بەهرۆز جەعفەر: وا بڕوات هاتنی پەکەکە بۆ باشور ئەبێتە زەرورەت پارتی لە ھەولێر ڕێگری لە کۆڕێک دەکات لەسەر شەنگال هەواڵەکانی بابەتی بێکاری و گرانی و هێرش بۆ سەر لاوان لەبەریتانیا شەڕکەرانی ئەفغانی لە سووریا مافی هاووڵاتیبوونی ئێرانیان پێدەدرێت لە ڕێککەوتنی باڵەکانی یەکێتیدا بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی بەغداد دانراوە بەریتانیا: لەمانگی ٤ی ئەمساڵەوە کۆمەڵێک یاسای گرنگ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە بریتانیا : بە رێپێوانی جەماوەری گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ١٥ شۆبات بۆ سەر ئۆجالان شەرمەزاركرا خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی دژی تره‌مپ وتریزا مه‌ی له‌به‌ریتانیا لە دوانزە کاتژمێردا زیاتر لە حەوت سەد هەزار واژۆکراوە بۆ رەتکردنەوەی سەردانی ترەمپ بۆ بەریتانیا بریتانیا : بە بۆنەی ٧١ سالرۆژی دامەرزاندنی کۆماری کوردستان ، موداخەلەی داگیرکەران بە ئامانجی شەری کوردکۆژی مەحکووم کرا هەژدەیەمین دادگایی نیوان چاودێریی دارایی و شارەوانی سلێمانی بەڕێوە چوو ناوازە: پیری زەردەشتیانی کوردستان، ئاڵای کوردستانی کردە ملی کونسوڵگەریی دەوڵەتی فەلەستین سیستەمی تەندروستی بریتانی لەئینگلەند لە قەیرانێکی یەکجار قوڵدایە نه‌سرین عه‌بدوڵا: 601 ژنى ئێزدیمان له‌ ده‌ستى چه‌ته‌کانى داعش ڕزگار کردوه‌ جەلالی سام ئاغا: من هیچ پۆست و وەزیفەیەک وەرناگرم کاردانه‌وه‌کانی تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووس شوکری زینه‌ددین به‌رده‌وامه

هه‌واڵی تایبه‌ت

پیر لوقمان، نهێنییەکانی گەڕانەوەی زەرردەشتییەکان بۆ ڕۆژنامەی پۆلیتیکا ئاشکرا دەکات

03/25/2016 17:41:43 پێنوسەکان

سازدانی: پۆلیتیکا...

پۆلیتیکا: بەر لە پەرستگەکەی ئێوە ، لە نێو کۆمەڵگەی کورد دا باوەڕی زەردەشتی لە ڕۆژی ئەمرۆ دا هەیە؟

