بریتانیا : بە رێپێوانی جەماوەری گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ١٥ شۆبات بۆ سەر ئۆجالان شەرمەزاركرا خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی دژی تره‌مپ وتریزا مه‌ی له‌به‌ریتانیا لە دوانزە کاتژمێردا زیاتر لە حەوت سەد هەزار واژۆکراوە بۆ رەتکردنەوەی سەردانی ترەمپ بۆ بەریتانیا بریتانیا : بە بۆنەی ٧١ سالرۆژی دامەرزاندنی کۆماری کوردستان ، موداخەلەی داگیرکەران بە ئامانجی شەری کوردکۆژی مەحکووم کرا هەژدەیەمین دادگایی نیوان چاودێریی دارایی و شارەوانی سلێمانی بەڕێوە چوو ناوازە: پیری زەردەشتیانی کوردستان، ئاڵای کوردستانی کردە ملی کونسوڵگەریی دەوڵەتی فەلەستین سیستەمی تەندروستی بریتانی لەئینگلەند لە قەیرانێکی یەکجار قوڵدایە نه‌سرین عه‌بدوڵا: 601 ژنى ئێزدیمان له‌ ده‌ستى چه‌ته‌کانى داعش ڕزگار کردوه‌ جەلالی سام ئاغا: من هیچ پۆست و وەزیفەیەک وەرناگرم کاردانه‌وه‌کانی تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووس شوکری زینه‌ددین به‌رده‌وامه ناوه‌ندی زاگرۆس داوا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ بارودۆخی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی توركیه مەلا کرێکار دەستگیر کرایەوە لە فیستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران رێز لە سینەماکاری کورد هووشەنگ میرزایی گیرا جەلالی سام ئاغا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم دەست نیشان ئەکرێت مەلایەك دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر کچێکی ١٠ ( دە) ساڵە ڕێککەوتنە نەوتییە٥٠ ساڵییەکەی مەسعود بارزانی و تورکیا هەڵدەوەشێتەوە

هه‌واڵی تایبه‌ت

چاوپێکەوتنی عێراقیەک لە هەندەران

07/08/2016 14:20:39 نوسەرانی تر


ن. پەشێو حەمەد ئەمین
* خەڵکی کوێیت ؟
- من عێراقیم
* بۆ وڵاتی خۆت بە جێهێشت و بۆ ئێرە هاتی ؟ 
- باسی وڵاتم بۆ دەکەی ، کامە وڵات ئەزیزم ؟ دەزانی من بام لە جێگای تۆ، شەرمم دەکرد لە کردنی وەها پرسیارێک !!
* بۆ چی شەرم بکەم ؟
- بیرم دێتەوە لە قۆناغی سەرەتایی خوێندنما لە لادێکەمان، ڕۆژێکیان بەڕێوەبەری خوێندنگاکە پێی وتین : بۆ سبەی باوکی هەمووتان لێرە ئامادە دەبێت، تا لە مەڕ ئەخڵاق و ئاکار و ئاستی زیرەکیتان قسەیان بۆ بکەین .
بۆ سبەی باوکی هیچ کام لە قوتابیەکان ئامادە نەبوو بە خۆشمەوە، بەڵام دایکی هەموومان ئامادە بوو، بەڕێوەبەر زۆر بە توڕەییەوە کە بینی هیچ باوکێک نەهاتووە، ڕووی کردە ژنەکان و سکاڵای دەکردو هاواری دەکرد، من پێم وتن باوکیان ئامادە بێت، ئێوەم بۆ چی هاتوون، مەگەر نازانن زۆرێک لە مناڵەکان هێندە لاسارن بە باوکیان نەبێت تەمبێ نابن، خۆ من وانە دەربارەی چاڵاکیەکانی ژن ناڵێمەوە لە ڕۆژانی سک پڕیدا، ئێوەم بۆ چیە ؟؟
لەو ساتەدا دایکم بە گریانەوە هەستایەوە و فەرمووی ' ئیدی پێویستمان بە وانەیەکی لەو جۆرە نیە و، جارێکی تر هیچ ژنێک سک پڕ ناکاتەوە ، جەنابی بەڕێوەبەر دڵنیا بە لەوەی ئیدی هیچ باوکێک لێرە ئامادە نابێت' دواتر جەنابی بەڕێوەبەر لە شەرمان سورهەڵگەڕا و هەر کە زانی تەواوی قوتابیەکان بە بێ باوکن خەجاڵەت ما . 
