە و بەرچاوەکانەوی ڕەوشت و ڕاستیی و عەقڵەوە بۆ بوون و جەستە و غەریزە، شیدەکاتەوە. بەم شێوەیە هەم ڕەخنەیەکە لە تێگەیشتنی سیاسیی ئێران کە بە کەڵک وەرگرتن لە چەمکە بەرینەکانی ڕەوشت و دین و ڕاستی، دەستیان داوەتە سەرکوتی بزووتنەوەکانی کورد و هەم بەستێنێکیش بێ بۆ هێنانە گۆی چەمکە کوردییەکان کە بزووتنەوەگەلێکی دژ بە ڕاستییەکان ، دژ بە رەوشت و دژ بە ئایین بووە. هەڵبەت ئەخلاق و ڕاستی و ئایین، ئامرازێک بووە کە لە بەردەست دەزگای سیاسی و ئایدیۆلۆژی سیاسیی ڕێک و پێکی زاڵدا بووە، هەر بۆیەش کەڵک لە چەمکی تێگەیشتنی سیاسی وەرگیردراوە تا ئەو ڕاستییە ئاشکرا بکرێت کە ئەوە تێگەیشتن و ئایین و ئەخلاق (ڕەوشت) ىووە کە ئامرازی بەردەستی سیاسەت و دەسەڵاتداریی قەومیی پارسەکان بووە نەک بە پێچەوانە گشتیەتی تێگەیشتنی ئێرانی چ لە چوارچێوەی ئوستوورە و چ ئایین و چ زانست و….تاد، ئایدیۆلۆژیی ڕێک و پێکیی چینایەتی و زاڵ بوونی قەومی پارس بووە بەسەر کورددا و ڕاستەقینەی ئێرانی ئامرازی زاڵ ىوون و دەسەڵاتدارێتی و هێزی قەومی پارس بووە. هەر بۆیەش، ڕەخنەگرتن لە تێگەیشتن و ئەقڵی سیاسیی ئێرانی، ڕەخنەگرتنی دەوڵەت، سیاسەت و زاڵ بوونی قەومی پارس بەسەر کورددا ىووە.

بەشی دووهەم، لێدوانێکی گشتییە لە مێژوو، پێشەکیەکی کوردت و چاو پیدا خشاندنێکە کە لەسەر مێژووی کورد کردوومە. لەو بەشەدا هەوڵم داوە تەنیا و تەنیا باس لە کوردی بوون بزاڤگەلێکی وەک ماد و گئۆماتا و مەزدەک و خوڕەمدینان و ئارایی و ئێرانی نەبوونیان بکەم و بیانسەلمێن، بۆ ئەوەی ببێتە پێشەکییەک بۆ باسەکانی دوایی کە تێیدا باس لە شیکاری ئەمان و واتاسازی لەمبارەوە دەکەم.