پیر لوقمان: ئاینی زەردەشتی هەڵقوڵاوی ناو شاڕەگەکانی فەرهەنگ و مێژووی خەڵکی کوردە، ئەوەتا زەردەشتی مەزن لەشاری شیز و لەنزیك دەریاچەی ورمێ کە لەبنەماڵەی گەورەی موگان ( سپەنتمان) لەدایك بووە و ١٧٠٠ ساڵ پێش میلادی عیسا هاتۆتە دنیاوە. ئەو، وەك ڕیفۆرمخوازێك لەناو ئاینی میترادا هەڵقوڵاوە. لەکاتێکدا تەواوی بەڵگەکان ئەوە دەسلمێنن کە زەردەشتی مەزن موگ بووە و موگەکانیش تیرەیەکی ئاینی و چاوگی زانستی ڕۆژانی دووری مێژووی پێش مادەکانن. مادەکانیش درێژکراوەی موگەکانن و کوردیش نەوەی ئەوانە. کەواتە، ئەم ئاین و بیروباوەڕە لەناو منداڵدانی کۆمەڵگای کوردیی ئەوکاتەوە لەدایك بووە. بۆیە، تاکو ئێستا کورد، وەك نەتەوە تەواوی فەرهەنگ و دنیابینییەکانی خۆی لەسەر ئەو پنتە هەڵچنیوە و وێڕای گۆڕینی ئاینەکەی بەزۆر، هێشتا خاوەنی فەرهەنگی تایبەت بەخۆیەتی. تەنانەت زۆرێك لە ئاینەکانی خۆی لەدەست نەداوە وەك ئێزەدی و یارسانی و خورشیدی و پێکهاتەکانیتری. بەدرێژایی مێژووی داگیرکاریش کە ١٤٣٧ ساڵ بەسەر ئەوەدا تێدەپەڕێت هێشتا کورد بەگشتی باوەڕی وایە کە ئەوان زەردەشتین. ژمارەیەکی کەم نەبێت کە ئەوانیش لەناو ئەو شەپۆلە گەورەیەدا وونن. نمونەی بەرچاو بۆ ئەمە ئەوەیە لەهاتنی چەتەکانی داعشدا، کورد، کەمترین ژمارەی لەناو ئەو چەتانەدا هەبوو. بۆیە، پەرستگای زەردەشتیانی کوردستان کە لەشاری سلێمانی کراوەتەوە تاکە وێستگەی زەردەشتیان نییە بەڵکو لەناو هزری هەموو تاکێکی کوردیدا زەردەشتێك هەیە. هەر لەو بارەیەوە هێشتنەوەی جلوبەرگی کوردی و هەڵپەڕکێ و هۆرە و سیاچەمانە و قەتار و لاوك و حەیران و تەنانەت زۆر فەرهەنگی وەك و شێوازی زەماوەندی بوك و زاوا و پیرۆزیی ڕۆژی چوارشەممە و نەورۆز و ئاگرە پیرۆزەکەی و چوارشەممەسووری و سیانزەبەدەر و زۆرشتی ووردتر و سەرنجڕاکێش بەتایبەت هەموو لەهجەکانی زمانی کوردی، مانەوەیە لەفۆرمی نەتەوایەتیدا کە ئاینی زەردەشتی پێشتر هێشتوویەتییەوە. وێڕای ئەوەی سۆفیگەری و عیرفانی و تەریقەتەکانی کوردستان، بەتایبەت عەلەوییەکان، بەجێماوی ئەو ئاینەن.

 

پۆلیتیکا:  زەردەشتی وەک خۆی ، نەک وەک ئیزدایەتی، یان یارستانی یان عەلەوێتی لێرە مەبەست زەردەشتی ڤەرسیۆنە ڕەسەنەکەی خۆی هەیە لە کوردستان جگە لەوەی ئێوە کاری بۆ دەکەن؟

پیر لوقمان: ئاینی زەردەشتی وەك بزوتنەوەیەکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی کوردی کە خۆی لە ڕێکخراوبوونی مەدەنیدا و لەناوەندێکی گەورەی ڕێبەرایەتیکردندا بینیوەتەوە، لەمانگی دووی ساڵی ٢٠١٥ دا بەگەڕانەوەم لەبەریتانیاوە بۆ سلێمانی، وەك یەکەم بانگەشە، سەریهەڵدا و ئێستا خۆی فۆرمەلە کردووە. بزوتنەوەکە لەسەر گۆڕینی  ئەندێشە و کەرەستەی بیرکردنەوەکانی تاکی کوردی کار دەکات. پشت بە مێژوو و ڕابردووی نەتەوەی کورد دەبەستێت. پشت بەهەموو ئەو داتایانە دەبەستێت کە دەرهاویشتەی ناو عەقڵی کورد خۆیەتی. وەك زەردەشتی مەزن دەفەرموێت ( با لەو کەسانە بین کە هەمیشە جیهان و ژیان تازە و نوێ دەکەنەوە) هەربۆیە بزوتنەوەکە پشتی بە بیرکردنەوەکانی نەتەوەیی و مێژوویی خۆی بەستووە و ئەوەی بەرهەمیش هاتووە لەئەنجامی خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی ناوەندی زەردەشتیانی کوردستانەوەیە و تاکە هێز و کۆمەڵەی ئاینیی و فەرهەنگیی کوردە لەناوچەکەدا سەریهەڵداوە. ئەمە بەو مانایەیە کە زەردەشتایەتی وەك ئاین بەتەواوی توابۆوە. بەڵام بەم سەرهەڵدانەوەیە جارێکیتر ئاینەکە سەریهەڵداوەتەوە و ئێستا خەڵك بەکۆمەڵ، ڕوو لە ناوەند و پەرستگای زەردەشتیان دەکەن و ڕێوڕەسمی ئاینیی خۆیان جێبەجێ دەکەن و گاتاکانی زەردەشتی مەزنیان فێر دەکەین و فێری زمانی ئاڤێستایی و نوێژ و ئەرکەکان دەکرێن. بەتایبەت فێری ڕێنوسی(  دین دەبیرە) ی سەردەمی ساسانییەکان دەکرێن کە بزوتنەوەکە پێی وایە پێویستە کورد وەك نەتەوەیەك زمان و نوسین و ئاینی تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ بەبەرداکردنی شوناسێکی بێوێنە کە نەتەوەی لەسەر دیاری دەکرێت. بەمەش ئامانجەکەمان بەئاسانی دەپێکین.

