گه‌ریلاكانى په‌كه‌كه‌ سوپاى توركیا شپرزه‌ ده‌كه‌ن بەریتانیا: کوردێک بە تاوانی ئەندام بوونی لە داعش دادگایی كرا نۆتینگهام : یه‌که‌مین کۆنگره‌ی جڤاکی دیموکراتیکی کوردان به‌رێوه‌ چوو. دەزگای ڕاگەیاندنی پێنوسەکان: پرسەنامەیەک ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان و بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا دەکات جەمیل بایک: لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەی هەولێردا لەگەڵ پارتی ئاگربەستمان هەبوو سۆران سەقزی لەسەر قەرزداری خۆی كوشتووە نوێنەری ناوەندی گشتیی زەردەشتیانی کوردستان بۆچی لەبەغدادە؟ زیاتر لە 350 میوانی بیانی لە 66 وڵات لە فیستیڤاڵی جیهانی فەجر بەشداریی دەکەن فەڕەنسا: شەرە چەقۆی کۆچبەرانی کورد و ئەفغانی دەبێتە سەردێڕی هەواڵە جیهانیەکان بەریتانیا: سیامەند موعینی لە سیمینارێکی جەماوەریدا بەهرۆز جەعفەر: وا بڕوات هاتنی پەکەکە بۆ باشور ئەبێتە زەرورەت پارتی لە ھەولێر ڕێگری لە کۆڕێک دەکات لەسەر شەنگال هەواڵەکانی بابەتی بێکاری و گرانی و هێرش بۆ سەر لاوان لەبەریتانیا شەڕکەرانی ئەفغانی لە سووریا مافی هاووڵاتیبوونی ئێرانیان پێدەدرێت لە ڕێککەوتنی باڵەکانی یەکێتیدا بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی بەغداد دانراوە بەریتانیا: لەمانگی ٤ی ئەمساڵەوە کۆمەڵێک یاسای گرنگ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە

هه‌واڵی تایبه‌ت

جیۆپۆڵەتیکی نوێی ووزە و گۆڕانکارییە ھەرێمایەتیەکان " کاریگەرییان بەسەر ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە"

06/08/2017 15:33:26 بەهرۆز جەعفەر

پێشەکی:
ووزە و جیۆپۆڵەتیک، پەیوەندییەکی دانەبڕاویان لەگەڵ یەکتر ھەیە، سەدەی بیستەم گەواھیدەری ئەوەیە، ئەو ھێزانەی لەدەرئەنجامی ناکۆکی و شەڕەکاندا، دەستیان گەیشتووە بە سەرچاوە و ھێڵەکانی نەوت و غازی سروشتی، ئەوانە تام و بۆنی سەرکەوتنیان چەشتووە، ئەگەر کاریگەری ووزە بە سەر جوگرافیای سیاسیەوە ناوبنەین "جیۆپۆڵەتیکی ووزە"، ئەوا " پیترۆپۆڵەتیک- Petropolitic" یش وەک چەمکێکی تازەی ناو پەیوەندییە ئابورییەکان، بریتی یە لەکاریگەریی پیترۆڵ بەسەر خودی سیاسەتەوە، پیترۆڵ لەدەیان شوێن ھۆکاری ھاوپەیمانێتیەو، لەدەیان شوێنیش مایەی جەنگ و ھەڕەشەی گەورەیە، بۆیە نەوت و غازی سروشتی بەوەوە ناوەستن، تەنھا بەھای دۆلار و بازاڕ دەست نیشان بکەن، کاریگەری گەورەش لە دروستکردنی ھاوپەیمانێتیە سیاسیەکان دا ئەگێڕن و، ئەبێتە کەرەستەی دابەشکارییە ھەرێمایەتییەکان بەسەر زلھێزەکان دا.
ھەرێمی کوردستانی عێراق، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس (٢٠٠٣) ەوە، لەلایەکەوە بازاڕێکی تازەی ووزەیە و، کۆمپانیا فرەڕەگەزە نێودەوڵەتیەکان (Multi National Company) بە لێشاو ڕووی تێدەکەن، لەلایەکی تریشەوە، بە پێی دەستور (عێراق) دەوڵەتێکی فیدراڵی یەو، بەرپرسیارێتی  پەرەپێدانی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم بە پێی ماددەکانی (١١١ و  ١١٢ و ١١٥ و ١٢١) ی دەستوری عێراق کەوتۆتە دەستی ئەنجومەنی نەوت و غازی ھەرێم، لەژێر ڕۆشنایی یاسای ژمارە (٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧) ی پەرلەمانی کوردستان  کە لەھەمان ساڵدا کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە(١). 
ساڵی (٢٠١٧) یەو، کوردەکان لە عێراق وێڕای گەندەڵی و بینا نە کردنی دامودەستگای یاسایی و سیاسیی، ھێشتا لە چوارچێوەی حکومەتی مەرکەزیی عێراق دا ئەژین، کە ئەم دەوڵەتە (١١٤) ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی لەسەرە(٢) ، ناوچەکە بەگشتی لە ڕووی سەربازییەوە خەریکە قوتاری بێت لە جەنگی دژ بە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"، بەڵام ھێشتا لە عێراق دا (١١٧٠٠٠) سەت و حەڤدە ھەزار چەکداری میلیشیا ھەن و، دابەشبون بە سەر (٧٣) گروپ دا (٣) . ئەم تەنگژانە لەکاتێکدان، کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و ناوچەی کەنداو بەتایبەتی، لە کەف و کوڵی خۆ- ڕێکخستنەوەدایە بۆ گێمێکی تری ململانێ و ناکۆکی. 
بۆیە:  ئەم توێژینەوەیە، بە ئەرکی خۆی ئەزانێت لە چوارچێوەی میتۆدێکی  زانستی و ناونیشانی بابەتەکەدا، بەدەم وێناکردن و خوێندنەوەی تەوەرەکانەوە، سۆراخی سێ پرسیاری ڕاستەقینە بکات:
یەکەم: گرێبەستە کانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای ڕووس نەفت و ئەوانی تردا ڕوون بکاتەوەو، کاریگەرییان لەسەر بازاڕی ووزە دیاری بکات .
دووەم: وەرگەڕان و جیۆپۆڵەتیکی نوێی ووزە لە دەریای ناوەڕاست، پشت کردنە دەریای ناوەڕاست و ڕووکردنە دەریای ڕەش لەلایەن تورکیاوە، وەرچەرخانەکان لە ناوچەی قەزوین، لە کوتلەی کەنداوی فارس، ئەمانە ئایندەی سیاسی و ئەمنی و ئابوریی ھەرێمی کوردستانی عێراق بەرەو کوێ ئەبەن؟.
سێھەم: سیناریۆکانی بەردەم ئایندەی ھەرێمی کوردستان چیین؟.


