نوێنەری ناوەندی گشتیی زەردەشتیانی کوردستان بۆچی لەبەغدادە؟ زیاتر لە 350 میوانی بیانی لە 66 وڵات لە فیستیڤاڵی جیهانی فەجر بەشداریی دەکەن فەڕەنسا: شەرە چەقۆی کۆچبەرانی کورد و ئەفغانی دەبێتە سەردێڕی هەواڵە جیهانیەکان بەریتانیا: سیامەند موعینی لە سیمینارێکی جەماوەریدا بەهرۆز جەعفەر: وا بڕوات هاتنی پەکەکە بۆ باشور ئەبێتە زەرورەت پارتی لە ھەولێر ڕێگری لە کۆڕێک دەکات لەسەر شەنگال هەواڵەکانی بابەتی بێکاری و گرانی و هێرش بۆ سەر لاوان لەبەریتانیا شەڕکەرانی ئەفغانی لە سووریا مافی هاووڵاتیبوونی ئێرانیان پێدەدرێت لە ڕێککەوتنی باڵەکانی یەکێتیدا بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی بەغداد دانراوە بەریتانیا: لەمانگی ٤ی ئەمساڵەوە کۆمەڵێک یاسای گرنگ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە بریتانیا : بە رێپێوانی جەماوەری گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ١٥ شۆبات بۆ سەر ئۆجالان شەرمەزاركرا خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی دژی تره‌مپ وتریزا مه‌ی له‌به‌ریتانیا لە دوانزە کاتژمێردا زیاتر لە حەوت سەد هەزار واژۆکراوە بۆ رەتکردنەوەی سەردانی ترەمپ بۆ بەریتانیا بریتانیا : بە بۆنەی ٧١ سالرۆژی دامەرزاندنی کۆماری کوردستان ، موداخەلەی داگیرکەران بە ئامانجی شەری کوردکۆژی مەحکووم کرا هەژدەیەمین دادگایی نیوان چاودێریی دارایی و شارەوانی سلێمانی بەڕێوە چوو ناوازە: پیری زەردەشتیانی کوردستان، ئاڵای کوردستانی کردە ملی کونسوڵگەریی دەوڵەتی فەلەستین

هه‌واڵی تایبه‌ت

پێویستە راستگۆبن لەگەڵ منداڵەکانتان

11/28/2016 12:13:35 ڕەزا شوان


رەزا شوان                                                                            

راستگۆیی بریتییە لە وتنی قسەی راست و رەوا، پێویستە هەموو مرۆڤێک راستگۆبێت لە قسەکانی و لە کردارەکانی و لە بیروباوەڕی و لە نیازپاکی و لە دڵپاکی و لە بەڵێنەکانی و لە دڵسۆزی و لە خۆشەویستی و لە هاوبەستەبوونی بۆ گەل و نیشتمانەکەی.. بە کرداریش ئەم راستییانە بسەلمێنێت.
راستگۆیی یەکێکە لە پێویستییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، گەورەترین دەرگای شادیی تاک و نەتەوەیە.
راستگۆیی باشترین و جوانترین وشە و خەسڵەتە کە ستایشی مرۆڤی پێبکرێت و بناسرێت.. رێز و پێگە و پایەی مرۆڤ لە نێو کەسوکار و هاوڕێکانی و کۆمەڵدا بەرزتر دەکاتەوە.. چونکە راستگۆیی جوانترین خەسڵەت و بەهای مرۆڤە، بەهێزترین کۆڵەکەی رەوشت بەرزییە، مرۆڤی راستگۆ و راستکردار هەمیشە رووسپی و خۆشەویست و سەربەرز و رێزدارە و، جێی بڕوا و متمانەیە.
راستگۆیی زمانی رەوایە، فاکتەرێکی گرنگی بڕوابەخۆبوون و، دەروون و ویژدان ئاسوودەیی و، ئازایی و بێباکییە لە رووبەڕووبوونەوەدا .. کورد دەڵێ: راستبە و بە لای شێردا بڕۆ.
هەموو ئایینە ئاسمانییەکانیش جەخت لەسەر گرنگی راستگۆیی و لەسەر ئاکامەکانی درۆ دەکەنەوە.
راستی ( راستگۆیی ) بە لووت بۆن ناکرێت، بەڵکو بە دڵ هەستی پێدەکرێت و لە کرداردا دەبینرێت.