 

پۆلیتیکا: ئێوە بە پێی کێ و چی دەلێن " ئێمە سەر بە ئاینی زەردەشتین و پەرستگەی زەردەشتیمان هەیە ؟ رەفرەنس و پێوەری ئێوە بۆ ئەو پەیڕەوە چیە ؟

پیر لوقمان: کوردەکان، لە لق و چڵی درەختی موگن. ئێمەش زەردەشتیانی کوردستان، بەپێی ڕێنماییەکانی زەردەشتی مەزن کەلەگاتاکاندا هاتووە ڕێبەرێتیی ئاینەکە دەکەین. لەلایەن زەردەشتیانی جیهان و ئاتەشگاکانی زەردەشتییەوە لەسەر ڕووی زەوی دانپێدانراوین تەنانەت نەتەوەیەکگرتووەکان دانیپێداناوین و لە حکومەتی هەرێمیش نوێنەرمان هەیە و لەدەستووری هەرێمیشدا وەك پێکهاتەیەکی ئاینیی کوردیی ڕەسەن ناومان هێنراوە. ئەو پەرستگایەش لە سلێمانی کوردوومانەتەوە بەفەرمی دراوەتە حکومەتی هەرێم و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانییەوە بەشداریی ڕێوڕەسمی کردنەوەکە بوون و نوسراوی بەفەرمی ناسینیشمان داوەتە حکومەتی ناوەندیی عێراق. نەخشەی دروستکردنی پەرستگایەکی نوێشمان پێشکەش بە حکومەت کردووە کەلەسەر نەخشەی ( چووار تاق) ی سەردەمی میدەکانە و بەنەخشەی ئەو پەرستگایەیە کەلەدەربەندیخان نۆژەن کراوەتەوە و چاوەڕوانین ڕادەستمان بکەن و ئاوەدانی بکەینەوە.

 

 پۆلیتیکا:  لە مەراسیم، داب و نەریت و تەنانەت لە ئەندازیارێتی پەرستگەکان دا سود لە کوێوە وەردەگرن؟ سەرچاوەکەتان چیە ؟

پیر لوقمان: مەراسیمە ئاینییەکانی زەردەشتی، لە ( وردە ئاڤێستا) دا تەواوی پیادە دەکەین. نوێژ و جەژن و بۆنەکان وەك خۆی کەپێشتر لەناو کوردا هەبووە و لەسەردەمی ساسانییەکاندا جێبەجێ کراوە، پیادەی دەکەین. بەڵام هێشتا ئاگردانمان نییە چونکە هێشتا ئەو پەرستگایەی دەمانەوێت دروست نەکراوە و ئەو ١٢ پەرستگایەش کە بڕیارە نۆژەن بکرێنەوە و ئاوەدان بکرێنەوە بەتایبەت ئەوەی دەربەندیخان، هێشتا حکومەتی هەرێم هیچ هەنگاوێکی بۆ ڕادەستکردنەوەی بە زەردەشتیان نەناوە. بۆیە لەئێستادا تاکە پەرستگا کە هەمانبێت ئەوەی سلێمانییە و لەوێدا ڕێ و ڕەسمە ئاینییەکان جێبەجێ دەکەین. بۆ سودوەرگرتنیش لە نەخشە کۆنەکانی شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان، وەك لەبەرگرتنەوە و نەختێك پێشخستنی بەپێی تەلارسازیی دێرینی کوردی بڕیارە دروست بکرێن و نمونەی سوێنەواری زۆر گرنگمان لەکوردستان لەبەردەستایە و پشت بەوانە دەبەستین.