 لە بەشی سێهەمدا کە گرنگترین بەشی ئەو پەرتووکەیە، لە ڕاستیدا تاقیکاریی گریمانە و واتاسازیی شوناس خوازیی کوردەکانە. لە باسی یەکەمی بەشی چوارە، سەلمێندراوە کە ئیمپراتووریی ئێرانی نە تەنیا هاوپەیمانی دەوڵەتی ماد نەبووە بەڵکو لە بنەڕەتدا بە بێ سەرکووت و سڕینەوەی مادەکان، ئەو ئیمپراتووریە پێ نەهاتووە و دانەمەزراوە. ئیمپراتووریی ئێرانی، سیستەمێکی پارس خواز بووە کە لە دژایەتی و دژبەریی مادەکان، گەیشتۆتە ئەمڕۆ. تیۆری و ڕوانگەی باو بەڵام بێ بنەمای دەسەڵاتی هاوبەشی ماد و پارس و رەزامەندیی مادەکان لە دەسەڵات و زاڵبوونی پارسەکانم بە سەرچاوەی جێگای متمانە، خستۆتە بەرباس. لەو بەشەدا بە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەی جێگای متمانە چەمکگەلێکی وەک بەرابەری هاوبەش/بەرابەری، دێموکراسیی خێڵەکی، کەلتووری زەوینی/دیۆنیزۆسی و ڕەوایی گرێبەستیانە/زەوینی و ڕووحیەتی پرۆمتەیی لە بزووتنەوە سیاسیە کوردییەکان، بسەلمێنم. سەلماندوومە کە نەتەنیا کوردەکان لە ڕووی ڕەگەزی (نەژادی) و هەمیش لە ڕووی کەلتووری/سیاسی یەوە ئێرانی نین، بەڵکوو ئەقڵی سیاسیی ئێران بەو چەمکانەی کە باس کرا لە دژایەتی و دژبوون لە هەمبەر شوناسی کوردیدا بیچمی گرتووە. لە هەر بەشێک دا باسی یەکێک لەو چەمکانە کراوە. باسی دووهەم (لقی دووهەم)، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئابووریی ماد و پارس/هەخامنشیط خستۆتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و سەلماندوومە کە نە تەنیا هیچ پێکەوەسازانێک لە نێوانیاندا لە ئارادا نیە، بەڵکو لە بنەڕەتدا سیستەمی ئێرانیلە دژایەتی لەگەڵ سیستەمی مادی دا بیچمی گرتووە و پەرەی سەندووە. لە باسی سێیەمدا باس لە دەوڵەتی مادی لە هەمبەر دەوڵەتی ئێرانی دا کراوە کە یەکێکیان لەسەر بنەمای دێموکراست خێڵەکی و ئەوەی تریان لەسەر بنەمای مافی خوداوەندی دامەزراوە کە تەواو پێچەوانە و دژ بە یەکن. لە باسی چوارەمدا دینی ئێرانیی زەردەشت لە هەمبەر ئایینی میترایی ماد، شیکاری بۆ کراوە کە سەلمێندراوە، بنەمای هاتنی زەردەشت کە ئایدیۆلۆژی دەزگای ئیمپراتووریی ئێرانی بووە لە هەمبەر و دژایەتی کردن لەگەڵ ئایینی میتراییدا، پەرەی سەندووە. لە باسی پێنجەمدا، شیکاری و بەراوردکارییەک لە نێوان توتم ـەکان و هێما نەتەوەییەکان و شوێنەوارە دێرینەکانی ئەو دوو نەتەوە کراوە کە توتم ـە کوردییەکان مار و شێر هێمای زەوی و ژیان و عەقڵی مرۆڤن و توتم ـە ئیرانییەکان مانگا و هەڵح، هێمای ئاسمان و ڕوح و شەریعەتی ئەوپەڕ فیزیکین کە هەڵۆ دوژمنی مارە و مانگاش دوژمنی شێرە، هەمان ئەو شیر و مارەی کە بە شیوەیەکی نائاگایانە لە نێوان ئێزیدیەکاندا هەر ماوەتەوە. لە باسی شەشەم دا باس لە ئەوی تری و ئەنیران ـی ئەساتیریی ئێران کراوە و سەلمێندراوە کە ئەنیران ـی ئەسایتیریی ئێران، واتا زەحاک و تورانیەکان و دێو و ئەهریمەنەکان، هەمان کورد و ئایینی میترایی کوردەکانن و هەروەها شیکارییەک بۆ واتای ئەساتری و هێماکانیان کراوە، بۆ نموونە مانگا یان ئەهوورا لە هەمبەر شێر و ئەهریمەن، هەڵگری چ واتاگەلێکن.

لە بەشی چوارەمدا، باس لە مێژووی سەردەمی داریووش و بزووتنەوە کوردییەکانی گئۆماتا و فرەوەرتیش و چیسر توخمە کراوە کە لەو بەشەش وەک بەشی دووهەم، گریمانە و چەمکەکان تاقی کراونەتەوە و هەوڵ دراوە بسەلمێندرێن. بەشی پێنجەم باس لە سەردەمی میژوویی ساسانیەکان و ئەنووشیرەوان لە دژایەتی و بەگژداچوونەوەی بزاڤی کوردیی مەزدەکیەکانە کە ڕێک چەمک و واتاگەلی ئەقڵی سیاسیی ئێرانیەکان و شوناس خوازیی کوردەکان سەر لە نوێ بەرهەم هێنراوەتەوە.