بە پێچەوانەی راستییەوە، درۆ یەکێکە لە خەسڵەتە هەرە ناشیرینەکانی مرۆڤ.. درۆ نەخۆشیەکی زۆر ترسناکە، لەوانەیە هەر لە منداڵییەوە تووشی مرۆڤ بێت و تا کۆتایی تەمەنی لەگەڵیدا بێت و لێی نەبێتەوە.. وەکو کورد دەڵێ: خوویەکی گرت بە شیری.. تەرکی ناکات بە پیری.

درۆ پێچەوانەی قسە و کردارە راستییەکانی مرۆڤە.. چەواشە و پەردەپۆشی راستییەکان دەکات.
درۆزن کەسێکی خۆدۆڕاوە، خەڵی خۆشیان ناوێت و بە چاوێکی سووکەوە لێی دەڕوانن و هیچ بڕوا و متمانەیەکیشیان بە قسەکانی نییە.. درۆزن تەنها زیان بە خۆی ناگەیەنێت بەڵکو زیان بە خەلکی تریش دەگەیەنێت.. جاری وەها هەبووە کە بە هۆی درۆیەکی هەڵبەستراوەوە، کارەساتێکی جەرگبڕ روویداوە و پیاوی تیا کوژراوە.. بۆیە نەفرەت لە درۆ و لە درۆزن کراوە.
( فریدریک نیتشە ) دەڵێ: ئەوەی کە بێزارم دەکا ئەوە نییە کە درۆت لەگەڵمادا کرد، بەڵکو ئەوە بێزارم دەکات کە ناتوانم لەمەوەدوا بڕوات پێبکەم.
کوردیش دەڵێ: درۆزن ئاگر لە ماڵکەی بەربوو، بەڵام کەس بە هانا و هاوارییەوە نەچوو.
چونکە رەنگە هەر جارێک بڕوا بە درۆزن بکرێت، دواتر کەس بڕوا بە قسەکانی ناکات.
کەواتە مردن لەگەڵ راستیدا.. باشترە لە ژیان لەگەڵ درۆدا.

دێینە سەر سەرناوی باسەکەمان ( پێویستە راستگۆبن لەگەڵ منداڵەکانتان ).. منداڵان مرۆڤێ بچووکن و لە نێو کۆمەڵگایەکی تازەدا چاوهەڵدێنن، نازانن کە ئەم کۆمەڵگایە چۆن رەفتاریان لەگەڵدا دەکەن، بەشێکی هەرەزۆری ئەو شتانەی کە بە باش و خراپیانەوە کە منداڵان فێریان دەبن، لە دایکان و باوکان و لە ئەندامانی خێزانەکانیان یا لە مامۆستاکانیانەوە وەریان دەگرن.. بێگومان دەوروبەریش بە ئەرێنی و بە نەرێنییەوە، کەم یا زۆر کاریگەریی لەسەر گوزارشت و لەسەر کردارەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵان هەیە و دەبێت.