 

 پۆلیتیکا: ئێستا لە ئاستی جیهان دا لە کوێ ئاینی زەردەشتی زیندووە و پەیڕەو دەکرێ ؟

پیر لوقمان: ئاینی زەردەشتی لە هندستان و ئێران و کوردستان پیادە دەکرێت و وا خەریکە ژمارەی کوردە زەردەشتییەکان ڕێك بەرامبەر ژمارەی تەواوی زەردەشتیانی جیهان دەبن و ڕۆژ بەڕۆژیش لە زۆربووندان. لەکاتێکدا زەردەشتییەکانیتری نەتەوەکانیتر کە فارسن، خەڵك بۆ سەر ئاینەکەیان وەرناگرن کە بەپێچەوانەوە زەردەشتییە کوردەکان بانگەشەی بەجیهانی بوون دەکەن.

 

پۆلیتیکا: هەلوێستی گەلی کورد بۆ ئێوە چیە ؟

پیر لوقمان: نەتەوەی کورد، بەردەوام لەشێوەی بەیەکەوە ژیانێکی ئاشتیانە و بێ گیروگرفت لەمێژوودا ئاینەکان بەیەکەوە ژیاون و خۆشەویستیی خاك و نیشتمان و نەتەوە، وایکردووە کە هەمیشە گرنگی بەخۆیان بدەن و تەنها لەسەردەمی ساسانییەکاندا ١٣٧ ( سەد و سی و حەوت ) ئاین و ئاینزا بەیەکەوە و بەبێ کێشە لەگەڵ یەکدا ژیاون. هەربۆیە لەئێستادا کە نەتەوەی کورد بە چڕی ڕووبەڕووی داگیرکەرەکانی بۆتەوە و سۆزی نیشتمان پەروەری گەیشتۆتە ئەو جێگایەی کە ئاینێکی کوردیی وەکو زەردەشتایەتی سەرهەڵبدات و خەڵك بە شەپۆل بۆ سەر ئەم ئاینە بگەڕێنەوە.

 

پۆلیتیکا: چی بوو کە هەروا لە ناو لە نێو گەل دا ئاینی زەردەشتی جارێکی تر دێتەوە ئاراوە ؟

پیر لوقمان: بەدیدی من، نەتەوەی کورد گرفتی فەرهەنگ و کولتوور و خودناسینی هەیە. مێژووەکەی شێوێندراوە و دزراوە. بەهۆی پارچە بوونی و دەستڕانەگەیشتنی بەدەسەڵات، نەیتوانیوە خاوەندارێتی لەمێژووەکەی بکات. بەهۆی داگیرکاری و سەپاندنی ئاینێکی بێگانە بەزۆر و بەشمشێر، بیرکردنەوەی نەتەوایەتیی لەدەست داوە یان تا ئەوپەڕی لاوازی چووە. بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم بارە لارەش پشتبەستنەوە بە داهێنراوە عەقڵانی و زانستییەکانی خۆی و بوونەوە بەخۆی ( فەلسەفەی زەردەشتی) باشترین کەرەستەیە کە بتوانێت جارێکیتر بەرەو جیهانبینی و زانست و مەعریفە و عەقڵگەرایی بیگۆڕێت. لەڕوویەکی تریشەوە ئەگەر زەردەشت و مێووەکەی لە نەتەوەی کورد داببڕین ئەوا کورد زیانی زۆری مێژوویی بەردەکەوێت و هەزاران ساڵ مێژووەکەی وون دەبێت و هەرواش بەپێچەوانەوە ئەگەر کورد خاوەندارێتی لە زەردەشتی و مێژووەکەی نەکاتەوە ئەوا ئاینەکە بەتەواوی بوونی نامێنێت.