لە بەشی شەشەمدا باسم لە واتا و چەمکی ئێرانویچ و کورد کردووە. واتای ئێرانویچ و کردار و پەرچەکردارەکەی لەگەڵ چەمک و واتای کورد خراوەتە بەر باس و شیکاریم بۆ کردووە کە لەگەڵ هاتنی ئێرانیەکان، ماد کراوە بە کورد واتا کراوە بە کۆیلە و ئەو شتەی ئەمڕۆ بە ناوی ئێران دەناسرێ، وڵات و نێشتمانی کوردەکان بووە کە پارس ـەکان داگیریان کردووە و دوای داگیرکاریی سەربازیی ناویان نا ئێران. دواتر گەڵاڵەیەک لە تیۆریی دەوڵەتی کوردی پێشکەش کراوە. لە بەشی حەوتەم بە کورتی ئامرازی دەسەڵاتی قەومی پارس بەسەر قەومەکانی تر و گەڵاڵەیەک لە بیرۆکەی دەوڵەتی کوردی خراوەتە بەر باس. لە بەشی حەوتەم دا بە کوردتی باسی دژبەیەکی و دژوازی و پەرجەکردارەکانی ئەقڵی سیاسیی ئونان و سامی لەهەمبەر شوناس خوازیی کوردەکان خراوەتە بەر باس کە وەک وەک ئەهریمەن و ئاژی دەهاک لە عەقڵی ئێرانیدا، بە گوتیە بێ مێشکەکان و توخمە تیمات و جنۆکە لە ئەقڵی عەرەبی و مدوسای پرچ مار و ئاشکەوتی نەزانیی ئەفلاتوون لە ئەقڵی یونانی تا بیردۆزی دژوازیی قەومە میژووییەکان لەگەڵ کورد لەگەڵ تیۆری گشتیی ڕووت بخەمە بەر باس و لە بەشی دواتر کە بەشی هەشتەمە، بیردۆزی گشتیی ڕووبەڕووبوونەوەی میژوو لەگەڵ کوردەکانم خستۆتە بەر باس کە هەڵهاتنی مێژوو، ئاوا بوونی کورد بووە.

مێژوو لە لایەکەوە لە بەربەرەکانی و ململانێ لەگەڵ کورد لە دایک بووە بەڵام گۆڕینی ناوەڕۆکیی کەلتووری مادی/میترایی یە… لە کۆتاییدا ئەنجامێک لە باسەکە بۆ ئەمڕۆ کراوە.

 لە کۆتاییدا وڵامیئەم پرسیارەدا، هیوادارم بەم دەقە کورتە لەسەر ئەو کتێبەکە هەڵسەنگاندن نەکرێت، چۆنکە باسی زۆر جیاواز و سەربەخۆش لەو کتێبەدا هەیە، سەرەڕای ئەوەی کە باس لە دژبەر و دژوازییەکانی نێوان ئێران و کورد کراوە و تێیدا هەیە. بۆ نموونە باسی میترا بغ یان باغ، میترا پاییز یان بەهار، باسی نەزم یان دەوڵەتی کوردی، باسی کورد و مێژوو و…تاد، کە هەرکام دەتوانێت ببێتە کتێب یان تێز و نامەی دەرچوونێکی سەربەخۆ کە لەم دەرفەتە کورتەدا جێگای باس کردنی نییە.

ڕۆژی کورد: ئێوە لە کتێبەکەتان و لە زۆربەی بابەتەکانتاندا کە من خوێندوومنەوە تەوەری باسەکەتان ئەوەیە (کورد دەبێ وەدوای مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بکەوێ نەک فیدرالیزم و خۆدموختاری و …تاد)، سەرچاوەی ئەو هزرە دەگەڕێتەوە بۆ چی؟ لاتان وا نیە ئەو هەنگاوە بە پێچەوانەی دۆخی جیهان و ئامادەنەبوونی جیهانە بۆ لێک ترازانی وڵاتانی ناوچە؟

قادری: بە پێچەوانەی بۆچوونی ئێوە، ئەمن لە کتێبەکەدا باسی ئەو شتانەم نەخستووە ئاراوە. ئەگەر مەبەستتان دەقە فەیس بووکیەکانە، ئەوە زۆر جیاوازە. من لە فەیسبوکدا بە پەلە، خۆمانە و باسی ڕۆژ دەکەم. هیوادارم خوێنەران وەکوو ئێوە کتێبەکە وەک دەقی فەیس بووک، بەراورد نەکەن، بە پێچەوانە زۆر جیاوازە.