لەبەر رۆشنایی ئەو گرنگییانەی سەرەوە، کە لە سایەی راستگۆیی وراستکرداری لەگەڵ منداڵاندا دێنەدی.. پێویستە هەر لە منداڵییەوە، منداڵان بە راستگۆیی و براشکاوی و بە راستکرداری گۆش و پەروەردەیان بکەن و رایان بهێنن.. بۆ ئەوەی دەق بە راستگۆییەوە بگرن و ببێت بە بەهایەکی پیرۆزیان و بە بەشێک لە ژیانیان، بڕوا متمانەیەکی زیاتریشیان بە خۆیان هەبێت و دەروون و ویژدان ئاسوودەبن و بە ئەوپەڕی ئازایی و ئازادیی و راستیشەوە رووبەڕووی تەگەرەکانی ژیانیان ببنەوە.. تا لە دڕۆ و لە دۆزنانیش دووربکەونەوە.. بە پێچەوانی منداڵی راستگۆوە، منداڵی درۆزن ترسنۆک دەبێت و بڕوا و متمانەی بەخۆی نییە و، دەروون و ویژدان ئاسوودە نییە.
زانایانی پەروەردە و دەروونناسی منداڵان،جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە ئەو ئەرێنییانەی لە سایەی راستگۆییدا دێنەدی، هەرگیز بە سزادان و بە لۆمەکردن و توڕەیی و توندوتیژی نایەنەدی.
راستی رەمەکییە و لەگەڵ لەدایکبوونی مرۆڤدایە، بەڵام درۆ خەسڵەتێکی فێربوون و وەرگرتنە.. جاری وەهاش هەیە، منداڵ کە کارێکی هەڵە دەکات، لە ترسی سزادان و لۆمەکردن، بۆ پاکانەکردن و نکووڵیکردن، پەنا بۆدرۆ دەبات و راستی دەشارێتەوە.

هەر لە منداڵییەوە، منداڵەکانتان لەسەر راستگۆیی و راستکرداری پەروەردە بکەن و رایان بهێین.. لە منداڵییەوە لە درۆ دووریان بخەنەوە، ئەگەر درۆشیان کرد بە ( درۆزن ) ناویان مەبەن بەڵکە و بە ( هەڵە ) ناویان بەرن.. هۆکاری هەڵەکانیان بزانن و، هەر بە منداڵی چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزنەوە، گەر پێویستیش بوو، پرس و رای شارەزایانی دەروونناسی منداڵان وەربگرن بۆ ئەوەی درۆ نەبێت بە نەخۆشی و خووی منداڵەکانتان.. بێگومان ( خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن)

 چۆن راستگۆیی فێری منداڵەکانتان دەکەن..؟
١ـ پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان، بە راستی و دروستی رەفتار لەگەڵ منداڵەکانتان بکەن.. ئێوە ببن بە پێشەنگ و بە سەرمەشق بۆ منداڵەکانتان.. گەر ئێوە راستگۆ و راستکردار و بەڵێن راستبن بێگومان منداڵەکانیشتان وا دەردەچن.. کورد دەڵێ: گەورە ئاو دەڕێژێت.. منداڵیش پێی تێدەنێت.
بەداخەوە ـ لە گەڵ رێزم بۆ دایکان وباوکان ـ هەندێ لە دایکان و باوکان، خۆیان منداڵەکانیان فێری درۆدەکەن، بۆ نموونە کە یەکێ لە دەرگایان دەدات، رەنگە خۆیان مەزەندەی ئەوە بکەن کە کێیە و بۆ چ مەبەستێک هاتووبێت، بە منداڵەکەیان دەڵێن: تۆ بڕۆ دەرگاکە بکەرەوە و هەر کەسێ بێت بڵێ:  باوک و دایکم لە ماڵ نین ـ لە کاتێکدا کە لە ماڵیشدان ـ .. لێرەدا منداڵ دایک و باوکی بە درۆزن دەزانێت، لەوانەیە ئەمیش فێری درۆبێت و، بۆ رایکردنی کار و مەبەستێکی خۆی درۆبکات.

٢ـ پێویستە بە راستی و بە دروستی، بە پێی تەمەن و هۆشیان، وەڵامی هەموو پرسیارەکانی منداڵەکانتان بدەنەوە.. دیارە کە منداڵ زۆر دەپرسێت، جاری واش هەیە کە پرسیاری سەیریش دەپرسێت.. چونکە زۆر شت هەیە کە منداڵ نایزانێت و دەیەوێت بیزانێت.. بە هیچ شێوەیەک بە
درۆ مەیانخەڵەتێنن، یا وەڵامی ناتەوایان مەدەنەوە، بۆ ئەوەی لە کۆڵی خۆتانیان بکەنەوە.. بیر لە وەڵامێکی راست و گونجاو بکەنەوە، کە لەگەڵ تەمەن و هۆش و توانی تێگەیشتنیان لەباربێت.