ناکرێت نەتەوەیەك بەو گەورەییە هەروا بەئاسانی و بەسانایی بەبێ دەسەڵات و ئازادی و خۆبەڕێوەبەرێتی و دابەشبوون و ژێر دەستەیی و کۆیلەبوون و دوواکەوتوویی بمێنێتەوە و هەموومان ئۆباڵەکەی بخەینە ملی داگیرکەران. لەکاتێکدا ئەم کۆمەڵگایە ئامادە نەبێت خۆی بسەلمێنێت. ڕاستە ئێمە بەدرێژایی مێژووی هەزار ساڵ زیاترە بەبەردەوامی دەجەنگین، بەڵام لەبەرامبەردا نەمانتوانیوە لەڕێگای جەنگەوە هەموو ئەوەی دەمانەوێت چنگی بخەین و بەبێکێشە هەموومان لەیەك بازنەدا خۆمان بۆ ئامانجەکەمان کۆبووبێتینەوە. بەپێچەوانەوە تاکو ئێستا کورد نەیتوانیوە بۆ ئامانجە گشتی و تایبەتی و نەتەوەییەکانی یەك بگرن. ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە کە خاك لەجێگای دایك نییە. ئەو فەرهەنگەی هەشییەتی زیاتر پڕە لە خورافات و بۆ جیهانی دووای مردن خۆیان هەڵ دەگرن لەکاتێکدا بەهەشت لەژیانکردندایە نەك لەمردندا. کەواتە پێویستە کورد بۆ ژیان بمرن نەك بۆ مردن بژین. ناکرێت نەتەوەیەك باوەڕی وابێت کە سەربڕین و بە سەبایەبردنی کچەکانیان ڕەوایە. ناکرێت داگیرکردن و کۆیلەبوون و ژێردەستەیی و بچوکێتی بەڕەوا بزانن و پێیان ئاسایی بێت. ناکرێت دابەشکردنی خاکی کوردستان ئاسایی بێت لەلای خاوەنەکەی. چۆن دەکرێت خەڵك و نەتەوەی تر خاوەنی کوردستان بن و ئێمەی کوردیش نەتەوەی ژێر دەستەی دووەم بین. ئەمانە وایکرد زەردەشتێتی زیندوو بێتەوە تاکو شکۆمەندی بۆ تاکی کورد بگێڕینەوە. چۆن دەبێت نەتەوەیەك خاوەنی گەورەترین ئیمبراتۆریەتی سەر زەوی بووبێت و ئێستا لەنیشتمانەکەی خۆیدا میوان بێت؟ داهێنەری یەکەم گوند و یەکەم چاندنی کشتوکاڵ و یەکەم ووشەی هەڵکۆڵدراوی نوسین و یەکەم خانوو و یەکەم ڕامکردنی گیانداران بێت و برۆنز و ئاسن و ئاڵتوونی دۆزیبێتەوە و ئەستێڵ و بەنداوی دروست کردبێت کەچی ئێستا هیچ نەبن و بە ناوی جنۆکە و کوڕی شەیتان و نەگریس و بێئەقڵ بێنە حساب کردن؟  ئەمانە تاك و کۆمەڵگای کورد خۆی لێی بەرپرسیارە نەك داگیرکەران... ئەوەتا هەموو نەتەوەکانی جیهان خاوەنی پێگە و دەسەڵاتی خۆیانن کەچی کورد، وەك گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت ناسراوە؟ ئەمە مۆراڵی تاکی کوردە ئەم دەردەسەریانەی بەرهەم هێناوە باشترین نمونەی بەرچاو لە باشوور لە هەشتاکاندا ٣٦٠٠٠٠ ( سێ سەد و شەست هەزار) جاشی کورد هەبوو کەچی لەبەرامبەردا تەنها ٥٠٠٠ ( پێنج هەزار ) پێشمەرگە هەبوون. هەروا ئێستا لەشارەکانی کوردستاندا زیاتر لە ٥٤٠٠ ( پێنج هەزار و چووارسەد) مزگەوت هەیە کە چی یەك پەرستگای زەردەشتی کراوەتەوە نیوەی مسوڵمانەکانی کوردستان تەکفیریان کردووە. کچانی ئێزەدی بەپۆل بەسەبایە بران یەك مەلای ئاینیی ئیسلامی ئیهانەی نەکرد. هیچ حیزبێکی ئیسلامی دژی نەوەستایەوە. لەهەموو دهۆك و زاخۆ و بادیناندا یەك چێشتخانەی ئیزەدییەکان نییە و بەپیس و شەتیانپەرستیان دەزانن. ڕۆژ نییە لەشار و جێگەیەکی کوردستان ژن لەسەر شەرەفی ئاینیی ئیسلامی نەکوژرێت لەکاتێکدا لەناو فەرهەنگی کوردیدا ژن، هەم دایکە و هەم ڕێبەر و هەم پادشا و خاوەن دەسەڵات و سوارچاك و پاڵەوان و شوانکارە و وەستا و دارتاش و ئاسنگەر و تیروکەوان بەدەست و شمشێر وەشێن و سەرباز بووە. ئەمانە بەرهەمی بیکردنەوەکانی کۆمەڵگای کوردین کە پێویستە ڕاست بکرێنەوە. ئەوەتا لەهەر سەرچاوەیەك بگەڕێیت و بەناوە نێودەوڵەتییەکەی ( ساسانییەکان) کراون بە موڵکی فارس، کەچی ئەو گەورە ئیمبراتۆریەتە موڵکی حەقیقیی کورد بووە. زۆربەی شوێنەوارە مێژووییەکانمان یان لەناو براون یان دزراون یان کراون بە موڵکی بێگانە و داگیرکەرەکان. ئەوەتا تورکەکان نەوەی مەغۆل و تەتەرەکان بوون کەچی ئێستا بوونەتە خاوەن ماڵ و خاوەن مێژوو و خاوەن دەسەڵات لەئێمە. عەرەبەکان کەنگێ لە بەغداد ژیاون؟ کەی خاوەنی ڕەققە بوون؟ عەرەب لە ئەهواز چی دەکات؟ فارس کەی لەتاران و شیراز و ئەسفەهان ژیاون؟ تورك کەی لەناوچەی ئازەربیجان ( ئاتروپادگان) بوون؟ ئازەرییەکان کەنگێ تورکن؟ بۆ ئەمە و بۆ ئەوەی کورد ببێتەوە بەخۆی ئەم شۆڕشی فەرهەنگییە سەری هەڵداوە و کار لەسەر گۆڕینی بیرکردنەوەی خەڵکی کورد دەکات و کار لەسەر لەخاوەندارێتیکردنەوەی مێژوو دەکات.