ئەگەر باسی ئەم شتانەم کردووە لەو بوارەوە کە ئێوە ئەڵێن، نییە. باسی من ئەوەیە کە ئەم سەر لێ شێواویە، لە پرۆلتاریای جیهانی بۆ فیدرال و کۆنفدرال و شارۆمەندی، بەرهەمی خۆبوواردنی هزر و خۆبواردنی ڕوانگە و بیرۆکەیە لە مێژوو، شوناس و نەزم/ دەوڵەتی کوردییە. من باسی ستراتژی سیاسی ناکەم. ئەوشتەش کە دەیڵێن بە پێچەوانەی دۆخی جیهانە، تەنیا یەک شت دەخەمە ئاراوە، ئەگەر ئەمڕو پێمان دەڵێن، پێمان دەڵێن نە خومان بێژین، نەتەوە و دەوڵەت، بە پێچەوانەی دۆخی جیهانە، دۆینێش لەسەریان داسەپاندین دۆخی پرۆلتاریا و ئیسلام جیهانییە، نەتەوە و قوم، کۆنە پەرەستی و و تەسک نەزەرییە. هەر ئەو کاتە کە کڵاویان نا سەر ئێمە نەتەوە وێڵ کەن، دۆخی فڵان شتی جیهانییە، خۆیان لە ئایدولۆژیا جیهانییەکان بۆ بەجیهانیکردنی بەرژەوندی قەومی، کەڵکیان وەردەگرت. ئەمە شتێکی نۆێ نییە، شارۆمەندی، کنفدراڵ، فدرالیسم و… تاد، تەنیا جلی نۆێی ستراتژی کۆنی سولتەگەرانە و داگیرکەرانەی دەوڵەت و قەڵەم بە دەستانی قەومی داگیرکەرن. لێرەش کە من دەچمە ناو ئەم بابەتانەوە بە هۆکاری دووپات بوونی ئەم هەڵانە، نەبوونی بیرەوەری مێژوویی و ئیدە و هزری کوردییە کە کردەوە و خەباتی کورد ئەبێتە ئامراز و کەرەستەی فکری ئێرانی/ئیسلامی، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە کورد بوون هێشتا هەستە و نەبووە بە مەعریفە و چەمک و گوتار و ئێمەی کورد، هیچ ئیدە و تەسویرێ لە تەکوزی کوردی لە میشکماندا بوونی نییە، فکر و بیرکردنمان، لە چوارچێوەی ستراتژی پارسەکانە کە بە ناوی فکری نوێ ئەیکەن بە مێشک و گەرووماندا. به بڕوای من ئەم چەشنە بیرکردنەوەیە کە دژی دەوڵەتی کوردییە، دووبارە بوونەوەی میژوویە و هەڵەیە. فکرێکی کوردی نییە. کۆپی و و ێنەی فکری ئەویدییە (ئەوی تر)، بێ لێکدانەوەی لەگەڵ واقعییەت و دۆخی ناوچەکە و واقعییەتی کورد. فدرالیسم و…تاد ، کە لە سوئیس وەرگیراون بۆ ئێران، زۆر بێ مانایە کە لێرە ناتوانم شی بکەمەوە. هەر وا کنفدرالیسم. بیرو هزرێکی کوردی نییە چونکە هێشتا مێژوو و شوناسی کوردیمان نەناسیوە.ێستراتژی حیزبەکان لە فکری نەتەوە داگیرکەرەکانەوە ئاودێری دەکرێ  و فرنچکی گرتووە.

ڕۆژی کورد: ئەگەر بتانهەوێ وەک کەسێک کە ساڵیانێکە لەسەر میژوو و ڕەچەڵەکی کورد کار دەکەن، کورد پێناسە بکەن، چۆنی دەناسێنن؟

قادری: پرسیارێکی زۆر گشتییە. کورد خەزانە و گەنجێکە کە لە ژێر خاک و تەپوو تۆزی فکری ئێرانی و ئیسلامی و بە تایبەت ئێرانیدا شاراوەتەوە. دۆزینەوەی گەنجی کورد، بەبێ سڕینەوەی تەپوو تۆزی ئەقڵی سیاسی ئێران/پارس، ناکرێت.

ڕۆژی کورد: گەلێک جار باس لەوە دەکرێ کە فارسەکانیش کەسانی ڕووناکبیریان هەیە کە مافی گەلانی تر بە فەرمی دەناسن و ئەوەش بۆتە سەرچاوەی سەرهەڵدانی بیرۆکەی ڕیفۆرمخوازی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئێوە لەو بارەوە ڕاتان چیە؟