ببورە، جا پرسیارەکەی تۆش لە چیرۆکی ئەو بەڕێوەبەرە دەچێت، لە وڵاتێک دەپرسیت کە تەنها ناوێکە و بێ ناوەڕۆک، پایەکانی هەموو ڕوخاون و هیچ سیمایەکی دەوڵەت بوونی پێوە دیار نەماوە.
* دەتوانیت باسی ژیانم بۆ بکەیت لە عێراق ؟ 
- پێش ئەوەی وەڵامبدەمەوە حەزدەکەم جەنابتان پێم بڵێن مەفهومی ژیان لێرە چیە و چی دەگەیەنێ ؟ ئەوسا لەوانەیە منیش بتوانم کورتەیەکتان لەو بارەوە بۆ باسبکەم، چونکە لە وڵاتەکەی من تەنها مردن هەیەو، زۆری دەوێت تا بیرم بێتەوە کە ژیان چیە !!
* بەڕێزم بە گشتی ژیان لە ئەوروپاو بە تایبەت لێرە، لەو پەڕی ئارامی و سەقامگیریدایە، دەوڵەتان هەزاران ئۆفەر پێشکەشی گەلەکانیان دەکەن تا شاد بژین، گشت هاوڵاتیان بەیەک چاو تەماشا دەکرێن، واتە سەرۆکی دەوڵەت و کرێکارێکی هێڵی شەمەندەفەر هیچ جیاوازیەکیان نیە. 
برسێتی و قات و قڕی نیەو، کارەباو ئاوی بەردەوام و گشت جۆرە خزمەتگوزاریەکان بەردەوامن، مرۆڤەکان بەپێی پسپۆڕی خۆیان کاردەکەن و مافی خۆیان وەردەگرن، ئەوەی توانای کاریشی نەبێت حکومەت ژیانی لە ئەستۆ دەگرێت و بەڕێوەی دەبات. 
جگە لە پیشەی سەرەکیان، خەڵکی لێرە زیاتر سەرقاڵی جوانکردنی باخچەو بە خێوکردنی سەگ و گەشت و یاری و ڕۆیشتن بۆ هۆڵی سینەماو شانۆ و کۆنسێرتی مۆزیک و نادی شەوانە و سێکس و ئەو شتانەن . 
ئا ئەوەیە مەفهومی ژیان لەم وڵاتە، ئیستا بیرت کەوتەوە ژیان چیە ؟؟
- سوپاس، بەڵێ بیرم کەوتەوە، بەڕاستی دڵنیاییەکی زۆری دەوێت کە من لە کەوکەبێکی تر نیم ، بەڕێزم ژیان لە وڵاتەکەی من واتای خۆی لە دەستداوەو جۆرێکە لە مردن. 
مرۆڤەکانی هێندە برسین، گژو گیا ژەمێکی خواردنیانەو خەریکە ڕەنگی خاک دەگرنە خۆ، پێم سەیرە باسی سەگ دەکەیت! ئاخر لەوێ مرۆڤەکان سکی خۆیان پێ تێر ناکرێت، ئیدی لە کوێدا هاوەڵی سەگیان پێ دەکرێ و خزمەتی ئەویش بکەن .
لەم ڕۆژانە بیستم گوایە زۆرێک لە مرۆڤەکانی ئیرە خوێن ببینن لە هۆش دەچن ، سەرسام بووم و بە ڕاستی تاسام ! لە ڕاستیدا چۆن شۆک نەبم ؟ لە نیشتمانەکەی مندا دەرگای ماڵێک نیە یادگاری کوشتنی مرۆڤێکی لێ نەبێت، شۆستەیەک نادۆزیەوە دەیانی لە سەر تیرۆر نەکرابن، لە مەڵبەندی هەر شارێک ئاسەواری سەدان تەقینەوە بەجێماوەو بە ئیستاشەوە بەردەوامە، لە گەڵ لێزمەی بارانا لە ژێر هەر بستەخاکێکدا، لاشەی هەزاران گەنج و پیرو ژن و مناڵ سەرئاو دەکەون. زۆر جار دەڵێم :
گەر لاشەی مرۆڤ 
گەڵاو گوڵی گرتبا لە ژێر خاکدا 
ئیستا نیشتمانی من 
جوانترین بەهەشت بوو لە دونیادا
بەڵێ ڕۆژ نیە تراژیدی ترین چیرۆکی مەرگ لە وڵاتەکەی من نەنوسرێتەوە، هەر بۆیە ڕومکردە ئەم وڵاتە، چونکە نامەوێ مەرگنامەی منیش لە نێو پەڕەی چیرۆکێکی تراژیدی تردا بنوسرێتەوە. لەوێ ژیان هێندە سەخت بووە، کەس توانای ململانێی نیە لە گەڵ مەرگا.