٣ـ وریای ئەوەبن کە منداڵەکانتان چی دەڵێن و، چۆن لەگەڵ درۆکانیاندا مامەڵەی گونجاو دەکەن..
بە درۆزنن ناویان مەبەن،، بەڵکو پێان بڵێن ئێوە هەڵەن و، پێویستە هەڵەکانتان راست بکەنەوە.

٤ـ بەڵێنی ئەوتۆ بە منداڵەکانتان مەدەن کە لە تواناتاندا نییە بیانهێننە دی.. بۆ نموونە بڵێن بەیانی دەتانبەین بۆ (چاڤی لاند) یا (پارکی منارە) یا هەر بەڵێنێکی لەم شێوەیە.. گەر بەڵێنەکەتان جێبەجێ نەکەن، منداڵەکانتان بە درۆزنتان دەزانن و، چیتر بڕوا و متمانەیان بە بەڵێنەکانتان نامێنێت.

هاوڕێیەکم لە گەڵ هاوڕێیەکی (نەرویجی) یدا یەکماڵن و هاتوچۆی ماڵی یەکتری دەکەن، هاوڕێکەی خوشکێکی منداڵی بچکۆڵەی رووخۆش و ئێسک سووکی هەیە، گاڵتە و قسەی خۆش لەگەڵ ئەم منداڵەدا دەکا، جارێکیان بەڵێنی بەو منداڵە دا، کە هەفتەی داهاتوو، دیارییەکی جوانی بۆ دێنێت، هاوڕێکەم وتی: ئەو بەڵێنەم دا و لە بیرم کرد، کە هەفتەی داهاتوو چووم بۆ ماڵیان، هەر لە دەرگاوە دایکی هاوڕێکەم پێی وتم، دیارییەکەت بۆ کچەکەمان هێناوە؟ وتم لە بیرم چووە، پێی وتم بگەڕی دواوە و بڕۆ بیکڕە و بیهێنە، با کچەکەم بە درۆزنت نەزانێت، حەزناکەم بەڵێنی درۆ بدەیت.

٥ـ کە منداڵەکانتان بە راستگۆیی و بە راشکاوی دەدوێن، پێویستە ستاییش و ئافەرینیان بکەن، ئەم ستایشکردنە دەبێتە فاکتەرێکی هاندان و، زیاتر گرنگی بەو لایەنانە دەدەن کە ئێوە پێتان خۆشە، فێری ئەوەش دەبن کە بە ئازادییەوە دان بە هەڵەکانیاندا بنێن و درۆتان لەگەڵدا نەکەن.

( جۆرج واشنتەن ) کە ـ یەکەمین سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو ـ کاتێ کە منداڵ بوو، دارێکی شیلان لە باخچەکەیاندا دەبێت.. بە تەورێک لە ناوقەدەوە دارەکە دەشکێنێت.. کێشەی لەوەدا نەبوو کە دارەکەی شکاند، بەڵکو ئەوەبوو کە باوکی زیاتر حەزی لەو دارە بوو.. جۆرج دوچاری ئەم کێشەیە بوو، کە باوکی بەمە بزانێت زۆر تووڕە دەبێت.
لەوانەیە بە رەمەکیی یەکەم، لە دۆخێکی وادا، منداڵ درۆ بکات و پاکانە بکات و نکووڵی لێبکات. بەڵام ئەم منداڵە سەرۆکە ـ جۆرج ـ بەرپرسێتی کارەکەی هەڵگرت و بە راشکاوی لە بەردەم باوکیدا دانی پێدانا و وتی: ناتوانم بە درۆ بڵێم من نەبووم.