تەوەری یەکەم: گرێبەستە نەوتییەکان
بەپێی پەیمانگای چاودێری ئیرادات (Revenue Watch Institute) گرێبەستی نەوتی، ئەبێت کلیلی چارەسەری دوو پرسی سەرەکی بێت، یەکەمیان: چۆن  قازانجەکان دابەش ئەبن، کە ئەمەیان زیاتر پێی ئەوترێ (کرێ- ئیجارات) لە نێوان حکومەت و کۆمپانیا بەشداربوەکاندا. دووەمیان:  چۆن (تێچوو- تکلفە) چارەسەر ئەکرێت. 
لە جیھاندا، گرێبەستە نەوتییەکان بۆ (٤) چوار جۆر پۆلێن کراون، ھەریەکەشیان باشی و خراپی خۆی ھەیە:
یەکەمیان: پێی ئەوترێ (گرێبەستی ئیمتیاز-Concession) ئەمە کۆنترین جۆری گرێبەستی نەوتییە، لە ئەمریکا ساڵی (١٨٠٠)  لەپای دەرھێنانی نەوت ئەم مافە ئەدرا بە ھەر کۆمپانیایەک، ئەمە بەشێکە لە سیستەمی ئەمریکی و، ئیمپریالیزمی نوێ، لێرەدا  کە دەوڵەت پارچەیەک زەوی دیاری کراوی خۆی ھەیە ئەیدات بە کۆمپانیای فرە ڕەگەز،  تیایدا مافی گەڕان و دۆزینەوەی نەوتی ھەیە، ئەگەر بڕێکی دیاریکراو دۆزرایەوە، ئەوا کۆمپانیاکە کاری گەشەپێدان و دەرھێنان و ئەمبارکردن و بازرگانی کردنیشی ئەنجام ئەدات ، حکومەت کاری ئەوەیە تەنھا کارئاسانی بۆ بکات، لەبەرانبەردا حکومەتی خاوەن زەوی (باج-Tax، رسوم –Fee) وەرئەگرێت. باشی ئەمە ئەوەیە زیاتر پێش چاوی حکومەت (خاوەن ماڵ) ڕوونە لەچاو شێوازەکانی تر لە گرێبەست دا، ووردەکارییەکی ئەوتۆی تیانییە، ھەروەھا تێچووی پرۆسەی دۆزینەوەو بەرھەمھێنان ناکەوێتە ئەستۆی خاوەن ماڵ. خراپیەکەشی ئەوەیە زۆر دەوڵەت و کۆمپانیا ئەچنە موناقەسەکەو داوای گرێبەست ئەکەن و، شیرینی پێشوەخت ئەدەن و...ھەندێ جار فشاری جۆراوجۆر بەکاردێنن.
"لەم جۆرەیاندا، کە ئەوترێت شەفافیەت لە گرێبەستە نەوتیەکان دا نییە، یانی دیار نییە چەند باج و رسوم و شیرینی لەو کۆمپانیایانە وەرگیراوە!".
دووەمیان: گرێبەستی بەشداری  وەبەرھێنان (العقود المشارکە فی الانتاج- Producting Sharing Contract).  لەم شێوازەدا، زەوی و موڵکیەت نادرێت بە کۆمپانیاکە، یەکەمجار ئیندۆنیزیا ساڵی (١٩٦٦) ئەم ڕێگەیەی تاقیکردەوە، کە زەوی و موڵکی خۆی نادات بەڵام کۆنتراکتۆر (بەڵێندەر-مقاول) مافی دەرھێنان و فرشتنی ھەیەو، بڕێکی دیاریکراو لە قازانج ئەدات بە حکومەت (خاوەن ماڵ). کۆمپانیاکانی نەوت لێرەدا ھێنانەدەرەوەی نەوت و بەگەڕخستنی تەکنیک و سەرمایەی خۆیان ئەگرنە ئەستۆ، پاشان قازانجی ساڵانەی خۆیان ھەڵئەگرن، ئەوجا چی مایەوە بە پێی ئەو ڕێژەیەی ڕێککەوتون لەگەڵ حکومەتدا دابەشی ئەکەن. ئێستا لێرەدا، زیاتر ڕوون بۆیەوە، کە گرێبەست ئەبێت ڕەچاوی (دابەشکردنی قازانج و چارەسەرکردنی تێچووی پرۆژەکە) ی تیا بکرێت. 
ئەم جۆرە گرێبەستە، ئەگەر باشییەکی ھەبێ، ئەوەیە: حکومەت ڕیسک و سەرکێشی بەسەرمایەو ئامرازەکانی خۆیەوە ناکات، بەڵکو ئەکەوێتە سەر کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان، ھەروەھا لەوسەریشەوە بڕێک قازانج وەرئەگرێت (ئەگەر ھەبو). بەپێچەوانەشەوە گرێبەستی بەشداری وەبەرھێنان، یەکێکە لەو شێوازەی گرێبەست کە سومعەیەکی خراپی ھەیە، چونکە حکومەت ئەبێت بەرپرسیارێتی: تەکنیکی، ژینگەیی،  دارایی،  بازرگانی،  شارەزایی یاسایی، لە ئەستۆ بگرێت بەرانبەر ئەو پرۆسیسانەی کۆمپانیای فرە ڕەگەز ئەنجامی ئەدات. ئەمەش بۆ دەوڵەتێک ئەبێت کە حکومەتێکی دەوڵەمەندو، بە ئەزموون و، ستراتیجیەتێکی ئابوریی بەھێزی ھەبێت، بۆ ئەوانە ئەبێت کە "کۆربۆکرات"ن، واتە چینە ساختەچییەکانی جیھانن، ھەموو وانەیەکی ھەواڵگریی، بانکی یان تەواوکردووە، سەدان ملیاریان ھەیەو، چەند کۆمپانیایەکیان داناوە، لە ڕێگەیەوە زەفەر بە ووڵاتە دواکەوتوەکان، یاخود تازە پێگەیشتوەکان ئەبەن و، مرخی خۆیان لە سامانەکەی خۆش ئەکەن، سەرەتا وەکو ئەوەی لە کۆماری مۆز، لە شیللی، لە فەنزەویلای سەردەمی شافێز-٢٠٠١، لە ئیکوادۆر و داستانەکانی ئەمازۆن، کردویانە، ئاوھا بەناوی بونادنانی ژێرخانی ئابورییەوە، حکومەت و سامانەکەی وێران ئەکەن. دواتر بۆ دەیەھا ساڵیش لەوسەرەوە خۆیان ئەکەن بە خاوەنی نیوەی پشکەکانی ئەو ووڵاتە.
زۆربەی گرێبەستەکانی ھەرێمی کوردستان لەم جۆرەن، ناوێکی جوانتریشیان داتاشیوە پێی ئەڵێن "کۆمپانیاکانی  گەڕان و پشکنین". زۆربەی ئەو گرفتانەی کە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان ھەیەتی، پەیوەستە بەمجۆرە لە گرێبەستەوە، کە تیایدا بڕی دەستکەوت و قازانجی ھەرێم یان دەوڵەتی خاوەن زەوی دیاری ناکرێت، حکومەت وەکو بارمتەیەک لێ ئەکات بەدەست ئەو کۆمپانیایانەوە، خراپییەکی تری ئەم گرێبەستە ئەوەیە، کاریگەری لەسەر ئیراداتی دەوڵەتەکە دروست ئەکات. 
دارایی گشتی دەوڵەت: بریتی یە لە بڕی دەستکەوتوو لەگەڵ تێچووەکان (واتە ئیرادات و نەفەقات) کە دەستەکەوتەکان کەمبو، ئەو خەمڵاندنەی لە پلانەکانی بودجەی ساڵ دا ھەیە ھەڵە ئەبێت، ئیتر (کورتھێنان- عجز) دروست ئەبێ، ئینجا بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتھێنانە ئەبێت بچی قەرزی دەرەکی بکەی، لەکوێ؟. لە لایەنێک کە خۆی ڕاستەوخۆ بەستراوە بەم جۆرە کۆمپانیایانەوە، بەواتایەکی تر، گریمانەیەکی تری ئەم دونیایەی سەدەی بیستویەک ئاڵۆزبونی پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتیەکانە، کە تیایدا کۆمپانیا فرەڕەگەزە زەبەلاحەکان بە توندی گرێدراون بە بانکی جیھانی و سندوقەکانی دراو ەوە. بۆ باشتر بەدواداچوونی ئەمەش، بڕواننە کتێبێکی دانسقە، بەناونیشانی، دانپیانانی بکوژێکی ئابوریی (John Perkins: Confissions of an economic hit man).
جۆری سێھەمی گرێبەست ( خزمەتگوزارییە لەھەمان کاتدا مەترسیەکیشە- Risk and Service Contract) ئەمە دەوڵەت لە ئەلفەوە بۆ یا کارەکان خۆی ئەیگرێتە ئەستۆ، تەنھا ھەندێ باری لۆجیکی و خزمەتگوزاری جۆراوجۆر ھەیە، لەگەڵ کۆمپانیایەکی دەرەکی دا ڕێک ئەکەوێت، گرێبەستەکانی حکومەتی پێشوی عێراق لەسەردەمی سەدام حوسەیندا لەم جۆرە بون، عێراقی دوای سەدامیش ھەر ئەم میتۆدەی گرتە بەر، بۆیە ھەرێمی کوردستان شێوازێکی جیای لە گرێبەست گرتە بەر، دەوڵەت لێرەدا بەتەواوی سەروەری خۆی ئەپارێزێت، جۆری چوارەمی گرێبەستیش بریتی یە فرۆشی گەڕاوە(٤).