هەرچەند ئەو پرسیارە پەیوەندی لە گەڵ کتێبەکە نییە. بەڵام گەلی فارس بۆ هەموو چارەسەرییەک بۆ بەرگری لە بەرژەوەندی قەومیی خۆی بە باشی کەڵک وەردەگرێت. ئەو ئیدە و فکرانە کە ڕووناکبیرانی فارس هەر جارە و تەبا لەگەڵ دۆخی فکری جیهانی، دەیخەنە ئاراوە، ستراتژیە بۆ سوڵتە و دەسەڵات. سۆڵتە دوو بەشە: بەشێکی سپا و هێزی چەکدارییە، بەشی سەرەکی سۆڵتە، فکر و سوڵتەی هێژمۆنیکە کە لە زانکۆکان، لە ڕۆژنامەکان، لە سیستەمی پەروەردە لە ڕاگەیاندنەکاندا دادەڕێژرێت. فارس تا کاتێک لە لایەنی ئۆپۆزێسیۆنن، هەموو کات دێمۆکراتن و بەرگری مافی مرۆڤن. ئەمە لە ئۆپۆزسیونی حەمەڕەزاشا کە بوون بە کۆماری ئیسلامی، لایەنگرانی خومەینی کە بوون بو ڕێفۆرم خواز، رێفۆرم خوازەکاین مەشرووتە کە بوون بە پشتیوانانی دسپۆتیسمی ڕەزاشا. من پێشتر لە فەیسبووک لە دوو کورتە باسدا بە ناوی نقد اکنون” و نقدی بر شاه کلید” باسم لەسەر ئەو باسە کردووە. ئەگەر پێشتر بە فکرو و ستراتژی ئیسلام جیهانی و کرێکارانی جیهانی، بەرگریان لە تێکۆشان بۆ مافی نەتەوایەتی کورد دەکرد، ئەمڕۆ بە ناوی ڕێفۆرمخوازی، شارومەندی جیهانی، ناسیۆنالیزم مەدەنی، خەریکن دووبارە، لە لایەکەوە سوڵتەی قەومی خۆیان دادەسپێنن، لە لایەکی ترەوە بەرگری لە مافی چارەنووسی کورد دەکەن. ئێمەی کوردیش بێ فکرین، بە سانایی ئەبین بە ئامرازی فکری پارس. ئێوە ئەگەر سرنج بدەنە ئەقلی سیاسی پارس/ئێران نموونەیەکی باش هەیە دەتوانین بیناسین تا هەڵەی مێژوویی مەکتەب قۆرئان و کۆمەڵە دووپات نەبێتەوە. هەر جارەو بە پێی فکری ڕۆژ ستراتژی نوێ دادەرێژن و بە داخەوە بە ناوی فکری جیهانی و چارەسەری کێشەی ئێمە، دایان سەپاندووە بە سەرماندا. ئێمەیش بڕوامان پێ کردووە چۆنکە خۆمان فکری کوردیمان نییە، هەر شتێک بگوترێت و بنووسرێت، فکری کوردی نییە. سەردەمێک دەیانگوت (کردها بومیان اصیل هستند) بوومی ئەسیل (خۆجێی ڕەسەن)،  گوتاری ڕەزاشا بوو کە کورد وەکوو سوور پێستەکانی ئامریکا یان ئۆسترالیا وەحشی و بێ کلتوورن، لە پالیدا دەوڵەتی پارسی و ئیستبدادی ڕەزاشا هێمای شارستانییەت و ئەقڵە. ئەم ئەقڵە ئەرکی هەیە کە وەحشی کورد بۆ ژووری شارستانییەت ڕێنوێنی بکەن کە هەمان ڕێنوێنی لە کورد بووندا بۆ فارس بوونە بەڵام ئێمەی کورد کانتێکستی ڕستە و گوتار لە بەرچاو ناگرین و بە شانازییەوە ڕایدەگەینین کە: ما ایرانی اصیل و از همە ایرانیها ایرانیتریم و اریایی اسیل هستیم (ئێمە ئێرانی ڕەسەنین و لە هەموو ئێرانیەکان ڕەسەنترین و ئاریایی ڕەسەنین). دواتر یەخسیری چەپی فارس بووین و بووین بە کەرستەی کۆمۆنیستە فارسەکان و دەمانگوت، نەتەوایەتی دواکەوتووییە و ڕزگاریی پرۆلتاریای جیهانی ئامانجمانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە درووشمی پرۆلیتاریای جیهانی، ستراتژی فارسەکان بوو بۆ بەرگری لە سەرهەڵدانی بیری نەتەوەخوازی کورد و بە جیهانی کردنی بەرژەوەندیی قەومی فارس. هەروەها دوای کۆتایی کۆمۆنیسم و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی، گوتاریان لە پرۆلیتاریای بێ نەتەوە گۆڕا بۆ ئیسلامی بێ نەتەوە. ئێمە فریوی ئیسلامیشمان خوارد و پشتمان کرد لە نەتەوەی خۆمان لە حاڵێکدا ئیسلامی جیهانی و هەناردەکردنی شۆڕش و راە قودس از کربلا میگذرد (ڕێگای ودس لە کەربەلاوەیە)، بوو بە ئامرازێک لە خزمەت نەتەوە و دەوڵەتی باڵادەستی پارس کە دووپات بوونەوەی ژاندارمی ناوچەیی حەمە ڕەزاشا بوو. ئێستا کە ئیسلام جیهانی، سەرنجڕاکێشیی خۆی لە دەست داوە و فکری نوێ و رێفۆرم و شارومەندی ناسیونالیسم مەدەنی هاتووەتە ئاراوە، خەریکن بەو چەمکانە دووبارە تووشی هەڵەمان دەکەنەوە کە سەردەمی شارۆمەندیی جیهانییە، نەتەوەخوازی دواکەوتوویە و…هتد. ئیمەیش بڕوامان پێکردووەو. دووبارە خیانەت بە نەتەوەی خۆمان دەکەین. ئەم خیانەتە، ئەخلاقی نییە بەڵکوو لە نەبوونی زانستی سیاسی کوردییە، لە نەبوونی زانستی مێژووییە، با ئاماژە بە یەک نموونە بکەم بزانن نازانستی و نەزانینی ئێمە چەندە جێی سەرسووڕمانە. هەمووی نووسەران و سیاسەتمدارانی کورد دەڵێن، ئێمە لە ساڵی ١٥١٤ی زایینی بە هۆی پێکدادانی سەفەوییە و عوسمانی دابەش بووین، باشە مەگەر پێش ئەو سەردەمە ئێمە سەربەخۆ بووین؟ دەوڵەتمان هەبوو؟ ئەمە فکری ئێرانییە لە پێش ئەو سەردەمەدا چوونکە بەشێک لە ئێران بووین هیچ کێشەمان نەبووە، لە حاڵێکدا ئێمە دوای سەردەمی مادەکان دابەش بووین یان بووین بە کۆیلە، ئەویش بە دەست خودی فارسەکان.