٦ـ ئەگەر منداڵێکتان چەند جارێک درۆکانی دووبارە بکاتەوە، پێویستە سزای بدەن.. بۆ نموونە بۆ ماوەیەکی دیاری کراو قسەی لەگەڵدا مەکەن، دوای ئەو ماوەیە، هۆی قسەنەکردنتان لەگەڵیدا بهێننەوە یادی، جەخت لەسەر راستی بکەنەوە و، ئەوەشی پێ بڵێن: ئێمە لە قسەی درۆ تووڕە و دڵگران دەبین.. دەتوانن چیرۆکی ( شوانێكی درۆزن )ی بۆ بگێڕنەوە، کە وەکو فیلمێکی کارتۆنیش تۆمارکراوە، دەتوانن پیشانی بدەن، تا پەند لەو شوانە درۆزنە وەربگرێت.. کە جاری یەکەم بە درۆ هاواری کرد گورگ پەلاماری مەڕەکانی داوم، کە خەڵکی بەهانایەوە چوون، پێیان پێکەنی.. بەڵام لە جاری دووەمدا، کە بە راستی گورگ پەلاماری مەڕەکانی دان و هاواری کرد خەڵکینە فریام بکەون، گورگ پەلاماری مەرەکانی داوم، بەڵام کەس بڕوای پێنەکرد وایانزانی وەکو جاری پێشوو درۆ دەکا.

٧ـ ئەو چیرۆکانی کە دەربارەی راستین و بۆ منداڵان نووسراون، بۆ منداڵەکانتانی بخوێننەوە یان بە جوانی بۆیان بگێیڕنەوە.. شارەزایانی بواری پەروەردەی منداڵان دەڵێن: ئەو چیرۆکانەی کە جەخت لەسەر لایەنی ئەرێنی دەکەنەوە و، خەسڵەتە جوان و باشەکانی وەکو راستگۆییان لەخۆگرتوون، رەنگدانەوە و کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر منداڵان هەیە.. توێژێنەران ئەو راستییەشیان بۆ دەرکەوتووە، کە لە دوای بیستنی ئەو چیرۆکانەی کە بەها و بایەخی راستییان لەخۆگرتوون، تێکڕای درۆ لە لای منداڵانی گوێگرتووی ئەو چیرۆکانە زۆر دابەزیوە.

٨ـ رێ لە ئازادیی منداڵەکانتان مەگرن، با بە راستگۆیی و بە راشکاوی گوزارشت لە راو بۆچوونی خۆیان بکەن بکەن و، بەبێ ترس ئەوەی لە ناخی دڵ و هۆش و خەیاڵیاندایە دەریان بڕن.

٩ـ هەموو منداڵێک فۆبیای دەرزی لێدانی هەیە.. ئێمەش کە منداڵبووین لە دەرزی لێدان دەترساین، کە منداڵێک لەو پزیشکە بپرسێت کە دەیەوێت دەرزیی لێبدات.. دێشێت یا نایەشێت؟ پێویستە پێی بڵێت: بەڵێ دێشێت. بەڵام ئەگەر پێی بڵێت نا نایەشێت.. کە دەرزییەکەی لێدا و ئێشی هات.. منداڵەکە بە پزیشکە دەڵێت: تۆ بۆ درۆت لە گەڵمدا کرد و وتت نایەشێت.. ئەی ئەوە نییە دێشێت.

١٠ـ هەندێ درۆ ناویان لێناوە ( درۆی سپی ) رەنگە بۆ هەندێ کات و دۆخ لەباربێت.. بۆ نموونە کە شرووبێکی تاڵ و ناخۆش دەدەن بە منداڵەکەتان، بۆ ئەوەی کۆکەکەی چاکبێتەوە.. منداڵەکەتان دەگری و نایخواتەوە.. دەتوانن بڵێن پزیشکەمان وتی: منداڵێک دەکۆکی لەم شرووبەی خواردەوە کۆکەی چاکبۆوە.. دەی ئافەرین تۆش ئازای دەتوانیت بیخۆیتەوە و وەکو ئەو منداڵە چاکبیتەوە.. منداڵەکەشتان کە کۆکەکەی بێزاری کردووە و حەز بە چاکبوونەوە دەکات.. رەنگە بڕوا بەو درۆ سپییەی دایکی بکات و، بە ناچاری و نابەدڵیش بێت، شرووبە تاڵ و ناخۆشەکە بخواتەوە.

رەزا شوان
نەرویـج: ٢٠١٦