تەوەری دووەم: لە نێوان دانا غاز و ڕووس نەفت دا
حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەساڵی (٢٠٠٦ ەوە بۆ ٢٠١٤) کەوتە بەر ململانێی ئابوریی و سەربازیی لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیی کە (نوری مالیکی) سەرۆکوەزیران بو، تا ئاستی ئەوەی ھێز ڕووبەڕووی یەک بکەنەوە، بۆیە ھەرێم لەسەرەتای  (٢٠١٤) ەوە بڕیاری دا ڕاستەوخۆ نەوتی خۆی ھەناردەی دەرەوە بکات، مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ (بۆ بازاڕیکردن) نەکات، ئەم ھەنگاوەشیان ناونا (سەربەخۆیی ئابوریی). بەڵام ئەم بڕیارە لەو کاتەدا ھەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەبو؟.
 لەبەرئەوەی ھاوکات بو لەگەڵ ھاتنی داعش و سەرھەڵدانی شەڕ، ھاتنی (١,٨) یەک ملیۆن و ھەشت ھەزار ئاوارە بۆ ھەرێم (عێراق ھەرچییەک بێت دەوڵەتەو ئێران و بەریتانیاو ئەمریکا بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مێژووییان بەرانبەری ھەیە). ھەروەھا بەدوایدا دابەزینی نرخی نەوت لە (١٠٠$) ەوە بۆ (٣٤$)، ئینجا بەھۆی بڕیارەکەی ھەرێمەوە، بودجەی ھەرێم لەلایەن بەغداوە بڕدرا. لەگەڵ ئەوەش دا بەشێوەی جێگیرو بەردەوام گەندەڵیەکی سیستماتیک لەھەرێم لەئارادابووە، سەرباری ھەموو ئەمانەش لەبەرئەوەی ھەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە، کەواتە زەمانەتی نێودەوڵەتی بەھێزی لە مینا کانی فرۆشتن و کڕینی نەوت بەھێز نییە، بۆیە ڕێککەوت ھەبووە بەرمیلێک نەوتی عێراقی بە پێی نرخی ستاندار (٥٤$) ی کردووە، ھەرێم فرۆشتویەتی بە (٢٧$)، جگە لەوەش لەگەڵ ئەو یەدەگە زۆرەی نەوت و غازی سروشتی کوردستان، بەڵام ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخی نەوت و تەنانەت ڕێرەوی ھێڵەکانیش نەبو، چونکە بە ناچاریی بە (قاچاخ- Smuggler) ئەم کاڵایەیان ساغ ئەکردەەوە. 
بەو شێوەیەی سەرەوە، چەندین سەکتەی یەکلەدوای یەکی بەھێز بەر حکومەتی ھەرێم و ھاونیشتمانیەکانی کەوتن،  ھەرێم بەردەوام  بەدوای دەرچەیەکی فەرمی دا ئەگەڕاو ئەگەڕێت،  کە نەوت و غازی بۆ بفرۆشێت یان (بازاڕی – تسویق) ی بۆ بکات.
 بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە (شوباتی ٢٠١٧) ونبوی خۆی دۆزیەوە، کە کۆمپانیای (رووس نەفت-Ros Neft) ە، سەرەتا ھەردوولا ڕێککەوتن کە، ڕووسیا نەوتی ھەرێم ئەکڕێت بۆ ماوەی (٣) ساڵ لە (٢٠١٧-٢٠١٩). دواتر لە ڕۆژی ھەینی (٢ ی حوزەیرانی ٢٠١٧) لەمیانەی بەشداریکردنی وەفدی ھەرێم لە مونتەدای سان پیتەر سبۆرگ کە کۆڕبەندێکی ساڵانەی ئابوریی نێودەوڵەتیە، ھەردوولا ئەمجارەیان ڕێککەوتن کە بۆ ماوەی (٢٠) ساڵ کە تیایدا ڕووس نەفت: (یەکەم: کاری گەڕان و پشکنین بکات، دووەم: دەرھێنان، سێھەم: کاری گەشەپێدانی ژێرخانی سەرچاوەکانی ووزە بکات لەھەرێم، چوارەم: بازرگانی سەرچاوەکانی ووزەی ھەرێم بگرێتە ئەستۆ). وەک سەرەتایەکیش (٤) ملیار دۆلار بە ھەرێم دراوە (٥).
 کۆبونەوەی حکومەتی ھەرێم، شەرعیەتی یاسایی لەوێوە وەرگرتووە، کە بەشداربوانی گرێبەستەکە ئەندامانی ئەنجومەنی نەوت و گازی ھەرێمن، بەپێی یاسای ژمارە (٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧) ی پەرلەمانی کوردستان، مافی ئیمزاکردنی یان ھەیە لەسەر ڕێککەوتنەکان (وەک لەم وێنەیەدا دیارن) .

ڕووس نەفت، کۆمپانیایەکی ئاسایی نییە، دوای جەنگی سارد ساڵی (١٩٩٣) دامەزراوە، کۆمپانیای وەبەرھێنانی پیترۆڵی ڕووسیە، پشکی حکومەتی ڕوسیا تیایدا (٥٠%) ەیەو (١٩%) ی نازانرێت ھی کێیە، لەگەڵ بەشێکی کەمی بی پی و قەتەریەکان. ھەرچییەک بێت لەمەولا ھەرێمی کوردستان ئەبێتە یاریکەرێکی سەرەکی لەبواری ووزەدا، لەبەرئەوەی یەکەم: ھەرێم بازاڕی فرۆشتنی دۆزییەوە، دووەم: پلانەکە وایە لە کۆتایی ساڵی (٢٠١٧) دەست بە ھەناردەکردنی غازی سروشتیش لە ھەرێمی کوردستانەوە بکرێت. 
ئەو پرسیارەی، لەم تەوەرەدا ئەبێت سۆراخی بکەین، ئەوەیە، ئایا کۆمپانیای ڕووس نەفت ھەرێمی کوردستان تووشی ھەمان مەترسی و بێنەوبەرەی دانا غاز ناکات ؟. بەتایبەتی ڕووس نەفت زەبەلاحترین کۆمپانیایەکی جیھانییەو، داناغاز یەکەیەکی مامناوەندەو مێژووی دامەزراندنی ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٢٠٠٥).!.
لەسەرەوە باسکرا، کە گرێبەستی بەشداری و بەرھەمھێنان بۆ ھەرێم دەست نادات و، خراپیەکانی زۆرن، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ھەرێم تەنھا یەک گرێبەستی لەجۆری خزمەتگوزاری ھەیە، ئەویش بۆ کێڵگەی کۆرمۆرە لەچەمچەماڵ، لەگەڵ ھەردوو کۆمپانیای دانە غاز و ھیلال پیترۆلیۆم (گوایە ئەمە شێوازە باشەکەیانە)، کەچی بەھۆی تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر حکومەتی ھەرێم، ئەم کۆمپانیایانە داوای (١,٧) یەک ملیار و حەوتسەد ملیۆن دۆلار ئەکات لە قۆناغی یەکەمدا، چونکە بەھۆی گرێبەستەکەوە (٣,٣) سێ ملیار و سێ سەت ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتووە؟. کۆمپانیای دانەغاز پێی وایە حکومەتی ھەرێم شایستە داراییەکانی لەکاتی خۆیدا پێ نەداوە، لە بەرانبەر ئەو ئەرکانەی کە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئەنجامی داون، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، کێشەکانی دانە غاز و، بڕیارەکانی دادگای ناوبژیوانی وا ئەبینێت کە:
- دادگای ناوبژیوانی، سکاڵای داواکارانی ڕەتکردۆتەوە، کە داوای (١.٧) ملیار دۆلار قەرەبویان کردبوو بەرانبەر گازی زیادە، دادگاش بڕیاریداوە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان مافی ھەیە بۆ وەرگرتنی گازی بەرھەمھاتوو لە ھەموو بەشەکانی (کۆرمۆر) بەبێ ھیچ پارەدانێکی زیادە بە داواکاران (وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بە جۆری گرێبەستەکە کرد)، ھەروەھا وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لایوایە: داواکاران مافی ئەوەیان نییە، تاکلایەنە داوای تێچوی ئەم گازە لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن.
- بە لای سامانە سروشتی یەکانی ھەرێمەوە، دادگا بە تەواوی داوای (دانا غاز و کرێسنت) ی ڕەتکردۆتەوە، کە گوایە (٣.٣) ملیار دۆلای زیانیان پێگەیشتووە لە داھات و پارەدان، کە بە وتەی خۆیان لە دۆخی ئاساییدا وەریاندەگرت.
- ھەروەھا حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەڵێت: دادگا داوای دانا غازی ڕەتکردەوە بۆ (٢٤) ملیۆن دۆلار قەرەبوو بەرانبەر زیانەکانی بە ھۆی فرۆشتنی ناچاریی پشکەکانی لە ئەنجامی گرفتە داراییەکانی. ھەروەھا دادگای ناوبژیوانی لە کۆی (١٩) بڕگەی سکاڵای داواکاران (١٨) بڕگەی ڕەتکردۆتەوە، کە گوایە ئەو مافەیان ھەیە بە پێی گرێبەست (بڕواننە ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی ھەرێم- لە بیبلۆگرافیا ).
ئەوەی ئەم شیکارییە ئەیەوێ، بەدواداچونی بۆ بکات، جگە لە سروشتی گرێبەستەکە، پیاچوونەوەشە بە  کۆی ئەو گرێبەستانەی دیکە کە ئەنجامدراون، لە ساڵی (٢٠٠٧) دا حکومەتی ھەرێم کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵی بۆ ماوەی (٢٥) ساڵ داوەتە کۆمپانیای دانا غاز و کریسینت و پیترۆلیۆمی ئیماراتی.  ئەم کۆمپانیایە توانایەکی مرۆیی گەورەی لە ھەناوی خۆیدا ھەیە، ساڵی (٢٠٠٥) دامەزراوە لەلایەن (٣٠٠) کەسی شارەزاو سەرمایەداری خەلیجیەوە، کەچی لەساڵی (٢٠٠٩) دا ھەوڵیانداوە گێچەڵ بە حکومەتی ھەرێم دا بکەن، کە حکومەت پارەیان ناداتێ، ساڵی (٢٠١٣) ئەم کۆمپانیا ھاوبەشانە لە دادگای لەندەن سکاڵایەکیان لەدژی حکومەتی ھەرێک تۆمارکردەوە، لە (٢٢/٥/٢٠١٧) داناغاز بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، کە دادگا ھەرێم ناچارئەکا لەماوەی (١٤) ڕۆژدا بڕی (١٠٠) ملیۆن دۆلار بداتە کۆمپانیاکەیان (٦).
   بە ئیمزاکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای ڕووس نەفت بۆ بازاڕیکردن و بەرھەمھێنانی پیترۆڵ، لە (شوبات بۆ حوزەیرانی ٢٠١٧) ھەرێمی کوردستان بوو بە خاوەنی (٥٣) پەنجاو سێ گرێبەستی بەشداری و بەرھەمھێنان ، لەگەڵ (٢٨) کۆمپانیای بیانی لە (٢٧) دەوڵەتی جیاواز. ئەوەی ڕووس نەفت لە داناغاز جیا ئەکاتەوە، سروشتی گرێبەستەکەیانە، ئەوەی یەکەمیان " بەشداری وەبەرھێنان-PSC"ە، لەکاتی ئیمزاکردنی گرێبەستەکەوە، توانای ھەیە (٧٠٠٠٠٠) حەوتسەت ھەزار/ بەرمیل ھەناردەبکات، ئەوەی دووەمیان گرێبەستە لە شێوازی خزمەت و خزمەتگوزاری، تیایدا ھەرێم خاوەندارێتی لەھەموو پرۆسەکە ئەکات، ئەم کۆمپانیایانە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکانی ئەنجام ئەدەن، جگە لەوەش  لە پرسی " ڕووس نەفت" دا ڕەھەندی سیاسی ھەیە، ھەر بەتەنھا دیاردەیەکی ئابوریی نییە.
" ماوەیەکی زۆرە ڕووسەکان و، ناوەندە ئاکادیمیەکانیان، باسی ناوچەی ئۆراسیاو، جیۆپۆڵەتیک و، جیۆپۆڵەتیکی ووزەو، بۆڕی غازی سروشتی ئەکەن، خوویان داوە بە دەرەوەی خۆیان و، پشتگوێخستنی ناوەوە، کەمتر باسی دەوڵەتی ھاوڵاتی و، چارەسەرکردنی گەندەڵی ئەکەن، ئێ حکومەتی ھەرێمیش ھەروایە و، ئەشێت ئەمەش ھەر خاڵی بەھێزی لەیەکچوون و بەیەکگەیشتن یان بێت".