ڕۆژی کورد: وەک کەسیکی ئاکادمیسیەن و زانکۆدیتوو و هەروەها نووسەرێکی بەتوانا، دۆخی ئێستای خەباتی کورد چۆن دەبینن؟ دەراو ئاسۆکانی دواڕۆژی کورد چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

قادری: بە بڕوای من، سەرکەوتنەکانی ئێستای کورد یان ئەم دەرفەتانە کە بۆ سەرکەوتن هاتوونە پێش، ئەگەر بناغەیەکی فکری و نەتەوایەتی بە خۆی نەگرێت، مێژوو دوپات دەبێتەوە. لە سەرلێشواوی فکری یان نەبوونی فکری کوردی، ڕۆژئاوای کوردستان کە دەرفەتێ باشێ بۆ خۆلقاوە، ئەڵێ دەوڵەتم ناوێت. باشوور لە نەبوونی هزرو و فکری نەتەوایەتیدا، لە ناو حیزبایەتی خەریکە خەفە دەبێت. حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە هەر خەریکی ئەو سروودە لەبەر کردنن کە تەجزیە تەڵەب (جیاییخواز) نیین. دوایش ناوی دەنێن ڕیالیسمی ستراتژی. ئەمە هەمووی هێمای ئەوەیە کە ئیدەی کوردی و فکری نەتەوایەتی پێکنەهاتووە، یان هەروا لە ناو حیزبایەتیدا ماونەتەوە یان ئێرانی و ئیسلامی و یان شارۆمەندی جیهانین. تەنانەت بەشداری ڕێکخراوی داعش لە نێوان بڕێ لە کوردەکان، بە هۆی ئەوەسە کە بۆ ئەو کوردانە کە بە ژیانی تاکەکەسی و بەرژەوەندی تاکەکەسی ڕازی نیین، هیچ ئیدەیەکی سەرنجڕاکێشی کوردی نییە کە لە ڕووی ڕووحییەوە خۆیانی پێ تێر بکەن، بەڵام داعش یان ئێران ئەو ئیدە و ڕوانگە چێژپێبەخشەیان پێ ئەدات. یانی قەیرانی شوناس و قەیرانی دەوڵەت – نەتەوە لە نێوان کورددا زور قووڵە. چوونە ناو داعش بڕواو ئیمانی ئەو تاکە کەسە نیە، بەڵکوو قەیرانی بڕوا و شوناسی کوردایەتییە. کەس نەڵێ کوردم….

ڕۆژی کورد: لە ئێستادا کورد گەرەکمان بێ یان نا، چوار پارچەیە، چوار پارچەیە لە رووی سیاسی و تەنانەت کەلتووریشەوە لێک جیاواز، پێتان وایە دەکرێ دووبارە بیر لە یەک کوردستان بکەینەوە و هەوڵی بۆ بدەین یان ئەو هەوڵە بۆ نەوەکانی دواڕۆژ بەجێ بهێڵین باشترە؟