 

پۆلیتیکا: پەیوەندی ئێوە لەگەل حکومەتی هەرێمی کوردستان چیە ؟

پیر لوقمان: ئێمە، لەباشوورین، باشووریش لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە. ئەوان بەپێی یاسای ژمارە پێنجی ساڵی ٢٠١٥ ڕێگەیان بەهەر کەسێك داوە کەبەئازادی پیادەی ئاینیی خۆی بکات. لەوەزارەتی ئەوقاف نوێنەرایەتییان بۆ داناوین. بەڵام وێڕای ئەوەی قۆرت و تەگەرەی زۆریان بۆ دروست کردووین و تاکو ئێستا دانیان بە پەرستگای زەردەشتیان و پلەئاینییەکان و مەرجەعیەتی زەردەشتیاندا نەناوە و بەردەوام دووامان دەخەن و دەستی دەستیمان پێ دەکەن. تەنانەت نوێنەرێکیان لەلایەن خۆیانەوە بۆ داناوین و زەردەشتیش نییە. بۆ چارەسەرکردنی ئەوانە بەردەوامین لەگفتوگۆ لەگەڵیاندا بەڵام تاکو ئێستا ئاکامێکی نەبووە. هەرچەندە هەرچییەکمان کردووە بەهێز و توانای مادی و فیزیکیی خۆمان کردوومانە.

 

پۆلیتیکا: داخۆ بە فەرمی دانیان بە کارەکانی ئێوەدا ناوە ؟

پیر لوقمان: لەدەستووری نوێدا، بەفەرمی دان بەئاینی زەردەشتیدا نراوە بەڵام دان بە پلەی ئاینی و ڕێبەرایەتی و پەرستگاکەماندا نەنراوە و بە بیانووی خراپیی دەرامەتی ئابوورییەوە هیچ باسێك نەلە دروستکردنی پەرستگایەکی نوێ و نەلە ڕادەستکردنەوەی پەرستگا کۆنەکاندا نییە.

 