تەوەری سێھەم: جیۆپۆڵەتیکی نوێی ووزە
جیۆپۆڵەتیک (Geopolitic) یانی جەنگێک لە پێناو فەزاو دەستەڵاتدا، کە لە ھەلومەرجێکی جوگرافی دیاریکراودا ڕۆڵی خۆی ئەبینێت، ھەروەک جیۆپۆڵەتیکی سەربازیی، جیۆپۆڵەتیکی دیبلۆماسیی، جیۆپۆڵەتیکی ئابوریی، ھەیە، ھەر بەوجۆرەش جیۆپۆڵەتیکی ووزە (The Geopolitics of Energy) ھەیە، بەڵام لەبارەی سەرچاوە سروشتییەکان و ڕێگای بازرگانیانەوە، گواستنەوەیان لەسەرچاوەوە بۆ بەکاربەرەکان ئەمە کڕۆکی توێژینەوە جوگرافییەکانە، بۆیە ھەموو سیستەمە نێودەوڵەتیەکان لە سەرەتای مێژووی نوێداو لە مێژووی مۆدێرن بەگشتی خۆیان بەستووە بە سەرچاوەکانی ووزەوە، ئەو کاتەی سەدەی خەڵووز و ھەڵم بو، ئەوە بریتی بو لە باکگراوەندی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی لەسەدەی ھەژدەو نۆزدەدا، لەکۆتایی سەدەی نۆزدەو ھەتا کۆتایی سەدەی بیست باکگراوەندی ئیمپراتۆریەتی ئەمریکی بریتی بووە لە نەوت، لەسەرەتای سەدەی بیستویەکیشەوە، تا دێت گرنگی غازی سروشتی دەست پێ ئەکات، ئەکسۆن مۆبیل-ExxonMobil لەڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە (٢٠١٦) دا وای بینیوە، کە لەمەولا ساڵانە ڕێژەی "خواست" لەسەر غازی سروشتی زیاد  بکات بە بڕی (١,٦%) لەبەرانبەردا خواست لەسەر نەوت بە بڕی (٠,٨%) زیاد ئەکا، بەجۆرێک کە تا کۆتایی (٢٠٤٠) خواست لەسەر خەڵوز و نەوت نەمێنێت (٧). بۆیە سەدەی غازی سروشتی ئەشێت وا لە ویلایەتە یەکگرتوەکان بکات بە فۆڕمێکی جیۆ-سیاسیی یەوە بێتەوە پێشەنگایەتی جیھان بکات لە سەدەیەکی نوێدا. لێرەدا بەگشتی مەبەست لە "جیۆپۆڵەتیکی ووزە" زیاتر بریتی یە لە دۆزینەوەی غازی سروشتی و ھەناردەکردنی لەڕێگەی ھێڵە ستراتیجیەکانەوە.
ئەو پرسیارەی ئەشێت، لەم تەوەرەدا سۆراخ بکرێت ئەوەیە، ئایا گرێبەستە نەوتییەکان نابنە ھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی ووزە ڕۆڵێکی ئەوتۆ نەگێڕێت..؟. یان ڕۆشنتر لەمە: ئایا گرێبەستەکانی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ ڕووسیا بە خواستی تورکیایە؟. بەڵێ؟. چۆن ؟.نەخێر، چۆن.؟.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئەبێت تورکیا وەک یونتێک  کە تینووی ووزەیە شرۆڤە بکرێت، پاشان ھەریەکە لە کوتلەکانی ووزە لە: دەریای ناوەڕاست "قوبرس و ئیسرائیل"، حەوزەی قەزوین، کەنداوی عەرەبی. شرۆڤە بکەین، ئینجا وێنەی ھەرێمی کوردستان و شوێنەکەی دەرئەکەوێ:


تەوەری چوارەم پڕکردنەوەی پێداویستیە پیترۆڵیەکانی تورکیا
ڕۆژنامەی "زەمان"ی تورکی لە (٢٢ی حوزەیرانی ٢٠١٦) دا بڵاوی کردۆتەوە، ئەو ووزەیەی تورکیا پێویستی پێیەتی لەناوخۆدا تەنھا (٤/١) واتە (٢٥%) ی لەناوەوە بەرھەم ئەھێنێت، (٧٥%) ی لە دەرەوە ھاوردە ئەکات، ساڵانە بە نزیکەیی تورکیا پێویستی بە (٥٠) ملیار/ مەتر سێجا غازی سروشتی ھەیە،  بەمەش دوای چین و ئەڵمانیا تورکیا بە سێھەم ووڵاتی ھاوردەکاری غازی سروشتی دائەنرێت، ڕووسیا سەرچاوەی یەکەمی غازی سروشتییە بۆ تورکیا کە (٥٨%) ی پێداویستیەکانی غازی سروشتی  تورکیا ڕووسیا پڕی ئەکاتەوە، دوای ئەویش تورکیا (١٩%) ی غازی سروشتی خۆی لە ئێران و (٩%) ی لە عێراق "ھەرێمی کوردستان" و، پاشان (٩%) لە جەزائیر و (٣%) ی لە نەیجیریاوە ھاوردەئەکات، لە (٢٠١٥) و (٢٠١٦) دا ساڵانە تورکیا بایی (٦٠) ملیار دۆلار غازی سروشتی کڕیوە(٨).
 لەساڵی (٢٠١٤) دا، لە میانەی سەردانێکی سەرۆکوەزیرانی تورکیا "ڕەجەب تەیب ئەردۆگان" بۆ دەوحەی پاتەختی قەتەر، لەگەڵ میر " تەمیمی بن محەمەد" ڕێککەوتن ساڵانە تورکیا (١,٢) یەک ملیارو دووسەت مەتر سێجا غازی قەتەری ھاوردە بکات. لەگەڵ ئەو بڕەی لە ھەرێمی کوردستانی وەرئەگرێت، پاشان ئەو (٥٨%) ەی پێداویستی غازی سروشتی کە لە ڕووسیاوە بۆ تورکیا دێت، کۆی گشتی بکاتە ئەوەی تورکیا پێویستی بە کوتلە غازییەکەی دەریای ناوەڕاست نەبێت، کە ڕاستەوخۆ ئەمریکاو ئیسرائیل سەرکردایەتی ئەکەن، میسر و قوبرس تیایدا بەشدارن و، لەژێر ئاودا غازی سروشتیان دۆزیوەتەوە. ئایا تورکیا ئەتوانێت  (٧١) حەفتاو یەک ساڵ لە ھاوپەیمانێتی فەرمی ویلایەتە یەکگرتوەکان، ڕووی خۆی وەربگێڕێت؟.

پێنجەم  دەریای ناوەڕاست: دۆزینەوەی  غازی سروشتی لە قووڵایی دەریادا " شۆڕشێک لە بواری ووزەدا".
ئیسرائیل، لەساڵی (١٩٥٨) ەوە ھەتا (٢٠٠٩) لە کەنارە ئاوییەکانی دەریای ناوەڕاست، لە قووڵایی دەریا، لە دەوروبەری حەیفا، بەدوای نەوت و غازی سروشتیدا ئەگەڕێن، لە (١٩٥٨) لە بیابانی زیفە (٢) ملیار مەتر غازی سروشتی یان دۆزییەوە لە کێڵگەی "زوھر"، ئەمە ھیچی وا نەبوو، ساڵی (١٩٩٩-٢٠٠٠) دوای وچانێکی زۆر لە ھەردوو کێڵگەی (نوعاو میری) لە دەریای ناوەڕاست لە بەرانبەر عەسقەلان بڕی (٤٥) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتیان دۆزییەوە، ھێشتا ئەم ووڵاتە پیشەسازییە، سەربازییە، تەکنەلۆژییە، زۆر تینووە بە ووزە، تەنانەت بۆ ئەوەی کە یەکەمین وڵاتی کشتوکاڵیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل نەک نەوت و غازی سروشتی ئەکڕی، بەڵکو لەساڵانی نەوەتەکاندا چەندین ھێڵی بۆڕی ھەبو، ئاوی لە تورکیا ئەکڕی، ساڵی (٢٠٠٩) بە بەکارھێنانی پێشکەوتوترین تەکنۆلۆژیاو تەکنیک ئیسرائیل توانی لە کێڵگەی (تیمار و تیمار دروم) لە باکوری خۆرئاوای حەیفا (٣٠٧) ملیار مەترسێجا غازی دیکەی بدۆزێتەوە بە قووڵی (١٧٥٠) مەتر لەژێر ئاودا. کۆتایی ساڵی (٢٠١٠) بەھاری عەرەبی ڕوویدا، ئیسرائیل کێڵگەیەکی تری گەورەی دۆزییەوە بەناوی (لیڤاسان-Levathan) کە یەدەگی غاز تیایدا (٦٢٢) ملیار مەتر سێجایە، لێرەو لەوێش وەکو کێڵگەکانی (کریش و تنین دلیت) ھەندێ بڕی دیکە دۆزرانەوە، بەمە ئیسرائیل بۆ (٥٠) ساڵ پرۆژەی تۆڕباین و کارەبای خۆی لەسەر ئەم یەدەگە مسۆگەر کرد. کە کۆی یەدەگی غازی ئیسرائیلی ئەکاتە (١,٠٧١) یەک تریلیۆن و حەفتاو یەک ملیار مەتر/سێجا(٩). (بڕواننە دیمەنی دۆزینەوەی غازی سروشتی لە قووڵایی دەریادا).

ھەر لەگەڵ ئیسرائیل دا، قوبرس ( قوبرسی یۆنان بەشە باشورییەکەی) لە (٢٠٠٩ ھەتا ٢٠١٣)  سەرقاڵی گەڕان و دۆزینەوە بوو، بە بەشداری چەندین کۆمپانیای فرە ڕەگەز، لە کۆتایی (٢٠١٣) کۆمپانیای جی ئاڕ کێڵگەی (ئەفرودیت- Aphrodit) ی دۆزییەوە لە کەنارە ئاوییەکانی خۆی، کە بەرانبەر کێڵگەکانی ئیسرائیلە. پاشان میسریش دەستی پێکرد. لە (٢٠١٤ ەوە ھەتا ٢٠١٦)  ڕێککەوتن و کۆبونەوەی سێ قۆڵی لەسەر ئاستی لوتکە لە نێوان (قوبرس- یۆنان- ئیسرائیل) بەردەوامە، تورکیا ڕەتی کردەوە دان بە دۆزینەوەی غاز و ئەم ڕێککەوتنە سێ قۆڵییەدا بنات، چونکە دۆزینەوەی غازی سروشتی پەیوەندی نییە بە (قوبرسی تورکییەوە).
 کاتێکیش لە شوباتی (٢٠١٦) تورکیاو ئیسرائیل پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە، یەکەمین بەندی ڕێککەوتنەوەی نێوانیان ئەوەبو کە: ئیسرائیل غازی سروشتی بە تورکیا بفرۆشێت!. ئێستا ئیسرائیل بۆتە ووڵاتێک، ئیتر نەوت و غازی سروشتی ناکڕێت، ئیتر ڕاڕا نییە گۆشەگیر بکرێت، بەڵام زەمەنی دوای ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل (کە لە ٢٠١٠ەوە لەسەردەستی ئەردۆگان پەکخرابو) دەریخست نە تورکیا لە ئیسرائیل دڵنیایەو، نە ئیسرائیلیش متمانەی بە تورکیایەکە لەسەردەمی ئاکپارتی دا، وە نە (قوبرس) یش ڕێگە ئەدا بەخاک و سنوری ئەودا غازی سروشتی ببرێت بۆ تورکیا.!. ئینجا لەسەرووی ئەمەشەوە، لەدوای ھاتنی دەوڵەتی ئیسلامیەوە بۆ عێراق و سوریا، ھەریەکە لە ئەوروپا، ئەمریکا چاویان لەوەیە:  قەتەر، ئێران، ھەرێمی کوردستان، بۆڕی و ھێڵەکانی خۆیان بگەیەننە دەریای ناوەڕاست و کۆنێکتی بکەن بەدەم ئەوەی ئیسرائیل و قوبرسەوە(١٠). 
خۆرئاوا، کاری بۆ ئەوە کردووە کە کوتلەی دەریای ناوەڕاست دەوڵەمەندتر بکات و، ھێزی دیکەی بۆ پەیدا بکات، ئێران ھەوڵ ئەدات بەردەوام گرفت بۆ کوتلەی کەنداو دروست بکات، لەڕێگەی دەست بەسەراگرتنی گەرووی ھورمزەوە، ڕووسیا ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی کوتلەی قەزوین ( کازاخستان، تورکمانستان، ئازەرباینجان) ئەدات تاوەکو لە ڕێگەی ھێڵە تازەکانی وەک (تورک ستریم) ەوە بازاڕی ووزەی ئەوروپا قۆرخ بکات. 
گریمانەی ئەم تەوەرە، ئەوەیە: ئەگەری گۆڕینی ڕێڕەوی ھێڵی ووزەی کوردستانە، کە پێشوو تر ڕووەو دەریای ناوەڕاست بو، لەدوای ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای ڕووس نەفت، ئەم ئاڕاستەیە ڕووەو دەریای ڕەش بڕوات!. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، لایەکی ھەرێمی کوردستان ئارامی لەدەست ئەدات.