قادری: یەکەم، دابەش بوون هۆکار نییە تا بیر و فکری ئێمە پێناسە بکات بەڵکو خۆێ مەعلولی (بەرکرار)ی نەبوونی فکرو ئیدەی نەتەوایەتییە. تەقدیریش نەبووە. بەڵام هەروەک گوتم من ستراتژیست و شرۆڤەکاری سیاسی نیم. باسی من لە ڕوانگەیەکی تردا ئەبێ شرۆڤەی لەسەر بکرێت. لێرەدا نمونەیەک دەخەمە ڕوو، لە سەردەمی دەسەڵات و زاڵ بوونی ئیسلام بە سەر ئێراندا، لە ڕاستیدا ئێرانیەکان لە سیستمی داسەپاوی عەرەبەکاندا بەشدارییان دەکرد. بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئوستوورە و بیری ئێرانیگەرییان هەڵدەگیرساند. ئێبن موقەفەع لە هەمان کاتدا وەزیری عەرەبەکاندا بوو، دەقی ئێرانیگریشی وەرئەگێڕاند یان بەرهەمی ئەهێنا. ئەوە بوو کە لە هەرەس هێنانی ئیمپراتوری عەرەب، پارسەکان توانییان کەڵک وەربگرن و هەروەها لە سامانیان، هەتاکوو سەفەویان بە سەربەخۆیی گەیشتن. بەڵام دەیان جار ئیمپراتوری ئێران لە هەخامنشیانەوە بگرە تا حەمەڕزاشا ڕووخاوە باشە بۆ کورد نەیتوانی کەڵکیان لێ وەربگریت؟ چوونکە فکری کورد ئێرانییە، و شوناس و مێژوی خۆی ناناسێت. هەر ئەو سەفەوی و سەلاحەددین بۆ دەبنە ئێرانی و ئیسلامی؟ بۆ هەوڵیان نەدا بۆ ئیمپراتورییەکی کوردی؟ لە نەبوونی فکرو ئیدەی نەزم یان دەوڵەتی کوردی، یان وەکوو سەلاحەدینی دۆینێ و مەکتەب قورئانەکانی ئەمڕۆ ببین بە ئامرازی ئەوانی تر یان لە نەزمی قبیلە (خێڵ) و حیزب وەکوو شەدادیان و ڕەوادیان و ئەردەڵان و حیزبەکانی ئەمڕو سنووردار بمێنینەوە. هەروەک حیزبەکان ئەمڕۆ ئیرانی و ئیسلامی و جیهانی هەن بەڵام بە شانازییەوە ئەڵێن بۆ سەربەخۆیی کورد تێیناکٶشن؟ ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە. خۆ چەک و هێزیان هەبوو بەڵام چوونکە هیچ ئیدە و فکرێکیان لە نەزم یان دەوڵەتی کوردیدا نەبوو.  کاتێ ئیدە و فکرێ لە کوردستانی سەربەخۆ یان دەوڵەتی کوردی نییە، تێکۆشان بۆ دەوڵەتی کوردی ڕەوایی نییە. لە فکری ئەوانی تر خەبات بۆ کوردستان دەبێتە تەجزیەتەڵەبی (جیایی خوازی) و یاخیگەری و… هتد.  ئێمەی کورد خۆمان فکرمان لە دەوڵەتی کوردی نییە لە ڕوانگەی ئەوانەوە چاو لە خەباتی خۆمان دەکەین و بەردەوام دووپاتی دەکەێنەوە ئێیمە جیایی خواز نین، ئێمە فڵان و فیسار نین و… .تاد، بۆ؟ چوونکە خۆمان بۆ ئەو خەباتە ناو و چەمکمان نییە. نازانین ئەو شتەی ئەوان پێ دەڵئن خراپ، بۆ ئێمە باش و ئازادی و … .تادە، کاری من ئەوە نییە هەر ئێستا چەک بگرین بە دەستا بڵێین دەوڵەتی کوردیمان دەوێت، کاری من ئەوەیە کە ئەم سنوورە سیاسییانە لە بیرو بڕوای خۆماندا پەسەند نەکەین، لانیکەم لە بیرو بڕوای خۆماندا فکری نەتەوایەتی و گوتاری نەتەوایەتی دابڕژێنین و ئەویدی ببینە دەرەوە. کە ئەگەر دەرفەتێ وەکوو سێڤر خوڵقا، کەڵکی لێ ورەبگرین.

ڕۆژی کورد: پرسیار لە بەڕیزتان یەکجار زۆرە، بەڵام نامانهەوێ لەوە زیاتر ماندووتان بکەین، لە کۆتاییدا ئەگەر قسەیەکتان هەیە کە بە پێویست دەزانن باسی ببکرێ، بفەرمون.