ئیدی من بێزار بووم لە لە دیمەنەکانی کوشت، لە دەنگی تەقینەوەی لەناکاو، لەو هەواڵە دڵتەزێنانەی ڕۆژانە لە بەرەکانی جەنگەوە دێن، لە بینینی ئەو فرمێسکانەی لە چاوی دایکما دەڕژێن، لە هاوارو سەدای ئەو مناڵانەی بۆ قومێ شیر خەریکە دمرن. 
هەڵە نەبم گوێبیستی وشەی "سێکس" بووم، ڕاستە ؟ دەزانی لە وڵاتەکەی مندا شتێک نەماوە بە ناوی سێکس، پیاوەکانمان هێند شەهید بوون، بە ملیۆنان ژن بێ پیاو ماونەتەوە و ئیدی سێکس لە ژیانیاندا بووە به مێژوو .
ژیان لێرە چەندە جوانە، من بۆ بینینی ئەو جوانیە هاتووم، هاتووم تا مرۆڤ بوونی خۆم بەڵگەدار بکەم، چونکە سەلماندنی دەوێت کە ئێمە نەوەی ئادەم بین، ئێمە زیاتر لە نەسلی ئەو ئاژەڵانە دەچین، کە خۆ خۆرن و گۆشتی یەکدی دەهاڕن، بەڵێ ئێمە ئەو جۆرە ئاژەڵەین.
سەرنجم داوە خەڵکی لێرە لە کەنار دەریاکاندا ڕۆمانسی دەبن بە بینینی دیمەنی مانگ، لە ڕاستیدا ئێمە دەریامان نیە تا مانگ لە نێویا هەڵبێ ، بەڵام ڕوبارمان هەن و پڕن لە خوین، لە خوێنی ئەو مرڤانەی هەر لە زەمەنی حەسەن و حوسەینەوە دەڕژێ تا بە ئەمڕۆ، تەنانەت ماسیەکانیش ڕەنگیان سور بووەو تامی گۆشتی مرۆڤ دەدەن، ئاخر مانگ بەو هەموو جوانیەوە چۆن بتوانێ لە وەها ڕوبارێک هەڵبێ !!
ئێمە لەوێ نە خاوەنی دەوڵەتین و نە سەرۆک، لە ڕاستیدا هەن، بەڵام مافیا گەلێگ بەڕێوەی دەبەن، بۆیە نە کارەباو نە نان و نە ئاو و نە دیمۆکراسی و نە هیچ شتێک بوونی نیە ! 
"کرێکاری وێستگەی شەمەندەفەر" جوانە ههههههه، ئێمە تەنها لە فیلمەکاندا شەمەندەفەرمان بینیوە ، تەنها ئۆتۆمبێلمان هەیەو ئەویش زیاتر بۆ جوانیەو لە تابلۆیەک دەچێت، چونکە نە سوتەمەنی هەیە تێیبکرێت و نە ڕێگاش هەیە پێدا بڕوات.
ئا ئەمەیە واتا ڕاستەقینەکەی ژیان لە (عێراق) ڕونتر بڵێم وڵاتی مەرگەسات.
ئێمە کە هاتوین بۆ ئێرە، دەمانەوێ لەو مەرگە ڕزگارمان بێت و ئیتر وەک مرۆڤێک بژین. لانیکەم وەک ئەو کرێکارانەی لێرە لە وێستگەکانی شەمەندەفەر یا کارگەی ڕستن و چنین کاردەکەن، کە هیچ نەبێ کەڕامەت و شکۆیان پارێزراوە، بیستومە ئێوە مرۆڤدۆستن و ڕێز لە بەهاکانی مرۆڤایەتی دەگرن، بۆیە چانسێکی ئێجگار مەزنە وەک مرۆڤیش نەبێت، بەڵکو وەک سەگێک قبوڵمان کەن، چونکە ئەوەی لێرە بۆ سەگەکان ڕەخساوە، ئێمە بە تەواوی ژیانمان لەوێ وەک مرۆڤێک پێی ناگەین.
دەزانم بۆ ئێوە سەختە لە تراژیدیای مەرگەساتەکانی ئێمە تێبگەن، چونکە ' مرۆڤێک کە نەسوتابێت، هەرگیز لە گڕی ئاگر تێناگات، مرۆڤێک لە دەریادا نەخنکابێت، ناترسێت لە کەڵبەی تیژی نەهەنگ '
تکایە ڕزگارمان کەن 'مردن خەریکە ژیانمان دەخوات' .