تەوەری شەشەم: پەیوەندییەکانی سعودییەو ئەمریکا " گوزەرێکی مێژوویی"
مێژووی پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکان و سعودییە، ئەگەڕێتەوە بۆ میانەی دووەم جەنگی جیھانی و، لە ساڵی (١٩٤٠) ئەمریکا بە فەرمی دانی ناوە بە سعودییەدا، ساڵی (١٩٤٣) فرانکلین رۆزفێلت ی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان ووتی " بەرگری لە سعودییە بە بەرگریی لە ویلایەتە یەکگرتوەکان ھەژمار ئەکرێت". واتە سعودییە لە بەشێکە لەستراتیجەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ساڵی (١٩٩٠) یش لە سەروبەندی جەنگی کەنداودا، سعودیە ھاوکاری ئەمریکا بو بۆ دەرکردنی ھێزە کانی عێراق لە کوەیت. 
پرسیاری ئەم تەوەرە، ئەوەیە: بۆچی شانشینی عەرەبی سعودییە بەشێکی گرنگ و جێگیرە لە ستراتیجیەتی ئەمریکا؟.
یەکەم: ساڵی (١٩٣٢) کۆمپانیای "سوکال" ی سعودیی دروست بو، بۆ بەرھەمھێنانی نەوت، ساڵی (١٩٣٣) کۆمپانیای عەرەبی- ئەمریکی  بۆ نەوت دروستبو، ناوی نرا ئارامکۆ (Arabian-American Oil Company)، سەرەتا نەیئەتوانی (٤٥) ملیۆن بەرمیل زیاتر بەرھەم بھێنێت، دواتر کە بوون بە بەشێک لە پرۆژەی ئەمریکی، ساڵی (٢٠١٥) سەرمایەی کۆمپانیای ناوبراو گەیشتە (١٠) دە تریلیۆن دۆلار. ساڵی (٢٠١٦) سعودییە ڕۆژانە (١٠,٦٧) دە ملیۆن شەست و حەوت ھەزار بەرمیل نەوتی لەھەر ڕۆژێکدا بەرھەم ھێناوە. بەم شێوەیە سعودییە لە ئۆپیک و ئەمریکا وەک زلھێزێکی گەردونی، پێکەوە دەستیان ھەیە لە دیاریکردنی نرخی نەوت دا، لە بەھای دۆلاردا (١١).
دووەم: سعودییە لەسەردەمی جەنگی سارددا، بۆ بەگژاچونەوەی فیکری شیوعییەت و ئایدۆلۆژیای سۆڤێتی، ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی و، ئەبینێت.
سێھەم: سعودییە وەک یەکەکەیەکی ھەرێمی سووننە بۆ بەگژاچونەوەی ھەژموونی ئێران و شیعەگەرێتی لەدوای ڕوخانی شا لە ئێران (١٩٧٨) ەوە تا (٢٠١٧).
چوارەم: سعودییە باشە بۆ پاراستنی باڵانسی ھێز لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و، سەلامەتی ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا وەکو " ئیسرائیل، تورکیا، ئیماراتی یەکگرتوو، کوەیت". ھەروەھا سعودییە پێگەیەکی ستراتیژیی ھەیە لە سەر دەریای سوور و لە کەنداوی عەرەبی.
لە (تشرینی یەکەمی ٢٠١٠) دا، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس بڕیاریاندا، کە گەورەترین بۆندی فرۆشتنی چەک لە مێژووی ئەمریکادا لەگەڵ سعودییە ئیمزابکەن، کە بایی (٦٠) ملیار دۆلار بو، لە (ئازاری ٢٠١٥) دا سەرۆکی پێشوی ویلایەتە یەکگرتوەکان " باراک ئۆباما" فەرمانی دا ھاوکاری ھەواڵگریی و لۆجستی و سەربازیی سعودییە بکەن تا لەیەمەن دژی گروپە شیعیەکان و میلیشیاکان بجەنگن، ھەرچەندە ئەم پەیوەندییە ڕاڕاییەکی تێکەوت، بەھۆی ئەوەی ئۆباما ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێران کرد، سەبارەت بە پرسی چەکە ئەتۆمییەکان و پیتاندنی یۆرانیۆم(١٢). 
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا "دوناڵد ترامپ"، لە میانەی چاوپێکەوتنێکی دا لەگەڵ ئاژانسی " ڕۆیتەرز" ئەڵێت" سعودییە بە یەکسانی مامەڵە ناکات لە پەیوەندییەکانماندا، بۆیە ئەمریکا خەسارەتی داوە لە بەرگریی کردن لە سعودییە". لە  (٢٠ی ئایاری ٢٠١٧)  بۆ یەکەمجار " ترامپ" لە پێوەند بە بەشداری کردنی لە لوتکەی عەرەبی- ئیسلامی دا، لە " ریاز" گەورەترین گرێبەستی ئیمزاکرد کە گوژمەکەی بریتی یە لە فرۆشتنی چەک بە بەھای (٣٥٠) ملیار دۆلاری ئەمریکی.

لەسەردانەکەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا " ڕێکس تیلەرسن"  گوتی:  " فرۆشتنی چەک بە سعودییە بریتی یە لە بیناکردنی ھاوپەیمانێکی بەھێز بۆ بەگژاچونەوەی تیرۆر، بەتایبەتی بە گژاچونەوەی ھەڕەشەکانی ئێران لەسەر کەنداوی عەرەبی". لەم سەردانەدا ئەوەندەی باسی ئێران کرا، ھێندە باسی داعش و گروپە تیرۆریستیەکانی تر نە کرا!.
پرسیاری ئەم تەوەرە، ئەوەیە: لە ئایندەدا سعودییەو ئەمریکا چ ڕۆڵێک ئەبینن؟.