قادری: ئەوە دووپات دەکەمەوە کە کتێبی “عەقڵی سیاسی ئێران و ناسنامە خوازی کورد”، نابێت وەکوو ئەو کتێبانەی کە تا ئێستا نووسراوە، شرۆڤە بکرێت. ئەم کتێبە تەنیا باسێکی مێژوویی نیە، تەنیا باسی ئەوە نییە کە کورد ئێرانییە یان نە. بە پێچەوانەی کتێبە مێژووییەکانی پێشوو، بەشێ زور کەمی تەرخان کراوە بۆ باسی ڕەچەڵەک ناسی و…تاد، ئەم کتێبە ناسنامەی کوردە. شوناس و پلانێکە بۆ زانستی سیاسی و نەزم یان تەکوزی کوردی. بناغەیێکە بۆ داڕشتنی فکر و ئیدەی کوردی. کە ئەبێ درێژەی پیێ بدرێت. من تەنیا پرسیارم خستوەتە ئاراوە. تەنیا پلانێکی سەرەتاییە. هەر بەشێکی ئەم کتێبە دەتوانێت ببێت بە مژارێک بۆ تێزی خوێندکاران و هەست دەکەم کێشەی ئێرانی بوون یان نەبوونی کوردی چارەسەر کردووە و بۆ یەکەم جار شوناس و ئیدەیەکی سەربەخۆی بۆ کورد داڕشتووە و دەتوانێت چوارچێویەکی تیۆریک بێت بۆ نووسین و بوژاندنەوەی مێژوی کورد.و وەڵامی زۆر پرسیار وەکوو ئەوەی کە بۆ تا ئیستا کورد خاون دەوڵەت نەبووە و بناغەی ئەم هەموو دژایەتییە لە گەڵ کورد چی بووە، داوەتەوەو. ئەم کتێبە مێژووی خستۆتە تەنگژە و ململانێوە و خودای بۆ دۆئێل بانگ کردووە. ئەم کتێبە ئەڵێ کلتوری ئێران و ئیسلام و مێژوو بە گشتی لەلایەکەوە لە هەمبەر کورد سەری هەڵدا و لە لایەکی ترەوە زەوت کردن و دەست بەسەردا گرتن و گۆڕینی کلتوری مادی/میترایی بوو. بۆ نمونە حەوت خانی عرفان کە لە هەموو ئایینەکاندا هەیە، میتراییە بەڵام هەڵگڕێندراوەتەوە. حەوت خانی میترا بۆ زەوین و شایی و جەستەیە کە لە ئایینە ئاسمانیەکاندا گۆڕا بۆ ڕوح و مەعنەوییەت و خودا. هەمووی زکرو سەمای عیرفان، هەمان هەڵپەرکێ کوردییە بەڵام ڕەنگ و بۆنی خوداییان پیداوە. ئەوەیە کە تکادەکەم ئاستی کتێبەکە نەیەتە خوارو بۆ جوێن دان یان باسی دژبەری سیاسی کەڵکاژۆی لێوەرنەگیردرێ. بەداخەیشەوە دەبێ بلێم ئەگەرچی ساڵیانێکی زور خەریکی بووم بەڵام بە هۆێ بڕی کێشە و گرفتی ژیان و ئازاری زانکۆ لە داڕشتنی زۆر پەلەم کرد. ئەوەیە کە خۆشم ئێستا دەگەمە دەرئەنجامگەلی زور گرنگی ئەو تێزە. من چوومە نا داڵانێکی تاریکەوە کە تا ئیستا کەس نەچووبوو، ئەم کتێبە شتانێکی دەرخست کە بە مێشکی کەس نەگەیشتبوو. ئەوەیە کە لە پێناسە کردنی خۆم لادەدا. بەو هۆیە تەنیا  ناساندنێکی کورت لەم کتێبە، ئاستی دێنێتە خوار و دایدەبەزێنێ،

بەڵام هەروەک گوتم کاری زۆرمان ماوە بۆ بوژاندنەوە یان هەڵگیرساندنی مێژوو و شوناسی کورد، دەبێ درێژە بدرێت بەم بەرهەمە. قەڵەم بە دەستانی کورد بەداخەوە یان خەریکی فکری لامەکانی ڕۆژئاوایین یان باسی ڕۆژنامەوانی. ئەویسە هێشتا پرسیارێکی سەرەکی و ڕەسەن سەبارەت بە مێژوو و شوناسی کوردی نەهاتۆتە ئاراوە. چوون بە هەست هەمووی چارەسەر بووە. ئەبێ ئەم هەستە ببێت بە مەعریفە (ناسین) و چەمک. لە ئاکامدا هیوادارم دۆستان لە ڕەخنە و بوچونیان بێبەشم نەکەن.