پۆلیتیکا: پێوەرەکانی ئەو ئاینە لە پەیوەندی کۆمەلایەتیەکان دا چیە ؟

پیر لوقمان: زەردەشتی مەزن لە ئامۆژگاریەکانیدا بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو جەخت لەسەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکاتەوە. بەدیدی ئێمەی زەردەشتیانیش ئاین تایبەتە بە تاکەوە و کۆمەڵ و گشتگیر نییە. تەداخولات لە سیاسەت و حیزبداری و دەوڵەتمەداری و بەڕێوەبردن و دادگاکاندا ناکات. بەڵکو ئیرادەی ئازاد بەرهەم دەهێنێت کە شانبەشانی بەرپرسیارێتی بڕیاردان و ھەڵبژاردنی ئازادانە دێت، ئەمە سکۆلاریزمی تەواوە کە ئاین لە دەسەڵات و دادگا دوور دەخاتەوە و تەداخولی ئازادای و بیروباوەڕەکانی تاك و کۆمەڵگە ناکات. ئازادیی هەڵبژاردنی ئاینی دەستەبەر دەکات و منداڵیش لە چەوسانەوە و بەزۆر داسەپاندنی دین دوور دەخاتەوە بەوەی تاکو تەمەنی نەبێتە ١٥ ( پانزە) ساڵ بۆی نییە ئاینی هەبێت و کە تەمەنەکەشی پڕ کرد ئەودەم ئازادە چ ئاینێکی دەبێت یان دەتوانێت هیچ ئاینێکی نەبێت. لەپاڵ ئەمەدا ژن و پیاو وەك یەك و تەنها بەناوی مرۆڤ بوونەوە دەڕوانێت. ژینگەدۆست و ئاژەڵ پارێزە. مرۆڤ فێری بەختەوەری و بەیەکەوە یانێکی ئاشتیانەی بێچین و چەوسانەوە دەکات و کۆیلایەتیی هۆش و کۆیلایەتیی جەستە وەلاوە دەنێت. مەرجی هەیە بۆ هەموو تاکێك کە خوێنەوار و عەقڵ گەرا بن. خاك پەرست و بەدیهێنەری بەهەشتێك بن لەسەر زەوی و لەژیاندا نبێکەم و کوڕی و بێ ئاژاوە و جەنگ بژین.

ئاینی زەردەشتی، هەمیشە جەخت لەسەر عەقڵ و حیکمەت و زانیاری دەکاتەوە، بۆیە هۆشیاری و ڕۆشنبیری لەسەر پێگەی ئازادیی تاك و بەستەریی خێزان و کۆنفیدراڵیەتی دیموکراسیی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەکان بەکۆمەڵگا دەبەخشێت. فێریان دەکات چۆن بتوانن بەبێ کێشە بەیەکەوە بژین. کوشتنی بەکۆمەڵی گیانداران و قوربانیکردنی ئاژەڵان و ڕۆژووگرتنی بەکاری دزێو ناوبردووە و لەکردەوەی دێو و خراپکارانە. هاوسەرگیری لەگەڵ نزیکەکاندا و کوشتنی لەسەر شەرەفی ژنان قەدەغە کردووە. ژن دەباتەوە سەردەمی دەسەڵاتداریی  یەکسانیخوازی ڕەگەزایەتیی هاوبەشی ژن و پیاو. فێریان دەکات، لەبەرامبەر هەرکارێکی نەشیاودا درەختێك بنێژن. بە بیر و گوتە و کرداری چاك گۆشیان دەکات و ڕێگای ( ئەشا) ڕاستییان فێر دەکات. خۆشەویستی و بەختەوەرییان لەنێواندا دەچێنێت. سروشت دۆستی و ژینگە دۆستییان فێر دەکات. زانست و زانیاریی نوێیان پێدەڵێت. هانیان دەدات ژیرێتی پێش بخەن و باوەش بەعەقڵگەراییدا بکەن و لە خورافات دووریان دەخاتەوە چونکە ئەوەی لەودیو زانستەوەبێت زەردەشتایەتی ڕەتی دەکاتەوە. فێریان دەکات هاوکاریی و یارمەتیی یەکتری بدەن و ئەوەی بەسوود و باشە بۆ ژیان بیکەن و لە خراپەکاری و وێرانکاری و ڕق و توڕەیی و بوختان وشەڕ و شۆڕ دوور بکەونەوە.

 