تەوەری حەوتەم: ھەڕەشەکانی سەر ئێران " ڕەھەندو لێکەوتەکانی"
بە شێوەیەکی بەردەوام، ئێران و سعودییە نمایندەی ململانێیەکی خوێناوی مێژوویین و، یەکەمیان شەڕی چەسپاندنی پرەنسیپەکانی شیعەگەری وەک فەرھەنگ ئەدات و، ھەوڵ ئەدات ھەناردەی بکات بۆ دەرەوەی خۆی، دووەمیشیان بە پشتیوانی بەریتانیاو ئەمریکا ھەوڵی سەرکردایەتیکردنی سووننەگەریی ئەکات لە جیھانی عەرەبی دا. بۆیە لەدوای بەھاری عەرەبییەوە، ئەبینین ئێران و سعودییە لە سوریا، لە یەمەن، لە کەنداوی عەرەبی، لە عێراق، بەریەک ئەکەون. 
لە (١ی کانونی دووەمی ٢٠١٦) وەزارەتی ناوخۆی سعودییە، ڕایگەیاند، (٤٧) تیرۆریستی لە سێدارە داوە، کە لەناویاندا زانای ئاینی شیعی سعودی " باقر نمر" ھەیە، وەک کاردانەوەیەکی ناڕەزایی خۆپیشاندەرانی ئێرانی لە "تاران" ی پایتەخت، ھەڵیانکوتایە سەر باڵوێزخانەی سعودییە لەو ووڵاتەو، سوتاندیان. لەبەرانبەر ئەو کارەدا (٥) دەوڵەتەکەی کەنداو، نوێنەرەکانی خۆیان لە ئێران کشاندەوە، جگە لە قەتەر و کوەیت، تەنھا باڵوێزی ئێران یان لە وڵاتەکەیان بانگھێشت کردو، ناڕەزایی خۆیان پێگەیاندن لە بەرانبەر ئەو کارە(١٣).  
یەکێکی تر، لە فاکتەرە کاریگەرەکانی ململانێی (ئێرانی- عەرەبی- ئەمریکی) بریتی یە لە ھەژمونی ئێران بەسەر " گەرووی ھورمز" دا، مێژووی ئەم مەترسییەش ئەگەڕێتەوە بۆ دەرئەنجامەکانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی (١٩٧٩) کە ھەموو ھاوکێشەو نیازەکانی خۆرئاواو جیھانی عەرەبی تێک و پێکداو، بووە خاڵی وەرچەرخانێکی گەورە  لە پەیوەندییە ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا. ئەم تەنگەبەرە (گەرووی ھورمز) ئاوەکانی کەنداو بە کەنداوی عومان ەوە ئەبەستێت، ئەمیشیان ئەگەیەنێت بە ئۆقیانووسی ھیندی، بۆیە بایەخی گەورەی  ستراتیژی ھەیە لە گواستنەوەی شمەک و کاڵا جۆربەجۆرەکاندا، تەنانەت لەسەر خودی ناو ھێنانەکەش بەلای عەرەبەوە " کەنداوی عەرەبی" و بەلای ئێرانەوە " کەنداوی فارس"ە، لەسەردەمی عوسمانییەکاندا پێی وتراوە " کەنداوی بەسرە".
گەرووی ھورمز، مەمەڕێکی جیھانی ئاوییە، ئێران لەسەروبەندی ململانێکانی دا، بەپێی بڵاوکراوەی ئاژانسی "فارس" لە (٢ی کانونی یەکەمی ٢٠١٦) دا، بە تەواوی دەستی بەسەرداگرتووە، ئەم ڕێڕەوە (٤٠%) ی نەوتی دونیای پێدا تێ ئەپەڕێت، ئێران ئەکەوێتە باکورو ڕۆژھەڵاتی گەرووە کەوە (واتە گەرووی ھورمز لە باشوری ئێرانە)، تاکە دەرچەو دەرگای بازرگانی و ستراتیژیی " ئێران- بەحرەین- کوەیت- ئیماراتی یەکگرتوو- قەتەر- عێراقە". ڕۆژانە (٢٠-٣٠) بارھەڵگری گەورەی نەوتی پیادا ئەڕوات، باشوری ئاسیا بەگشتی لە " مالیزیاو ئیندۆنیزیا وە تا دێتەوە " یابان و چین" گەورەترین کڕیار و ھاوردەکاری نەوت و غازی سروشتی یە لە ڕێگەی ئەم تەنگەبەرە ئاوییەوە، ئەگەر دابخرێت ئەوا جیھان بێ بەش ئەبێت لە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو. عێراق (٩٨%) ی نەوتی خۆی و سعودییە (٨٨%) و ئیمارات (٩٩%) ی لە ڕێگەی ئەم تەنگەبەرە ئاوییەوە ھەناردە ئەکات(١٤). بۆیە دەست بەسەراگرتنی بەو شێوەیە لەلایەن ئێرانەوە، ئاماژەیەکە بەوەی کە ئێران ئامادەگی سەربازیی و سیاسیی لەم ناوچانە ھەیەو، ڕاستەوخۆ ئەمریکاو سعودییە ئەخاتە بەر بژاردەی ئەوەی بەڕێگەی سەربازیی وەڵامی بدەنەوە. ئایا ئێران توانای بەڕێوەبردنی ئەم جەنگەی ئەبێت؟.

تەوەری ھەشتەم: گۆڕانکاریی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.
پاڵپشتی کردن و، ھاوپەیمانێتی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا، بۆ ووڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بریتی نییە، لە گەشەپێدانی دیموکراسیەت و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و، فراوانکردنی مەوداکانی ئازادی، دامەزرێنەری دەوڵەتی سعودییە (٥١) پەنجاو یەک ساڵ لەسەر کورسی دەستەڵات بو، میر و ئومەراکانی وڵاتانی کەنداو، ھەموویان سی ساڵ و، چل ساڵ لەسەر کورسی فەرمانڕەوایی ماونەتەوەو، ئەمریکیەکان و ئەوروپیەکانیش ھەمیشە ھاوپەیمانیانن، بەڵکو لێرەدا ئەوەی گرنگە بریتی یە لە:
*پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەوروپاو ئەمریکا
* مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی ئابوریی.
ھیچ یەکەیەکی خۆرئاوایی، پاڵپشتی سەربازیی و سیاسیی و دارایی ھیچ شوێنێکی خۆرھەڵات ناکات بۆ ئەو دوو مەبەستە نەبێت، عێراق (بە ھەرێمی کوردستانیشەوە) بەشێکە لەو سیستمە دەستەڵاتگەرایی (ئۆتۆریتاریزم) ەی کە لەناوچەکەدا ھەیە. لە (٢٠١٣ ەوە تا ٢٠١٧) ئەوە (١٣) سیانزە ساڵە ئەمریکا عێراقی داگیرکردووە، بەپێی ئامارەکانی یونامی (١,٤٥٥,٥٩٠) یەک ملیۆن و چوارسەت و پەنجاو پێنج ھەزارو پێنج سەت و نەوەت  کەس گیانیان لەدەستداوە، تێچووی ئەم جەنگ لە عێراق لە (٢٠٠٣ ەوە بۆ ٢٠١٥) گەیشتووە بە (تریلیۆن و ٧٥٠ ملیار و ٨٥٦ ملیۆن دۆلار). لە دەوروبەریش زیانەکانی نیشتیمانی عەرەبی تەنھا لەدوای بەھاری عەرەبی ساڵی (٢٠١١) ەوە ھەتا (ئایاری ٢٠١٧) گەیشتوە بە (٨٣٠) ملیار دۆلار. بە مەرجێک لە یەمەن عەرەب- عەرەب ئەکوژێ، لە سوریا عەرەب – عەرەب ئەکوژێ، لە عێراق عەرەب- عەرەب ئەکوژێ، لە لیبیا عەرەب- عەرەب ئەکوژێ، لە کەنداوی عەرەب ئەگەر ھەیە لە جیھانێکدا کە "ترامپ" سەرۆکی بێت، دیسان ھێرش بکرێتە سەر "قەتەر" و عەرەب- عەرەب بکوژێ. 
 ئێرانیەکان لە عێراق، بە (٣) سێ قۆناغ حەشدی شەعبی یان دروستکرد، قۆناغی یەکەم، کەرەستەکان و شەڕکەرەکانیان ھێنا، قۆناغی دووەم، لەپەرلەماندا بە یاسا ئەم ھێزە میلیشیایە ناونرا بە بەشێک لە سیستەمی بەرگری عێراق، قۆناغی سێھەم، پڕ چەکیان ئەکەن، لە قۆناغی چوارەمدا، شەڕی دەستکەوتە سیاسییەکانی خۆیانی پێ ئەکەن. لەدیالەوە تا موسڵ بەھێڵێک ئەم ھێزە شیعیە ئایدۆلۆژییە درێژبۆتەوە، بەرگری لە ھەژموونی ئێرانی ئەکات. 
ئەمریکیەکان، بڕیاریاندا، بگەڕێنەوە عێراق، بەڵام ئەمجارە وەکو "ئینتیداب" ی سەدەی بیست، ھەموو شت ئەخەنە ژێر ڕکێف و بڕیاری خۆیانەوە. 
پرسیاری ئەم تەوەرە، ئەوەیە: سیناریۆکانی دوای گەڕانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بۆ عێراق چی ئەبن؟. کاریگەریی ئەم گۆڕانکارییە ھەرێمایەتیانە لەسەر کوردستان چۆن ئەبێت؟.

سەرئەنجام: 
یەکەم: سیناریۆکانی بەردەم ئایندەی ھەرێمی کوردستان.
بەدرێژایی بەدواداچونەکانی ئەم ھەوڵە ئەکادیمیە، کە شیکاری بۆ سەرجەم پرسیارو گریمانەکانی کردووە، سێ سیناریۆ لە بەردەم ئایندەی ھەرێمی کوردستان دا، دەست نیشان ئەکات:
یەکەم: ئاماژەکانی بەردەم ئیحتیواکردن (دەوردان) ی ئێران، نزیکبۆتەوە، نزیکبۆتەوە لە بەیەکداکێشانی سەربازیی، بۆیە ھەر گۆڕانکارییەک لە ئێران ڕاستەوخۆ گۆڕانکارییە لە ھەرێمی کوردستانی عێراق کە زیاتر لە (١٠٠٠) کیلۆمەتر سنوری جوگرافییان ھەیە. گۆڕانکارییەکە بەم فۆڕمە ئەبێت:
- سعودییە و میسر و ئیمارات، سزای توندی قەتەر بدەن، ئێرانیش تۆڵەی قەتەر لە ھەرێمی کوردستان بکاتەوە وەک ھاوپەیمانێکی سعودییەو ئەمریکیەکان.
- ئێران ناوچەی سولەیمانی – کەرکوک- دووز- دیالە، ئەکات بە ماعەسکەرێکی سەربازیی بۆخۆی، ئەمریکیەکانیش ئەگەڕێنەوە عێراق، ھێزی دیکەی سووننەی توندڕەو دروست ئەبن (چونکە سووننە سەری خۆی لەدەستداوە بەدوایدا ئەگەڕێ). بەمشێوەیە نیوەی زیاتری ھەرێمی کوردستان ئەبێتە گۆڕەپانی جەنگ. بەتایبەتی کەرکوک بەھۆی کەمتەرخەمی و گەندەڵی بەرپرسە کوردییەکان و، تەشەنەکردنی حەشدی شەعبی و، پیلانەکانی تورکیاوە، خەرمانێکە لە پووشی ووشک، زوو ئاگری تێبەر ئەبێت. لەبەرئەوەی ھێزە کوردییەکان پلانیان نەبو بۆ شەنگال، " کۆجۆ" لە داعش سەندرایەوە و کەوتە دەستی حەشدی شەعبی. ئەگەری ئەم مەترسییەش بۆ کەرکوک ھەمان شتە. وەرگرتنەوەی بەرپرسیارێتی ئەمنی قەزای دووز لە دەزگای ئاسایشی کوردو، ڕادەستکردنی بە حکومەتی ئیتیحادی، داواکردنی حەشدی شەعبی بۆ پاککردنەوەی شارەکە لە (٢٣) گەنجی کوردو، پاشان لێدوانەکانی ئەمدواییەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بەغداد " ئاڵا تاڵەبانی"  لە خۆ وە نییە کە " بە بنەچە بنەماڵەی تاڵەبانی و خۆیان ئەباتەوە سەر شیعە و ئەسەدییەکان".
دووەم: لە بەرئەوەی لەدوای نەخۆشکەوتنی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان "جەلال تاڵەبانی" و، کۆچی دوایی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان " نەوشیروان موستەفا" ناوچەی سولەیمانی ناوەندی بڕیار و بڕیاردەری سیاسیی بەتەواوی لەدەستداوە، ئەمریکیەکان، ئێرانییەکان، ئۆروپیەکان، لایەنە عێراقییەکان، نازانن لەگەڵ کێ مامەڵە بکەن، خێرا ئەمریکیەکان ھێزێکی سیاسیی تازە لەناوچەی سولەیمانی دروست بکەن، یاخود پشتگیریی سەرکردەیەکی دیبلۆماسیی کوردی نزیک لەخۆیان بکەن، تا ببێتە ڕابەری ئەم ناوچەیە.
سێھەم: دوای شەڕی سەربازیی لەگەڵ داعش، ناوچەیەکی ئارام بۆ "موسڵ" دروست ئەکرێت، لەگەڵ ئەوەدا  زلھێزەکان و، کۆمپانیا فرە ڕەگەزە نێودەوڵەتییەکانیش، کە بەرژەوەندیی گەورەیان لە خاکی ھەرێمی کوردستان ھەیە، پشتگیر ئەبن لەم قۆناغەدا ڕەوشی ھەرێمی کوردستان تێک نەچێت لەبەر بەرژەوەندییەکانیان، سەربەخۆیی سیاسیی و " دەوڵەتی کوردستان" ڕائەگەیەندرێت، گرنگی ئەمەش وەک بەربەستێکە لەنێوان سووننەو شیعەدا، وەک ھێڵی پێشەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆرئاوا ئەبێت، ئەگەر دیبلۆماسیەتێکی بەھێزیش لەگەڵ ئێران پیادە بکرێت کە سنورەکانی پارێزراو ئەبن، ئەوا ئەم ئەگەرە مسۆگەرتر ئەبێت.
 دووەم: کەرتی ووزە لە ھەرێمی کوردستان.
ئایندەی پیشەسازیی ھایدرۆکاربۆناتەکانی ھەرێمی کوردستان، بەستراوە بە تواناکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، تا چەند ئەتوانێت گرفتە سیاسیی و ناوخۆییەکانی تێپەڕێنێت. ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی دەوڵەت نییە، کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و مینا کانی کڕینی نەوت، بەشێوەیەکی ھەرزانتر مامەڵەی لەگەڵ ئەکەن، ئۆکسفۆرد بۆ توێژینەوە، لە ڕاپۆرتێکیدا سەبارەت بە نەوت و غازی سروشتی ھەرێمی کوردستان لایوایە: "دامودەستگەی نیشتیمانی لەکەرتی ووزەدا، تەنھا لەسەر کاغەز ھەیە"(١٦). بۆیە کۆمپانیاکانی کە ھەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کردوون، لە وڵاتەکانی خۆیاندا تۆکمەو دامەزراوترن، لەھەمان کاتدا کوالێتی گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە پێداچونەوەی زیاترە، تا ئەگەرەکان، بژاردەکان، ڕێگاکانی ڕووبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی، بەردەم ئایندەی دەست نیشان بکرێت.
ھێڵی ووزەی کوردستان، تەنھا بابەتێکی ئابوریی نییە، بەڵکو سیاسییەو ڕەھەندی ھەرێمایەتی و، بلۆکبەندی جیھانی ھەیە، بڕیاردان لەسەر فەرامۆشکردنی کوتلەکانی دەریای ناوەڕاست و، ڕووکردنە ڕووسیاو ھێڵەکانی ووزەی تورکیا، بەرپرسیارێتیەکە پێویستی بە ربڕیاردەرو ناوەندی بیرکردنەوەی بەھێز ھەیە. 

 بیبلۆگرافیا
(١). Ministry of Natural Resources. See here   http://mnr.krg.org/index.php/en
(٢). عین العراق نیوز (٢٠١٧): بالڕرقام.. المالیە النیابیە تکشف دیون العراق الخارجیە والداخلیە. الخمیس ٣٠ مارس ٢٠١٧ | ٠٧:٠٠ مساءً.  http://aynaliraqnews.com/index.php?aa=news&id٢٢=٧٣٦٥٨
(٣)  مرکز الجزیرە (٢٠١٧) :  تقاریر و حوارات، ڕبرز میلیشیات الشیعییە مسلحە فی العراق. 
(٤). Abbas Ghandi, C-Y. Cynthina Lind (٢٠١٤): Oil and Gas service contruct around the word: A review. Institue of transportation student, University of California at Davis. U.S.
-Also you can see it: John Perkins (٢٠١٢) : Confessions of an Economic Hit Man.
(٥). Ros Neft and Iraqi Kurdistan Government sign exploration, Production Contracts. Fror mor information. See a formal wedside of RosNeft www.rosneft.com
(٦). Rebuilding Iraq Report (٢٠١٧): KRG release statement regarding English court arbitration decision with Dana Gas, Crescent Petroleum and Pearl Petroleum.
(٧). ExoonMobil (٢٠١٦): The outlook for Energy “ A view to ٢٠٤٠”, P. ٥-٦. 
(٨). جریدە زمان ترکیە (٢٠١٦): ترکیا فی المرکز الپالپ ڕوروبیا فی استیراد الغاز، فی: یونیو ٢٢، ٢٠١٦، ١٠:٥٨. انڤر ھنا: www.Zamanarabic.com .
(٩). Natan sachs& Tim Boersma (٢٠١٥):  The energy island: Israel deals with its natural gas discoveries, Foreign policy at BROKINGS. 
(١٠). Michael Ranter (٢٠١٦): Natural gas discoveries in the eastern Mediterranean, FS. P ٦-٧. 
(١١). بی بی سی BBC (٢٠١٧): العلاقات السعودیە الڕمریکیە: تحالف دائم واختلافات گارئە، انڤر ھنا للمعلومات المزیدە: http://www.bbc.com/arabic/middleeast-٤٠٠٠١٠٧٠ 
(١٢) تقاریر مرکز الحرە، تحرک فی الکونغرس لعرقلە بیع ڕسلحە للسعودیە
(١٣). الوگن (٢٠١٦): تفاێیل الڕزمە السعودیە الإیرانیە بعد إعدام "النمر": گھران تھدد والریاچ تسلم مژکرە احتجاج.
(١٤).  الیوم السابع (٢٠١٦). ٥ معلومات تلخێ ڕھمیە مچیق ھرمز الاقتێادیە و الاستراتیجیە، (کتب: ھاشم فخرانی).
(١٥). Atheer Ayoub (٢٠١٥). Iraq before & after ٢٠٠٣. Upsala University. 
(١٦). Robin Mills (٢٠١٦). Under the mountain: Kurds Oil and Regional Politic, University of OXFORD institute for ENERGY studies.