 پۆلیتیکا: ژن چ پێگەیەکی هەیە لەو ئاینەدا؟

پیر لوقمان: ئاینی زەردەشتی لوتکەی عەقڵ و هۆشی دۆزیوەتەوە کەتێیدا تەواوی ئافەریدەکانی بەیەك شێوەی یەکسان لەژیانکردن و مافی بەرابەریدا ڕەچاو کردووە بۆیە، لەئاینی زەردەشتیدا بەپێی ئەو ئەفسانەیەی دەگێڕدرێتەوە کە ڕوویەکی زانستیشی هەیە و بەهۆی بوونی خاکێکی گونجاو، خۆر، ئاو، هەوا، لەسەر زەوی، ئەوەیە کە ( نێر و مێ) لەژێر ناوی ( ئەشێ و مەشێ) لەشێوەی درەختدا بەیەکەوە و لەڕۆخی دەریادا لەدایك بوون. کەواتە ئەم دوو ڕەگەزە لەئاینەکەدا هیچ جیاوازییەکیان نییە. ژن، لەناو ئاینی زەردەشتیدا شانبەشانی پیاو، پاشا و سەردار و دادوەر و بەڕێوەبەر و کرێکار و سوارچاك و خاوەندار و سەرمایەدار و هاوبەش و هاویار و هاوژیان و هاوسەری پیاوە. ئەوەی بۆ پیاو ڕەوایە بۆ ژنیش ڕەوایە. لەخاوەندارێتی و گەواهیدان و بەشکردنی میرات و ژیانی هاوبەشدا، وەك پیاو لەیەك ئاستدان. تەنها ئەوەندەی لە سێ جێگادا لەپیاو زیاترە ئەوانیش( عەقڵی ژن، زیاتر کار دەکات و لەپیریدا زیرەکیی زیاترە. دایکە، بەمەش دەچێتە ڕیزی خۆشویستن و پیرۆزیی خاکەوە چونکە بەپێی ئاینەکە خاك سەرچاوەی ژیان و بوونە و ژنیش بەم پلەیە گەشتووە. خاوەنی منداڵە و پیاو ناتوانێت خاوەندارێتی لەمنداڵ بکات. واتا تەواوی مرۆڤایەتی موڵکی ژنە و خاوەندارێتیی منداڵ بەر دایك دەکەوێت).

هەر بۆ گەورەیی ژن، بەخۆر و هەوا و خاك و ئاو دەوترێت مێ. چونکە بوونەوەرەکانی لێ زاوە. ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە ڕۆژێکی تایبەت بەژن لەئاینی زەردەشتیدا هەیە و لەو ڕۆژەدا ژنان هیچ کارێك ناکەن و لەلایەن پیاوانەوە خزمەت دەکرێن.

 

پۆلیتیکا: زیاتر گرنگی بە چی دەدەن ئامانجتان لە بوژاندنەوەی ئەم ئاینە لە کوردستان دا چیە؟

پیر لوقمان: ئێمەی زەردەشتیان پێداگری لەسەر بوژانەوەی عەقڵگەرایی کۆمەڵگای کوردی دەکەین و لەکۆششداین کە تاکی کورد لە بیر و باوەڕی خورافات بسڕینەوە و کەرەستەی بیرکردنەوەکانی لە سەرچاوە و بیروباوەڕي باوە ئەفسانەیی و تاریکبینییەکانی دابماڵین و بەرگی زانستگەرایی بکەینە بەری. لەپاڵ ئەمەدا، تەواوی ئەو مێژووە دەگێڕینەوە و خاوەندارێتیی لێ دەکەینەوە کە لەسەر شانی کورد بەدرێژایی مێژوو شارستانیەتی لەسەر هەڵچنراوە و خاك دەگێڕینەوە بۆ پیرۆزیی وەك دایك و هەوڵی ئاشتکردنەوەی تاکی کورد دەدەین لەگەڵ خۆی و سروشت و دەورەبەرەکەیدا بەتایبەت لەگەڵ ئاژەڵان و درەخت و کۆمەڵگاکەیدا. دەمانەوێت کۆمەڵگایەکی بێکێشە و لەسەر بنەمای بەیەکەوە ژیانێکی ئاشتیانە بهێنینە بەرهەم کە یەکگرتوو و جاوەن بەهای مرۆڤانەی خۆیان بن. ئێمە کۆمەڵگای کوردی بەرەو زانستپەروەری و دادوەری و خاڵی بوونەوە لەستەمگەرایی ئاراستە دەکەین و بەرەو عەقڵێکی تەواو( کەماڵ) و پێگەیشتوویی و پوختەیی بچێت. چونکە باوەڕمان وایە، تاکێکی تەندروست خێزانێکی تەندروست بەرهەم دەهێنێت و خێزانێکی تەندروستیش کۆمەڵگایەکی تەندروستی لێ دەبێت و ئەو کۆمەڵگایەش حیزبێکی تەندروست و یاسا و دەستوورێکی تەندروست و دەسەڵات و بەڕێوەبردنێکی تەندروستی لێ پەیدا دەبێت.